٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

کونسووڵی گشتیی نوێی بەریتانیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز جەیمس سۆرنتۆن، کونسووڵی گشتیی نوێی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و، ڤینەی ئانیکات، بەرپرسی بەشی سیاسیی کونسووڵگەریی گشتی کرد.

 

سەرەتا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پیرۆزباییی لە باڵیۆز سۆرنتۆن کرد و ڕایگەیاند، دیاریکردنی دیپلۆماتێکی بەئەزموونی وەک باڵیۆز سۆرنتۆن، کە لە ھەمان کاتدا جێگری باڵیۆزی وڵاتەکەیەتی لە بەغدا ئاماژەیەکی گرنگە، کە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا گرنگیی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدات. لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەڕێز سیوەیلی سوپاسی گەل و حکوومەتی بەریتانیای کرد بۆ ھاوکارییە بەردەوامەکانیان ھەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاکو ئەمڕۆ و پاڵپشتی بەهێزی هەرێم بوون لە شەڕی دژی تیرۆر و هاوکاریی هەرێم بو کۆتاییھێنان بە گرفتەکانی سەر ڕێگای.

 

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا باسی چەندین بابەتی پەیوەندار بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نیوان هەردوولا بوو. سیوەیلی گوتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکان. پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات بۆ بەرەوپێشەوەچوون و چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ. ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان پارێزراوا بن، دڵنیابن دەگەینە ڕێککەوتنێکی باش کە دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی زیاتر و ئاشتی بۆ عێراق و ناوچەکە. عێراق ناتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بەدەست بھێنێت ئەگەر مافی و داخۆازییەکانی گەلی کوردستانی لەبەرچاو نەگیرێت."

 

جەیمس سۆرنتۆن، کونسووڵی گشتیی بەریتانیاش پشتگیری و ھاوکاریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیشی کردەوە کە یەکێک لە ئەولەویاتی کارەکانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا و کونسووڵگەریی گشتی لە ھەولێر چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان بەغدا و ھەولێر دەبێت بەپێی دەستووری فیدراڵی. بەڕێز باڵیۆز سۆرنتۆن ڕایگەیاند، کە هەوڵی تەواو دەدەن بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار