٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

سەنتەری دیالۆگی مرۆییی سویسرا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، پێشوازیی کرد لە پاتریک ھێینی، بەرپرسی مەلەفی سووریا لە سەنتەری دیالۆگی مرۆییی سویسرا و ڕاوێژکاری کاروباری عێراق و ھاجر ئەلێم. کاروباری ڕێکخراوی ناوبراو ھەوڵدانە بۆ نەھێشتن و چارەسەرکردنی ململانێ چەکدارییەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ و نێوەندگیری و خستنەڕووی پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی گرفت و جیاوازی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا.

سەرەتا سیوەیلی باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ شاندی سەنتەری دیالۆگی مرۆییی سویسرا کرد. سیوەیلی نەبوونی متمانەی بە هۆکاری گرفتی نێوان لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە و کاریگەری و دەستتێوەردانی دەرەکی ناو برد و گوتی: "بە باوەڕی ئێمە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ چارەسەری گرفتەکان پێویستە لایەنەکان یەکتر قبووڵ بکەن و تێگەیشتنی فراوانتریان بۆ ماف و داخوازییەکانی یەکتر هەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشەکان کە سەدان ساڵە ناوچەکە پێوەی دەناڵێنێت."

بەڕێز هێینی سوپاس ئەو دەرفەتەی کرد و کورتەیەکی لە کار و چالاکییەکانی خۆیانی باس کرد، کە لە بیست وڵاتی جیهان و لە ناوچە جیاوازەکان کار و بەرنامەیان ھەیە و عێراق و سووریاش لەو وڵاتانەن کە چالاکییان هەیە و دەیانەوێت ھاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بەتایبەتی لە شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆچوونی پارتیی لەمەڕ ئەو ناوچانەوە خستە ڕوو. جێگای ئاماژەیە کە سەنتەری دیالۆگی مرۆییی سویسرا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی سویسراوە پاڵپشتی دەکرێت.

هەر لەوبارەیەوە سیوەلی ڕایگەیاند: پێویستە نەخشەڕێگای چارەسەر لە دوو قۆناخ پێک بێت. یەکەمیان کورتخایەنە و بریتییە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی پێش ٢٠١٤، کە هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە تاکو جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی ١٤٠ و نەھێشتنی واقیعی داگیرکاریی ئێستای ئەو ناوچانە. پاشان ئەنجومەنی پارێزگا و و قەزاکان و بەرپرسانی قەزا و ناحییەکان بگەڕێنەوە و ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن بکرێت. قۆناخی دووەم درێژخانە و بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بۆ ئەمەش بەرپرسیارێتیی گەورە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم و مەرجەعیەتی شیعەیە و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە سەرۆکایەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن بۆ کوتاییهێنان بەو کێشە هەڵواسراوانە، کە بوونەتە هۆکاری بەشێکی زۆری گرفتەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار