شاندێکی ڕەوندی کوردی سوێد و ڕووسیای فیدراڵ سەردانی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتییان کرد

هەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی کرا لە کەیا ئیزۆڵ، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوێد و ژمارەیەک لە نوێنەرانی فیدراسیۆنی کوردانی سۆڤیەتی پێشوو کە لە مۆسکۆ و سانت پێترسبۆرگ و کۆماری کازاخستانەوە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی هەولێری پایتەخت کرابوون و بەم بۆنەیەوە سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد.
لە کۆبۆنەوەکەدا شاندی میوان بەتایبەتی سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد بۆ برەودان بە پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا و دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ فیدراسیۆن و ناوەندە گرنگەکانی کوردانی تاراوگە و خەمخۆرییان بۆ پێشخستن و لێکنزیکبوونەوەی كۆمەڵگای کوردستانی لە دیاسپۆرا و، دیدار و بەسەرکردنەوە و گەیاندنی دەنگ و داخوازییەکانیان بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هۆشیار سیوەیلی بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سوپاسی خەباتی بەردەوام و کار و چالاکییەکانی فیدراسیۆنەکانی ڕەوەندی کوردستانی کرد لە ئەورووپا و ڕووسیای فیدراڵ و کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و لە سەرتاسەری جیهان کە لە ڕۆژە سەختەکاندا و لە کاتی ئەو مەترسییانەدا کە ڕووبەڕووی گەڵی کورد و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، بەردەوام چالاکییان نواندووە بۆ گەیاندنی پەیامی گەلی کورد و وێنەی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد بە کۆمەڵگای بیانی.
لە کۆبۆنەوەکەدا سیوەیلی دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دواپەرەسەندنەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و گرنگیدان بە پێشکەوتنەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا و هاوکاری و پشتگیری لە نێوان نوێنەرانی کۆمەڵە و فیدراسیۆن و ناوەندە گرنگەکانی ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە و بەتایبەتی لە ئەورووپا و کۆماری ڕووسیای فیدراڵ و کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو خستە ڕوو.
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پشتگیری و هاوکاری و گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێگەی کوردستانیانی دیاسپۆرا و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دووبارەڕێکخستنەوە و هاندانی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە لە بواری لۆبیگەری بۆ پشتیوانی لە پرسی کورد بەتایبەتی لە ئەورووپا و ڕووسیای فیدراڵ بە گرنگ دەزانێ، کە ساڵی ڕابردوو (١٤) فیدراسیۆن و دامەزراوەی کوردستانی لە دیاسپۆرا هەوڵی یەکخستن و هاوکاریی نێوانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا کۆنفدراسیۆنێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا دابمەزرێنن، کە هاوشانی نەتەوەکانی تر کە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزییان بەرامبەر کراوە و نەتەوەی بێدەوڵتن، لۆبیگەری بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان بکەن.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی پشتگیریی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوەی وڵات بەرز دەنرخێنێ بو ناساندنی کوردستان لە سەردەمی ڕیفراندۆم و پۆستڕێفراندۆمدا. ئێستا کە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرەو بنیادنانی پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەو کوردستانێکی پێشکەوتووتر و بەهێزتر هەنگاو دەنێ و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە کوردستان دەبێتە مایەی گرنگیدانی زیاتری حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بە ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا. نوێنەرانی فیدراسیۆنەکانی ڕەوەندی کورد لە تاراوگە داوا دەکەن بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان کوردستان و تاراوگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی تایبەت بە کوردستانیانی دیاسپۆرا دابمەزرێنێ، یان ئۆفیسێکی نوێنەرایەتیی ڕەوەندی کوردستانی لە هەولێری پایتەخت هەبێ بۆ گرێدانی زیاتری ڕەوەندی کوردی تاراوگە بە کوردستانەوە.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
