ئایینی خودا

ئاریان فەرەج
ئایین پەیامی خودایە بۆ مرۆڤ، كە خودا لوتكەی بەخشندەیی و لێبوردەیی بێت، بێگومان پەیامەكانیشی جگە لە رەحمەت و بەزەیی و خێرخوازی و یەكدی خۆشوویستن، هەر تەفسیرێكی دیكەی بۆ بكرێت، لادان و تەحریف و هەڵگێڕانەوە و گومڕاییە.
سەرۆك بارزانی لە دیداری زانایانی ئایینی و لە یادی دامەزراندنی یەكێتییەكەیاندا، پەنجەی لەسەر برینێكی راستەقینە دانا، ئەویش كەمتەرخەمی كۆی خواناسان و ئایینپەروەران و بە تایبەتیش زانایانی ئایینییە لەوەدا كە رێگەیان دا بازرگانانی شەڕ و پیاوكوژ و جاهیلان تا ئەندازەیەكی ترسناك ئایینی لێبوردە و ئاشتەواییخوازی ئیسلام بە لاڕێی توندرۆیی و شەڕانگێزی و تیرۆردا ببەن، لەو كارەساتەشدا جگە لەو خوێنە زۆرەی رژا و لەو كاولكارییەی رویدا و لەو قەسوەت و رق و توندرۆییەی چێندران، خودی ئایین و پەیامەكەی زەرەرمەندی یەكەم بوون.
جەهل و توندئاژۆیی و خوانەناسی كە دواجار لە داعشدا بە ترسناكترین شێوە خۆی نواند، بە هیممەتی مەردانەی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكە لەسەر زەوی تێكشكا و پاشەكشەی پێكرا، بەلام تەفسیری توندئاژۆ بۆ ئایین و ئیستغلالی نەزانی و ساویلكەیی گەنجانی موسڵمان هەر ماوە و لە بنەوە كاری خۆی دەكات، ئەو شۆڕشە كولتورییەی كە بۆ ووشككردنی ئەو فیكرە كاولكار و دژە ئینسان و دژە ئایینە پێویستە و دەبێ بە جددی و بە فراوانی بەرپا بكرێت، قەت بەبێ خوێندنەوەیەكی تۆكمەی میانڕەو بۆ پەیامی ئایین و مەقاسیدەكانی نایەتەدی، ئەو خوێندنەوەیەش تەنیا كاری منەوەران و روناكبیرانی مەدەنیەتخواز نییە و بە بێ رۆڵی میحوەریی زانایانی ئایینی مەیسەر نابێ.
كوردستان لە سەدری ئیسلامەوە، رۆوانگایەكی میانڕەوی بۆ ئایین هەبووە و كەم لە میللەتانی موسڵمان هێنەدی كورد زانا و عارفی میانڕەوی تێدا هەڵكەوتووە. بۆیەش هەمیشە سەرزەمینی پێكەوەژیانی ئایینەكان و لێبوردەیی بووە. گەڕانەوە بۆ ئەو روانگایە هاوشانی هیممەت و خەمخۆریەكی جددی زانایانی ئێستامان، گەرەنتی سەرپێكەوتنی پەروەردە و خوێندنەوەیەكی سەردەمیانەیە بۆ ئایین و پوچەڵ كردنەوەی كاریگەریی توندرۆییە لە سەر زهنیەتی موسڵمانان.
پێشمەرگەی كورد لە تێكشكاندنی ئالەتی عەسكەریی داعشدا، رۆڵی سەرەكی بینی، لە زانایان و شارەزایانیشمان وا چاوەڕوان دەكرێ لە تێكشكاندنی فكری داعشدا هەمان رۆڵ ببینن.




