٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

باڵوێزی سوێد پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، باڵوێزی سوێد لە عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی سەربازی و سیاسی و مرۆییی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر.

لەسەر بانگهێشتی باڵوێزی نوێی شاهانەی سوێد لە عێراق، (پۆنتۆس مێلاندەر)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، (هۆشیار سیوەیلی) و شاندێكی یاوەری ئامادەی مەراسیمی جەژنی زستانەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوێد بوون، كە تێیدا ژمارەیەك لە نوێنەرانی دیپلۆماسی و وڵاتانی بیانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی بەشدار بوون. بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵوێزی نوێی شاهانەی سوێد لە عێراق كرد و سوپاس و ستایشی پشتیوانی و هاوكاریی گەل و حكوومەتی سوێدی كرد لە ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە كوردستان و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی ئاوارەكان و پشتیوانیی وڵاتەكەی لە دیالۆگی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان.

باڵوێز (میلاندەر)، وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا دووپاتی كردەوە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی سەربازی و سیاسی و مرۆییی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر. ڕۆڵی هێزەكانی پیشمەرگە و هەرێمی كوردستانی بەرز هەڵسەنگاند و باسی خۆڕاگری و قوربانیدانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد، كە سەرەڕای قەیرانی سیاسی و ئابووری هاوكاریی ئاوارەكانیان كردووە و پاریزگارییان لێ كردون. هەردوولا جەختیان لە گرنگی و گەشەكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردەوە.

روژی دواتر لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرا لە (كریستیان نیلسۆن)، جێگری باڵوێز و بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانە لە هەرێمی كوردستان. (هۆشیار سیوەیلی) بەرپرسی مەكتەب لە دیداری نێوانیاندا دواپەرەسەندنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پەیوەست بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، دەستووری و پۆستڕێفراندۆم و كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتوو لە عیراق.  بەڕێز سیوەلی دووپاتی كردوە كە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور گرنگە.


(كریستیان نیلسۆن)  سپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، حكوومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوکاری بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و بوارە جیاجیاكانی تر و جێبەجێكردنی دەستوور و مافە ڕەواکانی گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار