١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

زمانی بێ بیرکردنەوە..!!

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

ڕاگەیاندن و گوتار و زمان هاوبەش و پێکهێنەری خودی یەکترن، مرۆڤ بێ زمان ناتوانێت بیر بکاتەوە، هەروەها ناتوانێت بێ بیرکرنەوەش زمان بەکاربهێنێت، واتە کردەی پەیوەندیکردن لەنێوان مرۆڤەکاندا پێویستی بە(بیرکردنەوە و زمانە). لە کاتێکدا ڕاگەیاندنەکان، یان لە گوتاردا هەندێک بێ بیرکردنەوە زمان بەکاردەهێنن و خۆیان دووچاری ڕێگەیەکی داخراوی تەنگەبەری ئەوتۆ دەکەن تێیدا گیرببن و نەتوانن لێی دەرباز بن، کورد گوتەنی لە ملەوە پێوە دەبن.

ئەو کەسانەی لە هەڵچوون و کاردانەوەدا قسە دەکەن قەت وەکو ئەو کەسانە نائاخڤن و زمان بەکارناهێنن، کە ئارامن و بەهێمنی بیرکردنەوە و قسە دەکەن، کەسێکی تاداری نەخۆش هوڕێنەکانی وەکو کەسێکی تەندروست نییە، سیاسییەکی چواردەور گیراوی تێکشکاو وەکو سیاسییەکی سەرکەوتوو نائاخڤێت و زاری ناگەڕێت. لایەنێکی سیاسی پڕ لە کێشە زمان و بیرکردنەوەی ئاڵۆز و لەت لەت و دابەشبووە بەراورد بە لایەنێکی براوەی یەکگرتوو. کەسێکی گەندەڵ وەکو کەسێکی دەستپاک قسە ناکات. دزێک وەکو کەسێکی خاوێن و سەرڕاست دەرناکەوێت. 

شێوازی ئاخاوتن و دەربڕین و هەڵبژاردنی وشە و زاراوەکان لای هەر کەسێک پەیوەستە بە ئاستی بیرکردنەوە و کەسایەتی کەسەکە و ئەو دەوروبەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژیت. هیچ زمانێک بێ پێناسەی فکری ئاخێوەرەکەی بەرجەستەی هەقیقی کۆمەڵایەتی کەسەکە ناکات، بۆیە پێش ئەوەی باسی پێگە و شێواز و جۆری بەکارهێنانی هەر زمان و کەسایەتی خاوەنی زمانەکە بکەین، پێویستە شیکاری (فکر و کەسایەتی و دۆخی دەروونی و نیاز و مەبەستە شاراوەکانی) قسەکەرە بکەین. زمان و بەکارهێنانی پەیوەستە بە فکر و کەسایەتی قسەکەرەکەوە. زمان نیشاندەری کەسایەتی و فکری ئاخێوەرەکەیە، وەکو چۆن فکری کەسە هێز و شێواز و توانای بەکارهێنانی زمانەکە لای ئاخێوەکە دەردەخات.

گەندەڵکار چ جۆرە زمانێک بەرانبەر خەڵک و یاسا بەکاردەهێنێت؟ کەسێکی نەخۆشی گومانلێکراو و یاخیبوو لە یاسا و ئەخلاق چ چەشنە زمانێکی دەبێت؟ دادوەرێک بە چ زمانێک دەئاخڤێت و حوکم دەدات؟ سیاسییەکی فاشیل، چەتەیەکی سیاسی، قونکە هێزدارێکی گوماناوی بەچ شێوازێک دەئاخڤێت؟ ئامانجی ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمان لای شەڕفرۆشێک، هەمان کاریگەریی و ئامانج نییە، کە لاشەڕێکی ئاشتیخواز هەیەتی.

لایەنێک دەڵێت ئێمە بەرپرس نین لە فلانە دۆخ، یان لە فلانە لێدوان و قسەی بەرپرسێک، بەر لە هەر شتێک واتە (فکر)ی جیاوازییان هەیە، جیاوازی فکریش نیشاندەری (کەسایەتی و بیرکردنەوە و بەرژەوەندی و هێز و دابەشبوون و گوتاری) جیاوازە. دادوەرێک ناتوانێت لە بەردەم تاوانبارێک دەستەواژەیەک دەربڕێت، حوکمی تێدا بێت، نەبادە شیکردنەوەی هەڵەی بۆ بکرێت. پیاوێک ناتوانێت لە بەردەم ژنەکەی وشەی تەلاق بەکاربهێنێت، نەبادە قسەکەی بە حوکمی تەلاق لێک بدرێتەوە. واتە قسەکردن و بەکارهێنانی زمان، حوکم و بڕیار و فکرە.

گوتار و ڕاگەیاندنیش، لێدوان و هەڕەشە بە زمان و سوکایەتی و خراپ قسەکردن پەیوەستە بە فکرەوە. فکرێکی بۆگەن زمانێکی هەنگوین ئاسای نابێت، شەڕفرۆشێک زمانی ئاشتەوایی ڕاستەقینەی پێ بەرهەم نایەت. درۆزنێک ناتوانیت ڕاستییەکان بشارێتەوە، ڕقهەڵگرێک ناتوانێت زمانی خۆشەویستی بەرهەم بهێنێت. کەسایەتییەکی نەخۆش ناتوانێت بە زمانێکی تەندروست بئاخڤێت.

واتە زمان و فکر، یان فکر و زمان دوو پێکهاتەی سەرەکی و بنەڕەتین لە بەدیهێنانی قسەکردن و ئاخاوتن، ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و شێواز و جۆری هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی قسەکەرەکەن. پێش ئەوەی قسە لە زارت دەرچێت بیربکەوە، پێش ئەوەی هێز و ئاوازەی وشەکانت بەکاربهێنیت، بیر بکەوە، بۆ ئەوەی زمانێکی شیاو بەرهەم بهێنیت، بۆ ئەوەی کەسێکی گونجاوی سەرکەوتووی دەروون ساخ بێت. لە بیری مەکە بەکارهێنانی زمان، واتە بەکارهێنانی فکر و ئایدیۆلۆجیا و دەرکەوتنی کەسایەتیت. پیاوی نەخۆش و گرگن بێ بیرکردنەوە دەئاخڤێت و دونیایەک لە بۆگەنی دروست دەکات، چونکە هەر زمانێک سەرچاوەکەی هزر و هێزی بیرکرنەوەی تێدا نەبێت، وەکو زمانی ڤایرۆس و نەخۆشی دەردەکەوێت.

هەواڵی پەیوەندیدار