کێشەکە لای بارزانی نییە، لای خۆتانە!

هاودەنگ فاروق
بەڕێزێک بە ناوی سلێمان عەبدولا، وەکوو زۆربەی هەرە زۆری کادرانی باڵای یەکێتی، لە دانانی پاریزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکووک و لەبەرچاوگرتنی باری نالەباری ناوخۆی حزبەکەیان، داوای هاوکاری لە بارزانی دەکات.
لە راستیدا کێشەی یەکێتی، کێشەی پارتی و بارزانی نییە، بەڵکو کێشەی یەکێتی خۆیەتی، هەتا یەکێتی لە ژیان وژانی چەند سەرو چەند باڵدا بێت، کەس ناتوانێ هاوکاری یەکێتی بێت، جگە لە خۆی، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو حزبە لە سەر هیچ مژارێکی دەرەکی و نێوخۆیاندا کۆک نەبوون، ئاخر بارزانی چی ماوە بۆ یەکێتی بکات؟
ئەگەر یەکێک هەبێت لە دەرەوەی یەکێتی هەمیشە، قسەی خێر و هاوکاریی یەکێتی کردبێت، ئەوە هەر سەرۆک بارزانی بووە، کە داوای لێکردوون، لە نێوخۆیاندا کێشەکان چارەسەر بکەن و یەک سەرکردایەتی هامۆژەنیان هەبێت.
پەرتەوازەیی نێو یەکێتی وای کردووە، لە باتی ئەو حزبە ببێتە بەربار و بەرهەڵگرتنی پرسیارێتی، بۆتە سەربار بۆ هەموو پرسەکانی کوردستان، ئاستەنگە لە بەردەم بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک بارزانی ئەوەی پێویست بێت بە زیادەوە بۆ یەکێتی کردوویەتی، لەوە زیاتر چیتان بۆ بکات!؟ ساڵی ٢٠٠٩ وەختێک لێکترازان لە ڕیزەکانی یەکێتی ڕووی دا، حزبەکە لە لیواری ڕووخاندا بوو، ئەوە پارتی و بارزانی بوون، فریای یەکێتی کەوتن، داوای سەرۆکوەزیرانیان لە بارزانی کرد، تا باری لێژیان راست بکەنەوە، بارزانی ئەوەشی بۆ کردن .
برادەرانی یەکێتی دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، کێ بوو شەڕ و داکۆکییەکی سەرسەختی لە گەڵ شیعە و سوونە و ئەمەریکییەکان کرد، تەنیا لە پێناوی پشتگیریکردنی خوالێخۆشبوو مام جەلال تا لە خولی دووەمیشدا ببێتەوە سەرۆکۆماری عێراق؟!
دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالیش، ڕادەی دڵسۆزی و نیازپاکیی بارزانی وا بووە، ئەگەر مام جەلال نەخۆش بێ، یا نەمێنێ بەر لە هەموو کەس لە بارزانی چووە، بۆیە هەوڵی زۆری دا هاوکار بێت حزبەکەتان لە سەرپێی خۆیی بمێنێتەوە، ئەوسا لە ماوەی یەک هەفتەدا بارزانی دوو جار سەردانی سلێمانیی کرد و ڕۆژانە لەگەڵ سەرکردایەتیتان بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
هەقە برایێ نووسەر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی خۆیان پرسیار بکات بزانێ، سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە چ پەیامێکی هاوکاری و دڵنیایی بەردەوامی پێداون!
بەڵام بەداخەوە لە باتی قەدر و ڕێزی ئەو نیەتپاکی و پەرۆشییەی بارزانی بگرن، هاتن ئیشتان لە سەر گەلەکۆمەکێی ٢٣ی حوزەیران کرد، جەستەی نەخۆشی تاڵەبانیان بۆ دژایەتیی پارتی و هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکار دێنا، بەڵام پارتی بەرپرسانە و مەزنتر بیری دەکردەوە، لە ئانی کۆچی دوایی و هێنانەوەی تەرمی مام جەلالدا، مەراسیمێکی شکۆداریان بۆ ڕێک خستن.
بارزانی لە بەرامبەر یەکێتیدا نیازی پاک بووە، ئێستاش نیازی پاکە، تەحمولی زۆری لە بەرامبەر یەکێتی کرد، بە تایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕەنگە ئەو پشوودرێژییەی بارزانی، بۆ خوودی پارتی بە زەرەریش شکابێتەوە، بەڵام لە بەر بەرپرسیارێتی مێژوویی و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەمەی کرد.
کەواتە کێشەکە لە ڕوانگە و بیرکردنەوەی هەڵەی ئێوەیە، کە ئێستاش جەماوەری خۆتان لە سەر دژایەتیی پارتی و بارزانی، بە نەهجی ساڵانی حەفتاوهەشتاکان پەروەردە دەکەن، خۆتان ئۆباڵی دروستکردنی ئەو دۆخە نالەبارەن، لە کەرکووک بێت یان لە نێوخۆتاندا، کەواتە ئەبێ خۆتان ئیشەکە چاک بکەنەوە، بەخۆتاندا بچنەوە، چارەسەرلای خۆتانە، نەک لای بارزانی.




