١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەسەڵات لە وشەی دەسەڵاتدا!!

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

لەم ڕۆژانەدا هەواڵێکی سیاسیم دەربارەی وشەی دەسەڵات خوێندەوە، با جارێ باسی هەواڵەکە نەکەم، باسی وشەی دەسەڵات بکەین. دەسەڵات ناوە، سیفەتە و کاریشە، لە هەمان کاتدا هێز و پێویستی بوونی کردەیەکەی فراوانە، کە خەڵک هەمیشە بە پرسیار و ئەگەر و نیگه‌رانی و گریمانە و تێڕامانەوە دیقەتی لێ دەدەن. هیچ زانستێک ناتوانێت وەکو تیۆری پراگماتیک شیکردنەوە بۆ دۆخ و دەوروبەری بەکارهێنانی وشەی دەسەڵات بکات.

لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزدا بەرانبەر وشەی ( Authority) بەکارهێنراوە، واتای کارتێکردن لە سایەی بەکارهێنانی هێز بەرانبەر کۆمەڵێک خەڵکە، یان حوکمە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا. ئاراستەی ڕەوشتی کۆمەڵێک کەسیش دەگرێتەوە، کە کارتێکردنیان پێوەدیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسا تەشریعیەکان، کە خودی دەسەڵات لە لوتکەی پێگەی بەرێوەبردن بەدەستیهێناوە. 

هەر گاڤێک دەسەڵات بۆ هێزێکی سەرکوتکار دەگۆڕێت، واتای وشەی دەسەڵاتیش شێوە و مەبەستێکی دیکە پەیدا دەکات، یان لە هێزێکی مرۆیی و بەرێوەبردن و یاسایی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی توندوتیژانە، دوای ئەوە چەمک و پێناسە سروشتییەکەشی وەکو خۆی نامێنێت. 

لە نێو هەر وشەیەکدا دەسەڵات و هێزێک هەیە، هەندێکیان هێزدارن بە توانا و بنەما یاساییەکەی، هەندێکیشیان هەڵگری تۆوی ئەخلاقی و ڕەوشتین، هەر هەمووشیان پەیوەندییان بە چوارچێوە و دەوروبەری بەکارهێنانییەوە هەیە. دەسەڵاتێکی ڕەوا، پێناسەکەی سەرچاوە لە بیرکردنەوە و کاردانەوە و هەست ونەست و گوتاری خەڵکەوە دەگرێت.

با بگەڕێینەوە سەر هەواڵە سیاسییەکەی (دەسەڵات). چەند ڕاگەیاندنێکی عەرەبی بڵاویان کردەوە، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناوی دەسەڵاتی فەلەستینی لە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆی سڕیوەتەوە". بەڵێ جەخت لەسەر وشەی "دەسەڵاتە". بۆ پێناسەی فەلەستین گەڕاوەتە سەر "خاکی فەلەستین". ئەمەش لای ئەو ڕاگەیاندنانە بەوە لێکدراوەتەوە وشەی "دەسەڵات" لە ناوی "فەلەستین" فتکراوە و سڕێنراوەتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕازی بکەن، بەمەش فەلەستین لە دەسەڵاتەوە تەنیا بە خاکێک وەسفکراوە، لێرەدا هێزی بەکارهێنان و کاریگەری وشە، لەچەندین لەشکر بەهێزتر دەردەکەوێت.

بە کوردی و کورتی ئەوان باسی تەنیا سڕینەوەی یەک وشە، ئەویش "دەسەڵات"ە دەکەن، ڕاشکاونە ئاماژە بەوە دەکەن لەم کردە سیاسییەدا گوتارێکی سیاسی و دەروونی و پاساوهێنانەوە و جەنگی دەروونی و فشار و یاسای نێودەوڵەتی بۆ پێناسەی دەسەڵاتە سیاسی و ئیدارییەکان و پاڵپشتی لایەنێک بەرانبەر لایەنێکی دیکەی تێدا بەرهەمهێنراوە. من سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشم لەم کردە قسەیەدا کە تەنیا یەک "وشە" دەربڕینە، چەندین کار و کردەهەڵوێست و لێکدانەوە و پەیامی لەنێو گوتارەکەدا بەرجەستەکردووە، ئەویش تەنیا و تەنیا لە پەنای بەکارهێنانی لابردنی وشەی "دەسەڵات" کردۆتە گوتارێکی سیاسی وروژێنەری کاریگەری بەهێز.

