٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا بۆ یوئێن سەردانی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پاولۆ براگانا، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد.  

پاولۆ براگانا، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە یەکەم دیداریاندا لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆ بوونەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکی یاوەری لە لایەن بەڕیز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەگەرمی پێشوازی کران و لە کەشێکی دۆستانەدا چەندین بابەتی گرنگ پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ لە دوای قۆناغی داعش و تێکشکاندنی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە مەترسیدارە لەسەر دەستی پێشمەرگەی کوردستان و خستنەڕووی دیدگای پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەسەر دواپەرەسەندنە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاساییبوونەووەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و دواهەوڵەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێم و ڕێککەوتن و لێکتێکگەیشتنی سیاسی لە نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکان بۆ پەلەکردن لە ڕاگەیاندنی کابینەی تازە و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری دیموکراسی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و ئارامی و سەقامگیری بۆ شاندی میوان شی کرایەوە. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەشدا بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سوپاس و ستایشی هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە پشتگیرییان بۆ پرسی کورد و ئەزموونی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و، بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ و دامەزراوەکانی لەسەر سەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆر و ئاگادارکردنەوەی میدیا و کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ  لەسەر پێشکەوتنەکانی کوردستان، کە کۆنفرانسێکی سەرکەوتوویان لەسەر پرسی کورد و پەرسپەکتیڤی چارەسەرکردنی لە ١٧ /١٢/٢٠١٨ لە شاری هانۆڤەر سازیان کردبوو و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم و نوێنەرانی دامەزراوەکانی ئەڵمانیا و میدیای ئەم وڵاتەشیان بەتایبەتی بانگهێشتی کۆنفرانسەکەیان کردبوو.

هۆشیار سیوەیلی بە شاندی ئەڵمانی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بە هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی قۆناغی سەختی بڕی و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی لە کوردستان تێک شکاند، بەڵام قۆناغی دوای داعش مەترسیدارترە و مەترسییەکانی داعش هەر ماوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە شەڕی ئایدیۆلۆژی و فکری و توندڕۆیی و ڕادیکاڵی دینی کە هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر کۆمەڵگای شارستانی و مرۆڤایەتی بەگشتی. هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو بنیاتنانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی کۆمەڵگا و ئازادی و دیمۆکراسی و سەقامگیری و کەلتووری پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا. کوردستان لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکییەوە گرنگە و چاوەڕوانی هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و دیمۆکراسی. هەروەها کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەتوانێ لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.

پاولۆ براگانا، لەسەر ناوی ڕێکخراوی ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپاسی پێشوازیی گەرم و کۆبوونەوە و تێڕوانینی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کرد لەسەر پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتییەکان و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بۆ گەڵ و حکوومەتی هەرێم و پێشمەرگەی کوردستان و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و بەرەوپێشەوەچوونی ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هەوڵەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەوەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بووە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام تێدەکۆشێ کە لە کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشداری بە لایەنەکانی تریش بکات، کە خزمەت بە پێشکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی و ئاساییش و سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکڕیزی و فرەیی لە هەرێمی کوردستان دەکات. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەشدا پاولۆ براگانا ڕایگەیاند، کە ڕێکخراوەکەیان هەوڵ دەدات لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆ ببێتەوە بۆ گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی کردنەوەی ئۆفیسێکی ڕێکخراوەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی پێشکەوتنەکانی هەرێم لە بواری  کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوەکانی دیموکراسی و پیشکەوتنەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا بکەن. هەروەها ڕێکخراوەکەیان هانی حکوومەتی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەدات کە هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە بۆ پشتگیری و هاوکاری و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆر لەبەر ئەوەی ئەوان ڕایان وایە کە هێشتا کۆتایی بە مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە دا نەهاتووە و ئێستا لە چەندین وڵاتی تر لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هزری توندڕۆی داعش و مەترسی و پەلامارە تیرۆریستییەکان بۆ سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پەرەسەندندایە و پێویستە لە قۆناغی پۆست داعشدا هەروا پشتیوانی لە ئەزموونی دیموکراسی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

هۆشیار سیوەیلییش هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی بۆ سەرخستنی  پڕۆژە و هەوڵەکانی ڕێکخراوی ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان خستە ڕوو و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوانیان لە پێناوی ئامانجی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵدا بەردەوام بن.

هەواڵی پەیوەندیدار