سەرۆكی كوردستان:نابێ بەهیچ شێوەیەك حزبێك لەشكری هەبێت، پێشمەرگە، پێشمەرگەی كوردستانە و هی هیچ حزبێک نییه

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز. زۆر خۆشحاڵ و شەرەفمەندم، كە لەم كۆبوونەوەیەدا لەگەڵتاندا بەشدار دەبم، زۆر سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسەو بانگهێشتكردنی من وەكو پێشمەرگەیەك، كە بەشداریتان بكەم. شەرەفی پێشمەرگایەتی شانسێكی گەورە پێشمەرگایەتی زۆر مانا هەڵدەگرێ، پێشمەرگایەتی یەعنی شەرەف، یەعنی سەروەری یەعنی خۆبەخشین. ئەو شەرەفە زۆر گەورەیە كە بە شانسی هەركەسێك ببێت. لەژیاندا نییە بۆ مرۆڤ لەگیان خۆشەویستر بێت، بەڵام پێشمەرگە ئەو كەسەیە، كە گیانی لەسەر دەستەو رۆژانە چاوەڕوانی مەرگی دەكرد، دەبێ چ هەبێت لەژیانی مرۆڤ خۆشەویستر بێت، ئەویش كوردستانە؟
هەموو گەلی كوردستان رەنجی كێشاوەو پێشمەرگەكانی كوردستان سەروەری زۆر گەورەیان تۆمار كردووە، داستانی وایان تۆمار كردووە، بەداخەوە ئەو وەختە، ئێمەش ئەو ئیمكانیەتەمان نەبوو، تەكنۆلۆژیاش وەكو ئەمڕۆ نەبوو، ئەگینا داستانی وا تۆماركراوە، كە ڕەنگە ئەمڕۆ ئەگەر خەڵك بیبینێ، تاڕادەیەك بڕوا نەكات، كە چۆن بەشەر دەتوانێ بەرەنگاری ئەو هەموو چەك و تەقەمەنیەی دوژمنێك ببێتەوە. پێشمەرگەو ئیرادە پێشمەرگە بە ئیرادە شەڕی كرد، ئەگینا هیچ هاوسەنگیەك نەبوو لەنێوان ئیمكانیات و توانای پێشمەرگەو سوپای هێرشكەر.
لەداستانی زاویتە، كە یەكەم شەڕی زۆر گەورەبوو لەشۆڕشی ئەیلوول، پێشمەرگەیەك بەتاپڕ تەقەی لە فرۆكەیەكی جەنگی كرد، گەنجێكی تازە پێگەیشتوو بوو، پێیان گوت: بابە، تاپڕ ناگاتە فڕۆكە، تۆ بۆ تەقە دەكەی؟ گوتی: چۆن نایگاتێ، ئەدی ئەو دوكەڵە چیە لێی دەردەچێ، وەڵڵا لێمدا. بێگومان بەم ئیرادەیە شەڕ دەكرا. من خۆم شاهیدم من خۆم شاهێدم جارێك لەزۆزك مامۆستایەكی ئایینی، تەماشام كرد دوو فیشكەدانی بەستووەو تفەنگێكی پێیە، (ناوی مەلا ساڵح بوو) منیش پێم گوت: مامۆستا جەنابت چ دەكەی لێرە؟ گوتی وەڵڵا لەشكركێشی هەیە لەرواندوز، دەڵێن: هێرش دێت بۆ ئێرەو عیبادەتی راستەقینە ئەمەیە، من هاتووم بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگەكان بم.
ڕۆڵی ژن قوڕستر بوو دەها دایك و خوشك و قارەمان چ لەبەرەی شەڕ بوون لەگەڵ پێشمەرگە، یا پێشمەرگە بوون یان ئەگەر ئەوان نەبانە، پێشمەرگە نەیدەتوانی پێشمەرگایەتی بكات، لەبەر ئەوە ڕۆڵی ژنیش لەشۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردستان هیچ كەمتر نییە لەڕۆڵی پیاو ئەگەر زیاتر نەبێت. پیاو چەكی هەڵدەگرت و دەچووە بەرەی شەڕ، بەڵام ئەو دایك بوو، دەبوایە ئیشوكاری ناوماڵ بكات، دەبوو نان بۆ پێشمەرگە دابین بكات، ئەركی ئەو زۆر قورستربوو.
بۆیە بەڕاستی وەسفی پێشمەرگە بەچەند وشەیەك ناكرێ چەند سەنای پێشمەرگە بكرێت، چەند وەسفی پێشمەرگە بكرێ، كەمەو بەچەند وشەیەك زەحمەتە مرۆڤ بتوانێ هەق بە پێشمەرگە بدات، بەڵام پێشمەرگەی راستەقینەش كە پێشمەرگایەتی هەڵبژاردو ئەوەی ئامادە بێت بمرێت بە تەمای چ ئیمتیازاتێك دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ كە خوا دەرفەتی داوە لەسایەی خوێنی ئەو شەهیدانە، ئەمڕۆ ئازادی زۆرەو سەركەوتنێكی گەورە بەدەستهاتووە، بێگومان ئەركی حكومەتی هەرێم و حزبەكانەو ئەركی هەموو میللەتی كوردە، ئێتر بەوپەڕی رێزەوە یادی ئەو شەهیدانە بكاتەوەو بەپێی پێویست و ئیمكانیات نابێ ماڵ و منداڵی ئەوانە هەست بە غەریبی یان بێكەسی بكەن، هەر ماڵە شەهیدێك دەبێ وا بزانن هەموو ماڵە كوردێك ماڵی ئەوە، كەسوكارو براو باوكی ئەوە. تاوانێك دەرهەق بە پێشمەرگە لەهەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە، هەندێجار مرۆڤ دەبینێ هەندێ كەس هەن ئەو سەختی و خەبات و تێكۆشانەی پێشمەرگە یا وای لێدەكەن سووكی بكەن یا لەبیر خەڵكی ببەنەوە، من پێموایە ئەمە تاوانێكی گەورەیە دەرهەق بە پێشمەرگە دەكرێ.
رۆژی دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول باشترین رۆژە بۆ رۆژی پێشمەرگە پێشمەرگە موڵكی هەموو كوردستانە، هی حزبێك نییە، لەبەر ئەوە من دەستخۆشیتان لێدەكەم، لەم كۆنفرانسەدا هەموو لایەنەكانی كە بەشدار بوون لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا بەشدارن، بۆ ئەوەی رۆژێك دەست نیشان بكەن بەناوی رۆژی پێشمەرگە، ماشەڵڵا رۆژێك نەبوو لەساڵ، پێشمەرگە داستانێكی تێدا تۆمار نەكردبێت، ئەوەندە زۆرە، بەڵام بۆ خۆشتان مەتروكە، بەرای من پێشمەرگە رۆژی خۆی هەیە، رۆژی دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول باشترین رۆژە بۆ ئەوەی ببێتە رۆژی پێشمەرگە، لە یازدەی ئەیلوول سەرتاسەری كوردستان راپەڕی و هەموو میللەتی كورد یەك دەنگ و یەك دەست بوو، شۆڕشی هەموو میللەتی كوردەو شۆڕشی كوردستانە، هی یەك حزب نییە، هەڵەبتە هەلومەرجی ئەو وەختە مەعلوم بووە چۆن بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئێوە مەتروكە چ رۆژێك دیاری دەكەن، بەڵام دوور بێت لە حزبایەتی، چونكە وەكو گوتم: پێشمەرگەو خەباتی شۆڕشی هەموو میللەتی كوردەوهی هەموو كوردستانە، هەمووشی بەشدار بوون و هەمووشی قوربانیان داوە.
