٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

شاندێکی بواری داهێنانی کشتوکاڵیی پۆلۆنیا سەردانی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەروەی پارتیی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکوومیی پۆلۆنیا و پسپۆڕی بواری داهێنانی کشتوکاڵی و شاندی یاوەری کرا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی کۆماری پۆلۆنیادا کۆ بوونەوە، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومیی پسپۆڕە لە بواری دابینکردنی خۆراک و داهێنانی کشتوکاڵیدا، هەروا شارەزان لە بواری دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و پاراستنیان لە فەوتان و پێشخستنی سامانی کشتوکاڵی.

کژیشتۆف ووچاک، سەرۆکی شاندی پۆلۆنی ڕایگەیاند: ڕێکخراوەکەیان لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی و ئاسیای ناویندا چاڵاکە لە بواری وەگەڕخستنی کەرتی کشتوکاڵی و توێژینەوەی کشتوکاڵیدا و ئەو وڵاتانە سوودیان لە پسپۆڕی و ڕوانگەی ڕێکخراوەکەیان وەرگرتووە بۆ پشتبەخۆبەستن لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا بە ڕیگەی دابینکردنی کۆگای ساردکەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی لە وڵاتەکانیان و لەم ڕێگەیەشەوە هەلی کاریان ڕەخساندووە بۆ گەنجان و پسپۆڕانی بواری داهێنانی کشتوکاڵی کە پشتئەستوور بن بە تواناکانی خۆیان و سوود وەربگرن لە تەکنیک و ئامرازی کشتوکاڵی. کە ساڵی ٢٠٠٤ کۆماری پۆلۆنیا بوو بە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا زوێنەی خەڵکی پۆلۆنیا مەترسیی ئەوەیان هەبوو کە زیان بە داهێنان و بەروبوومی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیان دەکەوێت و ناتوانن بۆ نموونە پێشبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا بکەن، بەڵام توانیمان کەرتی کشتوکاڵیی وڵاتەکەمان مۆدێرنتر بکەین و بەروبوومی کشتوکاڵیشمان فراوانتر بکەین، کە ئەمڕۆ کۆماری پۆلۆنیا ٢٤ %ی بەروبوومی کشتوکاڵیی بازاڕەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دابین دەکات، لە کاتێکدا وڵاتێکی بەهێزی وەک فەرەنسا خاوەنی ١٧%ی بەروبوومی کشتوکاڵییە. بۆیە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکات و چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشتر بکات.

سەرۆکی شاندەکە گوتی: ژینگەی کوردستان لە بواری کشتوکاڵی و ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکەیان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێم، یان وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت هاوکار بێت بۆ بەرزکردنەوە و پێشخستنی ئاستی تواناییی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ پێداویستییە ناوخۆیییەکان، بەتایبەتی کە کاریگەریی کەشوهەوا لە ساڵانی ڕابردوودا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرچاوەکانی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا کە بە هۆیەوە هەرێمی کوردستان پەنای بردووەتە بەر هاوردەکردنی کاڵا و بەروبوومی خۆراکی لە وڵاتانی ناوچەکە کە بووەتە مایەی پشتگوێخستنی داهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی و بەهەدەردانی سەرمایەی دارایی، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرمایەی کشتوکاڵی و ئاو و خۆراک کە بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی دەتوانێ بەرەو سەربەخۆییی ئابوورییەکی بەهێزتر هەنگاو بنێت.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە تێروتەسەڵی تیشکی خستە سەر دەوڵەمەندیی خاکی کوردستان و سامانی مرۆیی و ژینگەی کشتوکاڵیی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و، داواشی کرد کە ڕێکخراوی داهێنانی کشتوکاڵیی پۆلۆنیا و ڕێکخراوەکانی تری هاوشێوە لە ئەورووپا هاوکار بن بۆ پێشخستنی داهینان لە بەروبوومی کشتوکاڵیدا، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پشت بە توانا ناوخۆیییەکانی خۆی ببەستێت. لە لایەکی تریشەوە، بە ناوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگییەکیان پێشان دا کە بە هاوکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وەبەرهینەران و کۆمپانیا پۆلۆنی و بیانییەکان بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن .

سەرۆکی شاندی پۆلۆنی سوپاس و ستایشی هاوکاری و کارئاسانیی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد و ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم و بەشداری لە پێشاگای نێودەوڵەتیی هەولێردا دەکەن و خوازیارن پسپۆڕیی خۆیان لە بواری داهێنانی کشتوکاڵیدا بخەنە خزمەتی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار