٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئێوارەئاهەنگێکی بۆ نوێنەرانی سیاسیی وڵاتان ساز کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- كەلتوور و دیپلۆماسی دەتوانن هاوتەریب ڕۆڵی بەرچاو بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلان بگێرن. بۆ ناساندنی كەلتوور و میوزیكی كوردستان مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە هەماهەنگیی ئۆكسترای كوردستانئاهەنگێکی میوزكیان بۆ نوێنەرانی بیانی و دیپلۆماتكاران لە هەرێمی كوردستان ڕێك خست.

بە ئامانجی ناساندنی زیاتری کەلتووری كوردستان بە دەرەوە، ئێوارەی دوێنێ ٢٨-٤-٢٠١٩، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و تیپی ئۆكسترای كوردستان ئێوارەئاهەنگێکی میوزیكی كلاسیكیان ڕێك خست و میوانداریی سەرجەم دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و نێوخۆییان كرد. میوزیك و کەلتوور ڕۆڵێكی گاریگەریان هەیە لەسەر دیپلۆماسی و نزیككردنەوەی نەتەوەكان لە یەكتر و تێگەیشتنی زیاتر و قووڵتر لە مێژوو و فەرهەنگی نێوان گەلان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان.

دیپلۆماسیی کەلتوور، یەكێكە لە ڕێكارەكان كە بۆ ئاشناكردن و پێکهێنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیییەكان دەگیرێتە بەر، تاكو میلەتان بە یەكتر ئاشنا بكات. میوزیكیش ئەو هونەرەیە كە سنووری نییە و دەتوانێت بە هەموو زمانەكان بدوێت و زەنگی خۆشی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ بە گوێی خەڵکی بیانیدا بدات. كوردستان خاوەنی فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی هونەرییە كە جێگای شانازییە و پێویستە بە جیهان بناسێنرێت. داگیركەران و دوژمنانی گەلی كوردستان لەگەڵ خاپووركردنی خاك و كوشتنی خەڵكی كوردستان هەموو كات لە هەوڵی سڕینەوەی فەرهەنگ و میوزیكی كوردیدا بوون, بەڵام هونەرمەندان و میوزیكزانانی كوردستان هاوشانی خەباتكاران خەباتیان كردووە بۆ پاراستی کەلتوور و فەرهەنگی نەتەوەكەیان. تیپی ئۆکەسترای کوردستان لە لایەن کۆنسەرماستەر، مامۆستا سەید ئەحمەد ڕواندزییەوە سەپەرشتی دەکرا و دەیان لاوی بەهرەمەندی میوزیکژەن بۆ دەوڵەمەندکرنی ئاهەنکەکە بەشدارییان کرد و هونەرمەندی بەڕێز، فەرهەنگ غەفوور، بە دەنگە ناوازەکەی گۆرانییەکی کوردیی پێشکەش کرد و بە دەنگی دەفی ڕەسەنی کوردی میوانانی سەرسام کرد.

ئەوەی جێگای خۆشحاڵیی ئامادەبووان بوو ناسكی و پڕماناییی ئەو كۆپلەمیوزیكانە بوو كە لە لایەن تیپی ئۆكسترای كوردستانەوە پێشكەش كرا. لە دۆخی ئێستای جیهانگیریدا میوزیك ڕۆڵیكی دیار لە گەشەسەندنی پەیوەندی و هاتوچۆی نێوان گەلاندا دەبینێت و سوودێكی ئابووریی دیاریشی هەیە. ئیمەش وەكو گەلی كوردستان پێویستە سوود لەو فەرهەنگ و كەلتوورە دەوڵەمەندەی خۆمان وەربگرین و بیكەینە سەرچاوە و ڕێگایەكی دیكە بۆ خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار