راوێژکاری باڵای سیاسیی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە خاتوو دەنوسیا هوبا، ڕاوێژکاری باڵای سیاسیی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و، ستەیس جۆنس، بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد. هۆشیار سیوەیلی بەخێرهاتی شاندی میوانی کرد و باسی لە دواین پێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و کاریگەریی باردۆخی ئێستای ناوچەکەی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.
سیوەیلی ئەوەی خستە ڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی نوێی حکوومەتی فیدراڵ لە هەوڵی ئەوەدان کە جیاوازییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کەم بکەنەوە و چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان بدۆزنەوە و هەردولاش هاوڕان کە دەستووری عێراق باشترین بنەمایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. پەیوەندیی ئێستای نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە قوناغێکی نوێدایە و ئیرادەش بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی هەیە، بەڵام بەربەست و گرفتی زۆریش هەیە، کە پێویستیان بە هەمانگیی زیاتر و هاوکاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، کە گەلی عێراق دەنگی پێ داوە و، بە جێبەجێکردنیشی بەشێکی زۆری گرفتەکان چارەسەر دەبن.
لە درێژەی گفتوگۆکاندا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دووپاتی لە سیاسەتی جەنابی سەرۆک و پارتی کردەوە، کە چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ و دانوستان دەکرێت و ئەمەش بە لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە ماف و داخوازییەکانی یەکتر دێتەدی.
دەربارەی باردۆخی ئێستای ناوچەکە، بەڕێز سیوەیلی باسی لە گرنگیی پێگەی هەرێم بۆ شاندی میوان کرد و گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێز لە بنەماکانی یاسا و دراوسێیەتی دەگرین و نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانەی کە ئێستا باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و پێڕەوی سیاسەتی فیدراڵ دەکات لەمەڕ باردۆخە هەنووکەیییەکانی ناوچەکەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمەریکای کرد کە پاڵپشتێکی بەھێزی حکوومەتی ھەرێم بوون لە شەڕی تیرۆردا، کە نەک تەنها هەڕەشە بوو بۆ سەر کوردستان، بەڵکو هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی جیھان.
بەڕێز خاتوو دەنوسیا هوبا سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستان. خاتوو هوبا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان دەربڕی لە شەڕی دژی تیرۆر کە هاوپەیمانێکی ڕاستەقینە و بەشێکی کاریگەر بوون لەو هاوپەیمانییەی کە تیرۆریان تێک شکاند. لەو دیدارەدا خاتوو هوبا باسی لە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێگەی بەهێزی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی ناکوکییەکان کرد.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
