گەمەی ترسناك

غازی حەسەن
ئێران بە قسان توندی دەکات و ئەمەریکا بە قسان ئێران دەلاوێنێتەوە و ڕۆژانەش سزاکوتیان دەکات. گەمەیەکی ئاڵۆز و کارێکی ڕۆشنە، کە دۆخی دیبلۆماسی و سیاسی و سەربازی بەرەو شیر لێکسواندن دەچێت.
عێراق بەشداری لەهێزی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ پاراستنی کەنداو ناکات، بەمەش دەبێتە لایەنگیری ئێرانی شیعەمەزهەب. موشەک بارانی نەوتی سعودییە گەمەیەکی قورسە، چونکە هەر بەتەنیا سعودییە و ئەمەریکا تووشی قەیرانی نرخی نەوت ناکات، بەپێچەوانەی ئەوروپاش تووشی قەیران دەبێت، لەهەمان کاتدا هانی سعودییە دەدات پتر بەرەو ئەمەریکا و بەهێزکردنی هێزی سەربازی لەناوچەکە بچێت.
گەمەیەکی ترسناك، تاکو لێدانی بۆڕی نەوتی ئارامکۆ، گرفت و قەیرانەکان سنووری ترسیان تێنەپەڕاندوو، بەڵام ئەمەیان گەمەی بەتەنیا شەیتانەکان نییە، بەلکو گەمەیەکی ترسناكانهیه، دۆزەخی بەدواوەیە. ئێران بەلوتێکی بەرز و لەخۆڕادیتنێکی کلاسیکی "کە تەنیا خۆیان خۆیان دەبینن" پێداگرن، بەڵام هەموو کەس هەست بەدڵەڕواکێ و نیگەرانی و ترسە ناوەخۆییەکانیان دەکات. سیاسەتی ترەمپیش لەناوەخۆی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ناجێگیر و کش مەلیکی بەردەوامی بەرپرسەکانی بەڕێوەدەچێت. زۆربەی دونیا متمانەیان بەشێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەتووی هەمیشە لەگۆڕانی ترەمپ نییە.
ئەمەریکا بەپێی قسە فەرمییەکانیان بیر لە بەکارهێنانی هێز لە دژی ئێران دەکاتەوە، ژمارەیەک بیرۆکەی ئاشکرای بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هەیە، بێگومان ژمارەیەک بەرنامەی نهێنیش هەیە. ئێرانیش هەڕەشە دەکات، ئەگەر ئەمەریکا پەلاماری بدات، شەڕی بەرفراوان و سەرتاسەری دژیان دەست پێ دەکات.
قسەکانی هەردوو وڵات بەرەو توندی و لێکخوێندن و هەڕەشەیە، لە کردەوەشدا ئێران لە ژمارەیەک بواردا خۆی خستۆتە ژێر رکێفی گومان و تێوەگڵان و بەرپرسیاریەتی لە کردەوەی تێکدەرانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەوانە گرتنی کەشتییەکان و درێژەدان بەپیتاندانی یۆرانیۆم و هەڕەشە و دواجاریش هێرشکردنە سەر بۆڕی نەوتی سعودیە. ئەمانە ئەگەر بە گەمەیەکی ترسناكانه بۆ لێدانی پێگەی ترسناكهكان بزانرێت، بەڵام ترسناكی نێو گەمەکانیش کارێکی پێچەوانەی ئەو دەکات.
ئەمەریکا بەدوای بەڵگەی تێوەگڵانی ئێرانەوەیە بۆ ئەوەی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە هاوکاری بیرۆکە و بەرنامەکانی خۆی بکات، سعودییە گەیشتۆتە دۆخێکی ترسناک، کە بەهێزی بوونی ئێران و فراوانبوونی دەسەڵاتی شیعەگەرایی لە ناوچەکە بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و هەتا مانەوەی خۆشی بزانێت.
فەرەنسا گەرێکی نیمچە هاوسەنگ بۆ گێڕانەوەی ئارامی دەستپێکردووە، بەڵام پێناچێت هەڕەشە و کاری شەیتانئامێزانەی هێز و گروپە تێکدەر و فرەخوازەکانی ئێران بیانەوێت سوود لە بۆچوونەکانی فەرەنسا وەربگرن. دەسەڵاتدارانی ئێران لە فەرەنساوە شایان دەرپەڕاند، لە قومەوە سەرکردایەتی شۆڕشی ئیسلامیان نەکرد، شا بە پشتێکردنی ئەمەریکاوە تەفروتونا بوو، نەک شتی تر، بۆیە ئەگەر ئارەزووی ئەوەیانە لەگەڵ ڕووسیا و بەلای خۆدا ڕاکێشانی ئەردۆگان بەرەیەکی فشارخولقێنەر دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دروست بکات، لەکاتێکدا ئاساییە لە سیاسەتدا ڕووسیا و تورکیاش لەگەڵ هەر نەرمی نواندنێکی ئەمەریکا، پشت لە ئێران بکەن. ئەمەریکا دەتوانێت سازش لەسەر زۆر مەسەلە لەگەڵ ڕووسیا و تورکیا بکات، بەڵام ئێران دەرفەتی سازشی لەگەڵ ئەو وڵاتانە زۆر لاوازە. ئێران دەیەوێت ئەوانە وەکو (لوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن) لەپێناوی بەهێزکردنی سەنگەری بەرگری خۆی بەکاربهێنێت. ئەوانیش دەیانەوێت ئەمەریکا بە ئێران بترسێنن. واتە بەرەیەکی پتەوی ستراتیجی بەرانبەر بەرەیەکی لاوەکی و بێ متمانە.
ئەوەی ڕوودەدات گەمەیەکی ترسناكانهیه، بەڵام دیار نییە شەیتانی نێو گەمەکان چۆن بڕیاری کۆتایی نەک لەبارەی گەمەکان، بەلکو سەبارەت بە سڕینەوەی بەرنامەی گەمە ترسناكهكان دەدات. هەموو ئاراستەکان بەرەو توندییە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە نیگەرانییەکی بێ سنوور لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵات دەڕوانێت.
ئێستا بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە دەست ئێرانە، ئەمەریکا لەگەڵ هەموو توندییەکیش کارتێکی بۆ دانوستان و دەرگاکردنەوە بەڕووی بەرپرسانی ئێراندا هێشتۆتەوە، عەقڵی یەکلاکەرەوەی ئێران پێیان وایە ترەمپ گەمژەیە و ئەمەریکاش بازرگانی جەنگ لەگەڵ سعودییە و کەنداو دەکات و توانای جەنگێکی یەکلاکەرەوەی دژی ئێران نییە. سەدامیش کاتی خۆی بەمجۆرە وەڵامی شا حوسێن و حوسنی موبارەکی دایەوە و گوتی "ئێمە بەهێزین و هەموو عەرەب لەگەڵمانە" و "لەژێر زەوی سوپای ئەمەریکا تەفروتونا دەکەین". ئێرانیش دەڵێت ئێمە بەهێزین و هەموو دونیا لەگەڵمانە" و دەتوانین "جەنگێکی بەرفراوان دروست بکەین". لە کردەوەدا ئەمە گەمەیەکی ترسناكانهیه، بەڵام دوا بڕیار لای گەمەکانە، نەک گەمەپێکراوەکان.
گرنگ گەلێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتە لەژێر هەژموون و بە فەرمانی ئەمەریکا و ئەوروپا دروستبوون و حوکمیان تێدا دەکرێت، ئێرانیش هەر وایە، لە فەرەنساوە سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد، دووریش نییە، لەوێ، یان ناوەندێکی دیکەی بڕیارەوە فت بکرێن. ئێران وا نیشان دەدات زانای هەرە پێشەوەن و لە ناسینی ترسناكهكان لەو سەری هاتوونەتەوە، لەهەمان گاڤیشدا گریمانەی ئەوە دەکرێت لە خۆناسین و ئاکامی کردە ترسناكهکانی خۆیان زۆر وریا نەبن، بۆیە دوورنییە باجی قورسی نەزانینی نەزانیی دووەمیان بدەن.




