هۆشیار سیوەیلی لەگەڵ بریکاری وەزیری دەروەی پۆڵۆنیا کۆ بووەوە

وارشۆ-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی پۆڵۆنیا، ماچێی لانگ کۆ بووەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە ٢٨ی ٩ی ٢٠١٩، لە وارشۆ، پایتەختی پۆڵۆنیا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، کە بە سەردانێکی فەرمی لەو وڵاتەیە، چاوی بە بەڕێز دکتۆر لانگ کەوت. لەو دیدارەدا باس لە دواین پێشهات و بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی کرا. لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەڕێز لانگ باسی لە دواسەردانی خۆی بۆ ھەولێر کرد کە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت کۆ بووەوە. بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێز و کاریگەری لە هەموو بوارەکانی ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و ئابووری و پەنادانی لێقەوماندا. ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پاڵپشتیی حکوومەت و گەلی کوردستان.
پۆڵۆنیا ئەندامێکی چالاکی ھاوپەیمانیی نێودوەڵەتیی دژی داعشە. بەڕێز سیوەیلی سوپاسی پۆڵۆنیای کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاو و ھاوکارییان بۆ ئاوارە و پەنابەران. گرنگە هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە جێگای خۆیان، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە، لەبەر ئەوەی عێراق بە تەنیا توانای ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان نییە، کە لە بەشێکی زۆریاندا ژێرخانی ئابووری و دامودەزگاکانی دەوڵەت نەماوە. لە لایەکی دیکەوە، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە لەبەر نەبوونی ئاسایش و ئیش و کار کە بەربەستێکی دیکەیە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان. حکوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەزۆرناردنەوەی پەنابەراندا نییە.
لە تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنەدا باسی بارودۆخی ئێستای ھەرێم و عێراق و ناوچەکە کرا، بەتایبەتی داعش و پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروەی پارتی باسی لە بەرنامەی کابینەی نوێ و دەرفەتە ئابوورییەکانی کرد، کە پێویستە کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان ڕۆڵی تێدا بگێڕن و بێنە هەرێم و لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن. داوایشی کرد کە بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی پۆلۆنیا لە ھەرێمی کوردستان بۆ کونسووڵی گشتی گرنگە و پێویستە تاوتوێ و جێبەجێ بکرێت. لە کۆتاییدا هەردوولا ئامادەییی خۆیان دەربڕی بۆ بەردەوامبوون و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نیوانیان و کار بکەن بۆ فراوانکردن بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلی پۆڵۆنیا.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