دەسەڵات تەنیا وشەیەکە، بەڵام لەهەمان کاتدا یەکسانە بە قەوارەیەکی یاسایی و چارەنووسی میللەتێک و ناکۆکی و ململانێی درێژخایەنی مێژوویی و تێڕوانینی نێودەوڵەتی و شەڕی دیبلۆماسی و سڕینەوە دەسەڵاتێک، تەنیا لەڕێگەی سڕینەوەی وشەی دەسەڵات. ئەم کردەیەکە لە یەک چرکە ئەنجام دراوە، بەڵام یەکسانە بە سەدان ساڵ ناکۆکی و ململانێ و شەڕ و کارەساتەکان. 

کاریگەری و هێزی وشە و بەکارهێنان و دروستکردنی گوتاری سیاسی و دیبلۆماسی پەیوەستە بە چۆنیەتی بەکار‌هێنانی خودی پەیڤ و وشەکان.

لە هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژانە دەیان وشە و پەیڤ و دەستەواژەی هەمەجۆر لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و سیاسی و تەنانەت بەرپرسە باڵاکان و حزب و گروپە سیاسییەکان وەکو پێناسەی سیاسی و یاسایی بەکاردەهێنرێن، لەکاتێکدا بەکارهێنانی ئەم وشە و دەستەواژانە دەبنە هۆکار بۆ لاوازی و دابەشکردن و شێواندن و تەنیا بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و لەهەمان گاڤیشدا بار و دنەی ڕەوشتی و سیاسی و دەروونی ئەوانەش پیشان دەدات، کە لە دۆخی (لایەنگیری و ڕق و توڕەیی و ڕەخنە و دەرخستنی هەڵوێستی گروپەکان و ململانێ و پیلان و شەڕی دەروونی) دان. 

لابردنی وشەی دەسەڵاتی فەلەستین بۆتە جێگەی نیگەرانی ڕاگەیاندنی عەرەب، ئەی بۆچی ئەم هەموو سوکایەتی و سڕینەوە و تەنیا لەڕەگەوە دەرکێشانی هەرێمی کوردستان بەکردەوە، نەک بە وشە لەلایەن هەندێک گروپ و کەس و لایەنەوە نەبێتە جێگەی نیگەرانیمان.

وشە سەرچاوەی کردەو بەدیهێنانی ژمارەیەک کارە، بەکارهێنانی هەر وشەیەکیش گریمانەی پتر لە واتا و مەبەست و کردەیەکی لێ دەکرێت. وشەی سیاسی، یان یاسایی و ڕەوشتی دیارخەری پێگە و بەها و هێز و دەسەڵاتی دەسەڵاتن. کاتێک عەرەب بە هەرێمی کوردستان دەڵێن "باکووری عێراق" واتە سڕینەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و دەستووری هەرێمی کوردستان. 

بەکارهێنانی زمان "وشە و دەستەواژە"کان لەڕێگەی هێز و مەبەستی بەکارهێنانیانەوە دیاردەکرێن، هەرچەندە لەنێو ڕاگەیاندنی کورد بە"مەبەست بێت، یان بەگەمژەیی و نەزانین"ەوە، ڕۆژانە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەکو بەرێوەبردن دەسڕێتەوە، لەپێناو ڕازیکردنی گروپێک و سوکایەتی بەخود و سوک نیشاندانی ڕکابەرەکان و سوکایەتی بەگشت، هەموو نەریت و بەهایەک لە بەکارهێنانی وشە بەلاوە دەنرێت. بۆیە زۆر گرنگە لە بەکارهێنانی وشە و نیشانە و رەمز و هێماکاندا وەستاکار و لە دەربڕیندا وریا و لە داڕشتنی گوتنی زارەکی و قسەکانمان بە باڵادەستی لە کورتبینی دەرباز بین، وشەیەک دەتوانێت دەسەڵات دروست بکات و هەر بە وشەیەکیش دەتوانرێت دەسەڵات فتکرێت. ئەمەش هەمووی پەیوەستە بەو دەسەڵاتەی وشە لەنێو دەسەڵاتدا هەیەتی، یان ئەو دەسەڵاتەی دەسەڵات لەنێو وشەدا بەرهەمی دەهێنێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار