د. بەشیر و هۆشیار سیوەیلی كۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.info- دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی كۆ بووەوە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پێشوازیی لە دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و لە دیدارەكەدا پیرۆزبایی لە دكتۆر بەشیر كرد بە دیاریكردنی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و باسیشی لە گرنگیی ئەو پۆستە كرد لە چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دكتۆر بەشیر حەداد سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و بە وردی باسی لە ئەركی نوێی نوێنەرانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی نوێی فیدراڵ كرد. لە درێژەی ئەو دیدارەدا حەداد باسی لە گرنگیی یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان و پشتیوانیی پارتە سیاسییەكانی كوردستان كرد لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
د. بەشیر جەختی لە سیاسەتی حكوومەت و گەلی كوردستان كردەوە، كە ئامانج لێی جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەییی عێراقە کە مافەكانی كوردستانی تێیدا دەستەبەر دەكرێت.
لە میانەی ئەو دیدارەدا باس لە بۆچوونی ئیستای حكوومەت و پارتە سیاسییەكان و كوتلە پەرلەمانییەكانی عێراق كرا لەمەڕ پەیوەندییی نێوان هەرێم و فیدراڵ و هەنگاونان بۆ چارەسەری كێشەكان بەگشتی و بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی كرد، كە چەندە گرنگە لە چارەسەری كێشەكان و دواین سەردانی جەنابیانی بو بەغدا بەرز نرخاند.
هۆشیار سیوەیلی و دكتۆر بەشیر باسیان لە كاری هاوبەش و گرنگیی پەیوەندییەكانی نێوان كوتلەكانی پەرلەمان و ئۆرگانەكانی حزب كرد، كە چۆن دەتوانن پاڵپشت و هاوكاری یەكدی بن بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی پارتی و بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە عێراق و لە جیهانی دەرەوە بەگشتی و لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی.
هەردوولاش هاوڕا بوون كە پێویستە هەماهەنگیی باشتر دروست بكرێت بۆ ئاگاداربوون لە كاری یەكتر و پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئامانجی حزمەتكردنی زیاتر بە گەلەكەمان.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
