كۆنسووڵی هیندستان: پێویستە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكرێن

هەولێر-KDP.info- كۆنسووڵی گشتیی هیندستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارە بكرێن و، هەوڵ بدرێت لە رێگەی ئاساییش و سەقامگیرییەوە گەشەی ئابووری و سیاسی بەرەو پێش بجێت.
كۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی كوردستان (دیپاك میگلانی)، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لە لایەن بەرپرسی مەكتەب (هۆشیار سیوەیلی)ـیەوە پێشوازی كرا.
لە دانیشتنێكدا باس لە دواڕووداوەكانی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و گاریگەرییەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستان كرا و، (سیوەیلی) ئەوەی خستە ڕوو كە ئەو پێشهاتانە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك قەیران و جیاوازیی بنەڕەتین كە حكوومەتانی ناوچەكە ئامادە نەبوون بە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەیان بكەن، بەڵكوو بە پێچەوانەوە هەوڵی ئەوە دراوە ئەو جیاوازیانە بە هێز چارە بكەن، ئەزموون و مێژوویش ئەوە پێشان دەدەن كە هێز هیچ كات نەیوانیوە دەنگی چەوساوە كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵكوو بووەتە هۆكاری نەهامەتی و وێرانكاریی زیاتر و دروستبوونی قەیرانی تر و ئاڵۆزكردنی كێشەكان.
دەربارەی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقیش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئەوەی خستە ڕوو كە، حكوومەتی عێراق حكومڕانیی بەپێی دەستوور نەكردوە، سەرۆكوەزیران بە هەڵبژاردنی ماددەكانی دەستوور كە لە بەرژەوەندیی سیاسیی خۆدیدان، حوكمی كردووە و دەستووری پێشێل كردووە لە زۆر بواردا، بە تایبەتی ئەو ماددانەی كە پەیوەستن بە مافی گەلی كوردستان و دەستەڵاتی هەریمەكان. گەلی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی پەنای بۆ هێز نەبردووە و تەنیا بەرگری لە خۆی كردووە، ئێستایش لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی كە لە چەند مانگی رابردوودا هاتونەتە ئاراوە، ئێمە پێمان باشە لە چوارچێوەی دەستووردا چارەیان بكەین، بۆ ئەم مەبەستەیش داوامان لە كومەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە كە پەیوەندی و كاریگەرییەكانی خۆیان بەكار بهێنن تاكو بتواندرێت ئەم ئاڵۆزی و جیاوازیانە بە دیالۆگ چارەسەرێكی ئاشتیانەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا بە وردی باس لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەكردنی بۆچوونە جیاوازەكانی نیوان پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سیوەیلی)ـیش گوتی، "ئێمە لەو باوەڕەداین كە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرێكی گونجاوە و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رای میللەتی خۆمان".
كۆنسووڵی گشتیی هیندستان، سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی كرد بۆ ئەو دیدارە و راگەیاند، "گەلی كوردستان خاوەن مێژووییەكی پڕ لە خەباتە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئازادی و، ئێمەیش ڕێز لەو داخوازی و خەباتە دەگرین. حكوومەتی هیندستان بەردەوام دەبێت لە بەهێزكردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی، ئابووری و سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیش بە گشتی و، هیوادارین لەو رێگەیەوە بتوانین بەشدار بین لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاشتی. ئێمە داوامان ئەوەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارە بكرێن و، هەوڵ بدرێت لە رێگەی ئاساییش و سەقامگیرییەوە گەشەی ئابووری و سیاسی بەرەو پێش بجێت، تاكو دانیشتووان لێی سوودمەند بن و لەو نەهامەتی و ئاڵۆزیانە دەرباز بن".

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
