ڕەهەندەکانی کەسایەتیی سەرکردەیەک

هاودەنگ فاروق
لە بارەی کەسێتیی نێچیرڤان بارزانی، ئاخۆ سەرکردەیەکی سیاسی گەورەیە؟ ئایا لە سەردەمی حکومڕانییەكەیدا، وەک سەرۆکوەزیرانی کوردستان چی بۆ کوردستان کردووە؟ ئاخۆ بەردی بناغەی حکومڕانێتیەکی ڕەشید و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بۆ کوردستان داناوە؟ با مێژوو حوکم بکات، کە ئاخۆ بارزانی چ شاخێکی خستۆتە بناغەی بنیادنانی هەرێمی کوردستان؟
بەڵام ئەوەی جێی گومان نییە و نەك هەر دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی، بگرە مێژووش وەباڵی بۆ دەكێشێت، كە ئەو فەرمانڕەوا گەنجەی كوردستان سیاسەتمەدارێکە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی سەرکردە ڕۆژئاواییەکان، نەخشەکێشێکی هۆشیار و پشوودرێژ و ماندوویینەناسە.
بۆ تێگەیشتن لە هونەری دیپلۆماسیی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی و، لێوەشاوەیی ئەو سەركردە گەنجە لەو بوارەدا، پێویست نییە هیچ دوور بڕۆین و، هەر ئەوەندە بەسە ئاوڕێك لەو شەڕە دەروونییە بدەینەوە كە پاش 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن عێراق و چەند زلهێزێكی ناوچەییەوە لەگەڵ كوردستان و حكوومەتەكەی كرا، بەڵام هونەری دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی و شارەزابوونی لە شەترەنجی سیاسیدا هەوڵەكانی ئەوانی كردەوە بڵقی سەر ئاو. بەڵێ لە دوای هێرشەكەی (١٦) ئۆکتۆبەر سەرۆک بارزانی نەیهێشت پێشمەرگە و کوردستان بۆ دوژمن بچەمێن، نێچیرڤان بارزانیش وەک چیا لە پشتی قەوارەی سیاسیی کوردستان ڕاوەستا.
نێچیرڤان بە دروشم نا، بە کردار کوردستانێکی نوێی بنیاد نا، ئەو کوردستانە نوێیەی سەردەمی سەرۆکوەزیرانی نێچیرڤان، تا ئێستاش یارونەیار ئیرەیی پێ دەبەن، ئەو پیاوە لە چواردە ساڵییەوە لە دژی داگیرکەر جەنگاوە، دوای ڕاپەڕینیش هەردەم دەستی لەناو ئیشدا بووە، تا کوردستانی گەیاندە ئەمڕۆ.
نێچیرڤان بارزانی لە ڕووی فکری و شێوەی بیرکردنەوەی ئازادی و دیموکراتیانەیەوە، بچووکترین پەڵەی پێوە نەبووە. ئەوانەی لە نزیکەوە کاریان لە گەڵدا کردووە و دەستیاری بوون، شاهێدی ئەم بۆچوونەن، نهێنیی کاریزماییەکی تێداییە، لە ئانی شەڕوئاشتیدا بە ڕێگای گفتووگۆ و دانوستان دووژمن و نەیاران دەخاتە سەرچۆک و هەموو پیلانێكی مەترسیدار پووچەڵ دەكاتەوە.
بارزانی ڕێگاکانی سەركەوتن و پێگەیشتن و تێگەیشتنی خۆی بە ناو چیمەن و گوڵ و گولزاردا نەبڕیوە، تا کوردستانی بەم ڕۆژە گەشە گەیاند، هەزاران كۆسپ و لەمپەر و هەڵدێر و هەڵەمووتی بڕیوە و لە زۆر ئاوی بەخوڕ و كەڵپسێن پەڕیوەتەوە و كۆڵی نەداوە و كورد واتەنی لە كوورەی خەباتی كوردایەتیدا خاراوە و پێگەیشتووە.
بەڵام پرسیارێکی جیددی هەیە: ئەرێ باشە، ئەوانەی ڕەخنە لە نێچیرڤان دەگرن، خۆیان چیان کردووە؟
ڕەهەندەکانی کەسایەتیی نێچیرڤان زۆر تایبەتن، ئەوەی لە سرووشتی کاراکتەری بارزانیدا هەیە لە هیچ سەرکردەیەکی وڵاتانی دەورووبەرو ناوچەکەدا نییە. ئەوە جگە لەوەی تێکۆشەرێکی سەرسەخت و لە بڕیاردان ئاسنین و یەکلاکەرەوەیە.
سەرکردەیەکی سەرنجڕاکێشی میهرەبان و سەنگین و ڕاشکاو و لە ناو دڵان، شیوازێکی زۆر دڵسۆزانەی بۆ پێشوازیکردنی خەڵک هەیە، هەمیشە ڕوخسارێکی مرۆڤانە لە زمانی دەنگ و زمانی جەستەی بەدی دەکرێت، بەردەوام مەحکوومە بە ئومێد ..
قسەبێژێکی وردو جیدییە، هەرگیز بە ڕستەی کورت قسە ناکات، زەبر لە جیددییەتی قسەکانی خۆی نادات، لە کاتە ئاسایی و نافەرمییەکاندا هەمیشە پەیڕەوی ژیانی خۆڕسکانەی خۆی دەکات، بەڵام فەلسەفەی تایبەت بە ژیانی خۆی هەیە . ڕوانگەکانی بۆ فەلسەفەی کار و بەرهەمهێنان و داهێنان وایە: (ئەگەر هەموو کەس ئیشی خۆی بە باشی بکات، هەموو شتێک باش دەبێت).




