کونسووڵی نوێی میسر پیرۆزبایی لە پارتی کرد

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کونسووڵی گشتیی نوێی میسر، ئەمڕۆ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کونسووڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتەی لە هەولێر کرد و لە دیدارەکەشدا کونسووڵی میسر پیرۆزبایی لە پارتی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
کامل ئەلئەباسیری، کونسووڵی گشتیی نوێی میسر زۆر سوپاسی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد کە بە مەبەستی بەخێرهاتن و پوستی نوێ سەردانیان کردووە.
سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بە ناوی سەرکردایەتیی پارتییەوە پیرۆزباییی ئاراستە کامل ئەلئەباسیری کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. لەو دیدارەدا هۆشیار سیوەیلی سوپاسی نوێنەرایەتیی کوماری میسری کرد کە لە ماوەی کارکردنیان لە کوردستان کاریگەرییەکی پوزەتیڤیان هەبووە لە بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی میسر.
لە گفتوگۆکاندا سیوەیلی ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینەی گەلی کوردستان و میسر دا لە بوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و کەلتووری، لەم دواییەشدا بازرگانی، گەلی میسر هاوکارییەکی باشی کوردستانی کردووە، لەوانە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ کراوە، پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش، بەتایبەتی جەنابی بارزانی نەمر لەگەڵ میسر و سەرکردایەتیی ئەوکاتەی ئەو وڵاتە پاڵپشتییەکی باش و بەهێز بوو بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، هەروەها میسر یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کە کونسووڵخانەی خۆی بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوکاتەی دەرەوەی میسر لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە ڕووی بازرگانی و کەلتووریشەوە سیوەیلی ئاماژەی بەوە دا کە لەو بوارانەدا پەیوەندییەکان هەنگاوی باش چوونەتە پێشەوە و هیوادارین فراوانتر و بەهێزتر ببێت.
لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باسی لە پێشهاتە نوێیەکان و هەڵوێستی پارتی بۆ کونسووڵی گشتی کرد، دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگیی بە کار و کارنامەی ساڵانی داهاتووی حکوومەت دەدات، ئایا ئەو کارنامەیە چەندە خزمەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات. لە درێژەی گفتوگۆگاندا هۆشیار سیوەیلی ئەوەی ڕاگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆکانیدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەییی عێراق دەکاتەوە، ماددە و خاڵەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، نەک تەنیا ئەو خاڵ و بڕگانەی کە لە بەرژەوەندیی لایەنێکە. ئێمە لەو باوەڕەداین جێبەجێکردنی دەستوور هاوکارێکی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، بەردەوامبوونیشی لە پێشێلکردنی دەستوور پەیوەندی و بارودۆخی عێراق بە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دەهێڵێتەوە. بارودۆخی ئێستای کەرکووک نموونەی بەردەوامبوونی ئەو پێشێلکارییە دەستوورییەیە کە حکوومەتی فیدراڵ دەیکات. بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە باسکردن بوو لە ڕەوشی ئێستای ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ٣٠-٩، بەڕێز سیوەیلی ئاماژەی بەوە دا، پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کوتایی دەکات، پاشان دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بە مەبەستی شیوازی کار و بەرنامەی کابینەی داهاتووی حکوومەت.
کامل ئەلئەباسیری، کونسووڵی گشتیی میسر، پیرۆزباییی لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیوای خواست کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پێک بهێندرێت. پێکهێنانی حکوومەتی هەردوولا کاریگەریی دەبێت لەسەر سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و داواکارین هەردوولا کار بکەن بو لێک نزیکبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان هەردوولا، بە چارەسەرکردنی گرفت و کێشە هەڵواسراوەکان دەکرێ خزمەتێکی باشتر بە دانیشتوانی عیراق بکرێت و لە ڕووی سیاسی و ئابووریشەوە بەرەوپێشەوەچوونی باش بەدەست بێت.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
