٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info- شاندێکی ئابووری و بازرگانیی کۆمپانیاکانی کۆماری پۆلۆنیا بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەرتی بەشداربوون و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان و ئامادەکاری بۆ بەشداریی کۆمپانیا ناسراوەکانی پۆلۆنیا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، کە لە کۆتاییی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩دا ساز دەکرێت، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیاندا، شاندەکەی پۆلۆنیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیان کرد.

 

لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) شاندی نوێنەرایەتیی کۆمپانیانی پۆلۆنیا لە لایەن هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی مەکتەبەوە بە گەرمی پیشوازی کران. شاندەکە پێک هاتبوو لە کشیشتۆف ووجاک، کە بە نوێنەرایەتیی (٧) کۆمپانیای ناسراوی پۆلۆنیا و وەک سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکوومی داهێنانی کشتوکاڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری پۆلۆنیا بۆ دووەمین جارە لە ٢٠١٩دا سەردانی هەریمی کوردستان دەکات و، مارێک دێرداک، بەرپرسی پڕۆژەی "ئێم ئەند ئێم" و سەرۆکی بەشی ئاوەدانکردنەوە و بنیادنان و پیشەسازی و پسپۆڕی بواری دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی خۆراک و بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هەروا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی کوردی – پۆلۆنی.

 

هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ کشیشتۆف ووجاک، نوێنەری کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا و سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکوومیی داهێنانی کشتوکاڵی کۆماری پۆلۆنیا و ئەندامانی شاندەکەدا کۆ بوونەوە، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە تێروتەسەڵی تیشکی خستە سەر دەوڵەمەندیی خاکی کوردستان و سامانی مرۆیی و ژینگەی کشتوکاڵی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و لە چەندین بواری جێی بایەخی کۆمپانیاکانی پۆلۆنی و بیانی بۆ ئەنجامدانی وەبەرهیێنان لە هەرێمی کوردستان، هەروا داوایشی کرد کە ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵی پۆلۆنیا و کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا و ڕێکخراوەکانی تری هاوشێوە لە ئەوروپا هاوکار بن بە سوودوەرگرتن لە پسپۆڕی و داهێنانی کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا بۆ پێشخستنی داهینان لە بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پشت بە توانا ناوخۆیییەکانی خۆی ببەستێت، بۆ دووبارەبنیادنانی کەرتی کشتوکاڵی و پێشەسازی بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی خۆراکی. لە لایەکی تریشەوە بە ناوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگییەکیان پێشان دا کە بە هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژوورەکانی بازرگانی و وەزارەتی ئابووری و بازرگانی و پلاندانان و کۆمپانیا ناوخۆیییەکان ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وەبەرهینەرانی پۆلۆنی و کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا و بیانی کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و بڕیاری بەشداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا ناسراوەکانی پۆلۆنی و ئەوروپا و جیهانی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێری ٢٠١٩ دەرفەتێکی باش دەبێت کە بە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ژوورەکانی بازرگانی و کارسازانی کوردستان پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆلۆنیا و وڵاتانی تر فراوانتر بکرێت و پسپۆڕی کارسازان و کۆمپانیاکانی پۆلۆنی و ئەوروپایی خزمەت بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەتی لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا.

 

کشیشتۆف ووجاک، سەرۆکی شاندەکە و نوێنەری کۆمپانیاکانی کۆماری پۆلۆنیا ڕایگەیاند: ژینگەی کوردستان لە بواری کشتوکاڵی و ئاساییش و سەقامگیریدا لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و ڕێکخراوەکەیان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێم، یان وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت هاوکار بن بۆ بەرزکردنەوە و پێشخستنی ئاستی تواناییی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ پێداویستییە ناوخۆیییەکان، بەتایبەتی کە کاریگەریی کەشوهەوا لە ساڵانی ڕابردوودا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرچاوەکانی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا کە بە هۆیەوە هەرێمی کوردستان پەنای بردووەتە بەر هاوردەکردنی کاڵا و بەروبوومی خۆراکی لە وڵاتانی ناوچەکە کە بووەتە مایەی پشتگوێخستنی داهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی و بە هەدەردانی سەرمایەی داراییی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرمایەی کشتوکاڵی و ئاو و سامانی ئاژەڵی و خۆراک کە بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی، هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەرەو سەربەخۆییی ئابوورییەکی بەهێزتر هەنگاو بنێت. سەبارەت بە پرۆژەکانی داهاتووشیان لە هەرێمی کوردستان کە مەبەست لێی دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و پاراستنیان لە فەوتان و پێشخستنی سامانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەبێت، تاوەکو ڕێگە لە هاتنە ناوەوەی خۆراکی بیانی بگیرێت و سوود لە توانای کشتوکاڵیی جووتیاران و وەرزێرانی کوردستان وەربگیرێت لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا .

کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی شاند و نوێنەری کۆمپانیاکانی پۆلۆنی ڕایشیگەیاند: کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا و ڕێکخراوەکەیان لە چەندین وڵاتی ئەوروپایی و ئاسیای ناویندا چاڵاکن لە بواری وەگەڕخستنی کەرتی کشتوکاڵی و توێژینەوەی کشتوکاڵی و ئەم وڵاتانە سوودیان لە پسپۆڕی و ڕوانگەی ڕێکخراوەکەیان و کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا وەرگرتووە بۆ پشتبەخۆبەستن لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا بە ڕیگەی دابینکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی لە وڵاتەکانیان و لەم ڕێگەیەشەوە هەلی کاریان ڕەخساندووە بۆ گەنجان و پسپۆڕانی بواری داهێنانی کشتوکاڵی کە پشتئەستوور بن بە تواناکانی خۆیان و سوود وەربگرن لە تەکنیک و ئامرازی کشتوکاڵی بۆ پێشبڕكێ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و پشتبەستن بە تواناگەلی زاتی و ناوخۆییی کوردستان کە بە سوود وەرگرتن لە پسپۆڕی و داهێنانی کشتوکاڵیی کۆمپانیاکانی کۆماری پۆلۆنیا، هەرێمی کوردستانپرۆسەیەکی سەرکەوتوو لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا دەست پێ بکات و چاوەڕوانی ئەنجامێکی سەرکەوتوو دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا.

هەواڵی پەیوەندیدار