شاندێکی سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

هەولێر-KDP.info- هۆشیاری سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە سایمۆن دوبینس، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و شاندی یاوەری کرد.
سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا یەکێکە لە بەهێزترین و کاریگەرترین ڕێکخراوەکانی ئەو وڵاتە و پێگەیەکی بەهێزی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا هەیە، کارەکانی تەنیا بریتی نییە لە هاوکاری و چاودێریی سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە کرێکارن، بەڵکو فرەوانترە و لۆبیی بەهێز دەکەن بۆ گەشەسەندنی سیاسەت و یاسای مۆدێرن لە جیهاندا بۆ پشتگری لە نەتەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکان، بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی.
سەرەتا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو سەردانە و هیوای خواست کە بتوانن پشتیوانی لە ڕێکخراوە ناحکوومی و مەدەنییەکانی کوردستان بکەن و لەو ڕێگەیەوە خزمەتی زیاتر بە کوردستان بکەن و ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندییەکانی نیوان ڕێکخراوەکانی کوردستان و بەریتانیا و جیهان. لە درێژەی دیدارەکەشدا باس لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی کرا، بەتایبەتی ئەو کاریگەریانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیانە و، بەڕێز سیوەیلی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: بەهۆی وابەستەبوون و پەیوەندیی نزیکی نێوان گەلانی ناوچەکە، هەر گرژی و ئاڵۆزییەک کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە گرنگیی ئەم قوناغە کردەوە، کە پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی تەواو لە چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکان دەکات لەسەر بنەمای دەستوور و داوای پاڵپشتیی نێودەوڵەتیش دەکات بۆ هاندانی حکوومەتی عێراق تاکو کێشەکانی بەپێی دەستوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە ژیان و گوزەرانی ئەو ئاوارە و لێقەوماوانەوە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، کە حکوومەتی هەرێم سیاسەت و یاسای بەزۆرناردنەوەی پەنابەران بۆ جێگاکانی خۆیان ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە ڕەوشی ئەو ناوچانە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاسایش و هەلی کارەوە زۆر خراپە.
بە شێکی دیکەی دانیشتنەکە گفتوگۆ بوو لەسەر شەڕی داعش و هۆکاری و دەرهاویشتەکانی کە تاکو ئێستا چارەسەر نەکراون و مەترسیی زۆریش هەیە کە نەوەیەکی دیکەی توندڕەو بەڕێوە بێت کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە. گرنگە هەمووان توانا و پەیوەندی و کاریگەرییەکانی خۆمان بەگەڕ بخەین، تاکو بتوانین بەربەست لەبەردەم ئەقڵیەتی توندڕۆییدا دابنێن و ژیانێکی شایستە و ئارام دابین بکەین، تاکو هەموو خەڵک خۆیان بە بەپرس بزانن، نەک گۆشەگیر بکرێن و ببنە بەشێک لەو هەڕەشەیە.
بەڕێز سایمۆن سوپاسی ئەو دەرفەتەی کرد و سەرسامیی خۆی پێشان دا لەمەڕ ئەو بەرەوپێشەوەچوونە ئابووری، کۆمەڵایەتی و یاساییانەی کە لە هەرێمی کوردستان بووە و لە لایەن حکوومەت و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت. بەڕێزیان دووپاتی هەڵوێستی نەگۆڕی خویانی کردەوە بۆ پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی کوردستان و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و، ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادەن بۆ هەموو پشیوانییەک لە ڕێکخراوە ناحکوومی و مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە هەموان بتوانن لە ڕێگایەکی ئارام و تەندروستەوە پشتیوانیی ئەو بۆچوونە بکەن کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنیا ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی. بەڕێز دۆبینس، ڕەوشی ناوچەکەی بە ناسک و دژوار وەسف کرد و ڕایگەیاند، کە ئەوان ئومێدەوارن باردۆخی ناوچەکە گرژیی زیاتر بەخۆوە نەبینێت، کە ببێتە هۆکاری لێقەومانی زیاتری خەڵکی مەدەنی. بەڕێزیان پێگەی هەرێمی کوردستانی بە کاریگەر ناو برد و هیوای خواست کە هەرێمی كوردستان بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەوپێشەوەچوون و چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و، ئەوانیش پاڵپشت دەبن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
