پۆڵۆنیا مێژووی خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنێت

هەولێر-KDP.info- کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەروەی پارتی دەڵێ، ئەمساڵ یادی سەربەخۆییی پۆلۆنیا دەکەنەوە و لەو یادەشدا مێژووی خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەرەبەخۆیی بەرز دەنرخێنن.
کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان، دۆمینیک مۆشیاو، سەردانێکی تایبەتی بۆ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کرد و لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)وە بە گەرمی پیشوازی کران.
لە دیداری نێوان کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا و بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا بە فراوانی باسی دواپێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی تازەی بنکەفراوان لە عێراق کرا. هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوول و پێوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی لە دیدگای پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە خستە ڕوو و هەردوو لا باسیان لە پشتگیریی وڵاتانی دەرەوە کرد لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان و گرنگایەتیی فراوانکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا جەختی لەسەر کرایەوە.
دۆمینیک مۆشیاو، کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە تایبەتە، هیوای خواست کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ئارامی و ئاشتییانە بەڕێوە بچن و ئامادەییی کونسووڵخانەی وڵاتەکەیشی ڕاگەیاند، کە شان بە شانی کونسووڵخانە گشتییەکان و نوێنەرانی دیپلۆماسیی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆیان لە چاودێریکردن بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک بۆ پەرلەمانی کوردستان ببینن و ڕایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ فراوانکردنی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی جێی بایەخی نێوان هەردوو لا.
کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند، کۆماری پۆڵۆنیا ئەمساڵ (١١/١١/٢٠١٨) یادی ١٠٠مین ساڵی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی خۆی دەکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێمی کوردستانیش کونسووڵخانەی وڵاتەکەیان ڕێوڕەسمێکی شکۆدار ساز دەکات و، بۆ دەربڕینی پشتگیری و هاوسۆزی و بەیەکەوەگرێدانێک لە نێوان مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی پۆڵۆنیا و کوردستاندا چالاکییەکی تایبەت لە هەولێری پایتەخت ساز دەکەن. گەل و وڵاتی پۆڵۆنیا کە بۆ ١٢٣ ساڵ ژێردەستە بوون و وڵاتەکەیان لە نێوان سێ زلهێزی ئەوروپاییدا دابەش کرابوو، بە ڕێزەوە لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا دەڕوانن و خوازیارن لە یادی ١٠٠ ساڵەی بەدەستهێنانی سەربەخۆییاندا لە لایەن هونەرمەندێکی شێوەکاری ناسراوی پۆڵۆنیاوە پانۆڕامای گرێدان و لە یەکچوونێکی مێژوویی لە زنجیرە تابلۆیەکی هونەریدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بنەخشێنن، کە ئەم تابلۆ هونەرییانە ڕەنگدانەوەی هەستی خەڵکی پۆڵۆنیا دەبێت لە بەرجەستەکردنی مێژووی خەباتی خوێناوی و قوربانیدانی هەردوو گەلی پۆڵۆنیا و کوردستان لە پێناوی مانەوە، ئازدی و سەرەبەخۆییاندا و، دەیان مەتر درێژیی تابلۆکان دەبێت و خوازیارن دەرفەتیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە بۆ بڕەخسێت.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ڕایگەیاند، خۆشحاڵن بەم دەستپێشخەرییەی کونسووڵخانەی کۆماری پۆڵۆنیای دۆست لە هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە و بیرۆکەیە هەموو ئاسانکاری و هاوکاری و پشتگیرییەک پێشکەش دەکات و لەگەڵ دەزگا و دامەزراوە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ سەرخستن و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی یادکردنەوەی ١٠٠مین ساڵی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆماری پۆلۆنیا لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پیرۆزبایی ئەم بۆنە پیرۆزەی لە گەل و حکوومەت و کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا کرد و هیوای بەختەوەری و سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ گەل و وڵاتی پۆڵۆنیا گەیاندە سەرکونسووڵ دۆمینیک مۆشیاو.
هۆشیار سیوەیلی ئەوەیشی بە بیر سەرکونسووڵی پۆڵۆنیا هێنایەوە کە لە کاتێکدا ئەوان یادی ١٠٠مین ساڵی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان دەکەنەوە خەباتی ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو و خوێناویی گەلی کوردستان لە پێناوی سەربەخۆییی کوردستاندا بۆ گەیشتن بە ئازادی، بەها و قوربانییەکی گەورەی بەخشیوە و سەدەیەک دوای ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ کە تێیدا کوردستان بە پیلانێکی نێودەوڵەتی بەسەر زلهێزەکانی ناوچەکەدا دابەش کرا و گەڵانی کوردستان لە هەموو مافێک بێبەش کران، لە ٢٥ی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا، کە کاریگەریی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی، قۆناغێکی سەختی تێپەڕ کرد و ئامادەی هەموو قوربانییەکە بۆ هێنانەدیی مافە دەستوورییەکانی و چاوەڕوانی پشتگیری و هاوسۆزیی میللەتانی دۆست دەکات، تاکۆ گەلی کورد بگاتە ڕیزی میللەتانی ئازاد و سەربەخۆ .

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
