١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مرۆڤی بێ زمان، وەکو هاووڵاتی بێ دەوڵەتە!

سەرچاوە: KDP.info
 
 غازی حەسەن
 
پەیوەندی نێوان زمان و مێشک کردەیەکی بەهێزی بوونی مرۆڤە، ئامرازێکیشە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە گیانەوەرەکانی دیکە جیابکرێتەوە. هەموو مرۆڤەکان زمانیان هەیە، شێواز و جۆر و ناسنامەی زمانەکە بۆتە هێما بۆ دیاریکردنی نەتەوە و کەلتور و ناسنامەی گروپە مرۆییەکان. کورد پێش ئەوەی شانازی بە خەبات و قوربانییەکانی و کەلتور و شارستانیەکەی بکات، خۆی بە زمانەکەی هەڵدەکێشێت. هەم زمانەکەی کردۆتە سەنگەرێکی پتەوی مانەوەی، هەم زمانەکەی بۆ مانەوە و پێناسە و بوون و دەربڕینی توانست و هێزی خودی خۆی بەکاردەهێنێت.
کوردستان بۆ ئەوەی دەوڵەت بێت پێویستە، زمانی یەکگرتووی هەبێت، کورد بۆ ئەوەی خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و کەسایەتییەکی متمانەبەخۆ بێت، پێویستە لەهەموو شوێنێک بە زمانی دایک قسە بکات. بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەی دەیەوێت بە بڕیار و خواستی خۆمانە زمانی کوردی بکاتەوە زمانی پەراوێز و بایەخ بەزمانەکانی دیکە بدات. ناکرێت کەسانێکی ئەکادیمی زمانی کوردی نەزانن، بەڵام شانازی بە بەکارهێنانی دەستەواژە و زاراوەی بیانی بکەن. بە دەیان ناوی بیانی لەشوێنە گشتییەکان لەجیاتی ناوی کوردی بەکار دەهێنرێت، کوردی بەتامی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و ئەلمانی و فەرەنسی دەنووسرێت. 
خووڕەوشتی بەکارهێنانی زمان کێشەیەکی ئاڵۆزە، زمان کەرەستەی بیرکردنەوەیە لای مرۆڤ، گەشەکردنی بیرکردنەوە پەیوەندی بە ئاستی پێشکەوتنی زمانەکەوە هەیە. لە هەمان گاڤیشدا زمان وەکو کۆگایەکی بێ کۆتاییە، لەهەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و تەمەن و زانستێکدا دەتوانێت گوزارشت لە خواست و ویستەکانی مرۆڤ بکات. زمان هاوبەشی عەقڵە، وەکو چۆن دەوڵەت هاوبەشی ئایدیۆلۆجیای زانستی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە، دەتوانێت لە هەموو ئاستەکاندا گوزاراشت لە خواست و ئیرادەی هاووڵاتییەکانی بکات. زمان و فکر دووانەیەکی بەیەکەوەبەستراون، دەوڵەت و زمانیش بەهەمان شێوەیە دوو هێزی هێزداری تەواوکاری یەکترن.
زمان دەربڕی فکرە، دەوڵەت دەربڕی پێویستییەکانی مرۆڤە و خواست و مەبەستەکانی مرۆڤ دەگەینن، دەوڵەتیش بەشێوە و شێوازێک دەئاخڤێت، ئیرادە و خواستی مرۆڤەکان بەرجەستە دەکات. بۆیە نە مرۆڤ دەتوانێت بێ زمان گوزارشتێکی تەواو لە مرۆبوونی خۆی بکات، نە دەوڵەتیش دەتوانێت بێ زمان توانا و بەرنامە و بەهاکانی خۆی بسەپێنێت. ئەمانەش پەیوەستن بەمێشک/ عەقڵەوە. هێز و کاریگەری زمان و دەوڵەتیش پەیوەستن بە سەرچاوەی بیکردنەوەی مرۆڤەوە. 
مەبەستمان ئەوەیە کوردستان، کە دەوڵەت نییە، گرفتێکی گەورەی سەرچاوەی بیرکردنەوەی لە خۆگرتووە، هەر سەرچاوەیەکی بیرکردنەوەش پەیوەندی بە مێشکەوە هەیە، مێشک ناتوانێت هیچ ئاماژە و گوزاراشت و خواستێک بێ زمان بەشێوەیەکی تەواو و سەرکەوتوو بگەیەنێت، واتە دەوڵەت و زمان سەرچاوەی خواستی بەهێزی مرۆڤن. هاووڵاتی کورد، کوردستانییەکان هەر بە تەنیا کێشەی بەکارهێنانی زمانیان نییە، بەلکو کێشەی دەوڵەتیان هەیە. بیرکردنەوە لە دەوڵەت هێشتا لای هەندێک گروپ و کەس گرفت و ترسێکی ترسناکە، بەبڤەی دەزانن، ئەم دۆخە پەیوەستە بەبەکارهێنانی زمان، زمانیش پەیوەستە بە مێشک و جۆری بیکردنەوەی ئەو گروپ و کەسانەوە.
فەلسەفەی زمان پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤ، فەلسەفەی دەوڵەتیش پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە خوڕەوشتی مرۆڤ. زمان ئامراز و لە هەمان گاڤیشدا فکرە. زمان دابونەریت و کەلتور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، باری دەروونی مرۆڤەکانە، دەوڵەتیش هەمان شتە. بۆیە مرۆڤی بێ دەوڵەت وەکو مرۆڤی بێ زمان وایە، لە هەمان کاتیشدا مرۆڤی بێ زمان وەکو مرۆڤی بێ دەوڵەت و بێ فکر و ستراتیج وایە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار