١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هێشتا سەعات نۆیە...!!

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

ئەنفال تاوانی قڕکردن و لەنێوبردنی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە، تاوانێکە لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی نێودەوڵەتی و  نێوەخۆیی و لەبەر کەم توانایی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان لەسەردەمی کارەساتی ئەنفالدا، ئەم تاوانە ترسناکە نەبووە جێگەی سەرنجڕاکیشانی ڕای گشتی دونیا، بەپێچەوانەوە وڵاتە مەزنەکان چاوپۆشیان لەتاوانەکانی رژێمی سەدام حوسێن کردو هاوکاریشیان کرد. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم بێدەنگیەیان بەشدارن لەدرێژەدان  بەقڕکردنی گەلی کوردستان. وڵاتە ئیسلامی و گروپیە ئیسلامییەکانیش بەبێدەنگیان، پاڵپشتی سیاسەتی جینۆسایدیان دژی گەلی کوردستانیان کرد.

ئێستاش گروپە عەرەبییەکانی عێراق ئامادە نین لەڕووی یاسا و دەستوورەوە دان بەم تاوانەدا بنێن، داوای لێبوردن لەگەلی کوردستان بکەن، قەرەبووی قوربانییەکانی ئەنفال و ڕاگواستن و سوتماکی خاکی کوردستان بکەن، بەپێچەوانەوە لەهەندێک ناوچەدا دەرفەتی جینۆسایدی (کوردی ئێزدی و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیاسەتی بەعەرەبکردنیان) درێژە پێداوە.

دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵی گوندشینی کورد لەبیابانی سەماوە، جارێکی دیکە ویژدانی مرۆڤایەتی و سیاسەت و ئەخلاق و بەها پیرۆزەکان دەخاتەوە بەردەم بەرپرسیاریەتی، دەبێت چ رژێم و دەسەڵات و ئەخلاقێکی ئاینی و سیاسی بەم جۆرە منداڵ و ژنی بێ تاوانی بەکۆمەڵ کوشتبێت و بەزیندوویی لەژێرخاکی نابن، لەتەک ئەوەشدا هێشتا چارەنووسی سەدان هەزار ئەنفالکراوی دیکەش دیار نەبێت، ئاین ئیستغلال بکرێت، بۆ ئەوەی کوردی موسڵمانی لەخوا ترس قڕ بکرێت.

کاتژمێری گۆڕەکەی سەماوە، ئێسک و پرووسکی منداڵ و ژنە بێدەسەڵاتەکانی نێو گۆڕەکەی سەماوە، قیامەت و جەهەنەم و دڕندەیی و ترس و تۆقاندن و ناخ هەژێن و ئازاربەخش و هاواری بێدەنگکراوی منداڵی برسی تۆقێندراوی کوردستان و ژنە ئازاردراوە بەستەزمانەکانی لادێکانی گەرمیان و کوێستان و بادینانیان پیشان دەدەن.

هێشتا سەعات نۆی بەیانییە..  کات بەدەستەوە ماوە ئازار و کوشتبڕ و گریان و هاواری منداڵە ئەنفالکراوە زیندەبەچاڵکراوەکان رزگار بکرێت، هێشتا سەعات نۆیە، دەتوانرێت جارێکی دیکە قیامەتی ئەو مەینەتی و ئازارە بگەیەنرێتەوە میدیا جیهانییەکان و ڕای گشتی دونیای پێ بجووڵێنرێتەوە.... هێشتا سەعات نۆیە، دەتوانرێت سەرکردایەتی سیاسی و لایەنە کوردستانییەکان و پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان بەدەنگ بێن، مێژووی ئازار و ناخۆشی و قڕکردنەکان بگەیننەوە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان..

هێشتا سەعات نۆیە، کاتێکی زۆرمان بەدەستەوە ماوە... دەزانم ناتوانین جارێکی دیکە ژیانی ئەو منداڵانە بگێڕینەوە، ناتوانین شیری دایکە ئەنفالکراوەکان بۆ دەمی زارۆیە برسییەکانیان بگێڕینەوە.. ناتوانین باوەش به‌ ئەنفالکراوەکانماندا بکەینەوە، بەڵام کاتی ئەوەیە هەموو بەیانییەک و هەموو ئێوارەیەکی سەعات نۆ، لەدەزگاکانی ڕاگەیاندندا خولەکێک بۆ رێزگرتن لەئەنفلاکراوەکان و ڕیسواکردنی فاشیزم و شۆڤینەتی بەعس و هاشێوە و  هاوفکرەکانیان تەرخان بکەین.. وێنەی ئەنفالکراوەکان پیشان بدەینەوە، با هەموو سەعات نۆیەک هەواڵی گەڕانەوەی ئازیزانمان پەخش بکەینەوە.. هەموو سەعات نۆیەک بەعارەبی و ئینگلیزی و تورکی و فارسی و فەرەنسی و ئەلمانی و هەرچی زمانی دونیایە بەجیهان بڵێین، لێرەدا سەدان ژن و منداڵی کورد و کوردستان لێرەدا بەزیندوویی لەژێرخاک نران..

هێشتا سەعات نۆیە، کاتێکی زۆرمان ماوە، بەنەوەکانی دوای ڕاپەڕین و لایەنە سیاسییەکان بڵێین، ئێرە ئەنفالستانە، نەک مۆدیلستان.. ئێرە بەرهەمی سەدان هەزار ئەنفالکراوە، نەک قسە و پاڵەوانیەتی سەر شاشەکان.. هێشتا سەعات نۆیە و دەرفەتی زۆر ماوە، لەجیاتی داوە قژی هەر ئافرەتێک و هەناسەی هەر منداڵ و زارۆیەکی ئەنفالکراو، هیوای هەر پیاوێک و مێرمنداڵێک سزای ئەنفالچییەکان بدرێت، سەرۆکی عێراق و بەرپرسان بەفەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکەن.

سەعات نۆیە.. باهەموو ڕۆژێک بەرنامەی یەکبوون و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی دابڕێژین.. با هەموو سەعات نۆیەک بەدونیا بڵێین ئێرە جێگەی بەیەکەوەژیان و یەک عێراق و یەک مرۆڤبوون نییە. هێشتا درەنگ نییە، ئەو کاتە تۆڵە و ماف و بەهای ئەو منداڵە ئەنفالکراو و ژن و پیاوانە بەدەست دەهێنێنەوە، کە گوتمان ئێرە "کۆماری دیموکراتی کوردستانە"، ئەوێش جەهەنەمە.. جەهەنەم!!  .

هەواڵی پەیوەندیدار