پێشمەرگە، پێشمەرگەی كوردستانە شتی زۆر ناخۆش ئەوەی كە جاری وا هەبووە، بەداخەوە شەڕی خۆ كوژی روویداوە لەنێوان پێشمەرگەدا، ئەمە ناخۆشترین شتە، ناخۆشترین وەخت بووە، كەبەسەر هەمووماندا تێپەڕیووە، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم، من زۆر سەربەرزم بەوەی كە ئێستا ئەوە نەماوەو ئینشاڵڵا تا كۆتایی ئەمساڵ یەك لەشكری تەواو و یەكگرتوو بۆ كوردستان دروست دەكرێت و سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، ئیتر نابێ بەهیچ شێوەیەك حزبێك لەشكری هەبێت و پێشمەرگەی هەبێت، پێشمەرگە، پێشمەرگەی كوردستانەو هی هیچ حزبێك نابێت.
نابێ جارێكی دیكە خوێنی پێشمەرگە بەدەستی كورد برژێت لەهەمووشی خۆشتر ئەوەیە، ئێستا بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لەهەموو پارچەكان لەوە دەرچوون، كە خوێنی یەكدی برژێنن، من جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە هەرچی بێت باببێ، بەڵام نابێ جارێكی دیكە خوێنی كورد، خوێنی پێشمەرگە بەدەستی كورد برژێت و دەبێ شوێنەواریشی نەمێنێ. كێشەی نەبوونی دیموكراسی لە ئێراق هەمووتان لەبیرتانە، كە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێكرد، دروشمی ناوەندی (دیموكراسی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان) بوو. ئەمە دەستنیشانكردنێكی حەكیمانە بوو بۆ كێشەی ئێراق، كە ئەگەر ئێراقێكی دیموكراتی نەبێت نەكێشەی كورد نە هیچ كێشەیەكی دیكەش چارەسەر ناكرێت، هەر ئەو دروشمەش بوو وایكرد كە زۆر لە برا عەرەبەكانمان هاتن و بوون بە پێشمەرگەو شەهیدیش بوون لە شاخەكانی كوردستان بەتایبەتی ئەو پێشمەرگانەی سەر بەحزبی شیوعی بوون.
ئەمڕۆش بەداخەوە ئێمە ڕووبەڕووی هەموو كێشەكان دەبینەوە، مەسەلەی دیموكراسیەتە لە ئێراق ئێستاش ئەو گرفتەی كە هەیە، گرفتی دیموكراسیە لەئێراق، نە مەسەلەیەكە بڵێی تەنیا كێشەی هەرێمە، نەخێر كێشەی هەرێمیش بەشێكە لەو كێشە گەورەیەی كە هەیە، چونكە ئەگەر ئێراقێكی دیموكراتی بێت، هیچ كێشەیەك روونادات، ئەگەر پابەندبوون بەدەستوور، دیسان هیچ گرفتێك نامێنێ، لەبەر ئەوە ئێستا لەگەڵ جەنابی سەرۆك مام جەلال و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئێراقی هەوڵێكی بەردەوام لەئارادایە بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دەربچین بەشێوەیەك لەبەرژەوەندی ئێراق و كوردستان دابێت، بەڵام پێموایە میللەتی كوردیش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەو ئەو بڕیارە كە مومكین نییە قبوڵ بكات جارێكی دیكە هیچ دیكتاتۆرێك حوكمی بكات.
ئێمە لەوڵاتێك دادەبین، وڵاتێكی دیموكراتی بێت، وڵاتێك بێت كە پابەندی ئەو دەستوورە بێت، كە دەنگمان بۆی داوەو پێكەوە لەگەڵ گەلانی ئێراق هەمووی %85ی دەنگی بۆ داوە. ئیتر لەكۆتاییدا من زۆر سوپاستان دەكەم و داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و دەستخۆشیتان لێدەكەم و زۆر سوپاس.



