٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

جەمال كۆچەر: دەبێ جیددیەتی تەواومان بۆ ڕێکخستەوەی نێوماڵی کورد هەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو دیاریی كرد، حكوومەتی هەرێم داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، ئەگەر بەغداش ئەو هەنگاوە بنێت، بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها بێ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد، ئێمە نەدەتوانین لە كوردستان هیچ بكەین، نە لە بەغدا، بۆیە زۆر پێویستە ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین.

(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: ''دەبێ بەغدا واز لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بهێنێت و، بۆ دایەلۆگێکی جیددی و بناتنەر بۆ ئێستا و داهاتوویش لە پێناو چارەی کێشەکاندا ئامادەی گفتوگۆی ستراتیژیی جیددی بێت، کە خواست بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەبێت لە عێراق.''

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: ''ڕەنگدانەوەی لە نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕوونە و یەکگرتووییەک هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، دەخوازین بەغدایش یاریی بەم کارتەوە نەکات، دەبێ بە هیواوە بڕوانێنە پاشەڕۆژی خۆمان و، دەبێ بە یەکڕیزی نێوخۆییمان ئەم قۆناغە سەختەش تێبپەڕینین و واز لە بەرژەوەندیی کەسیی تەسک بهێنین.''

هەر لەم بارەوە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو، (جەمال كۆچەر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''حكوومەتی هەرێم داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات،  ئەگەر حكوومەتی بەغداش ئەو هەنگاوە بنێت، بارودۆخی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی دەبێتەوە.''

(جەمال كۆچەر) ڕوونیشی كردەوە: ''بێ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد، ئێمە نە دەتوانین لە كوردستان هیچ بكەین، نە لە بەغدا، بۆیە ئێمە هیچ دەنگ و ڕەنگ و هەیبەت و ڕێزمان نابێت بەرامبەر ئەوانەی كە لەگەڵیان دادەنیشین، ئەگەر كۆدەنگ و یەكهەڵوێست نەبین، دەبێ ئەو ڕاستییە هەموومان بیزانین، بۆیە زۆر پێویستە ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین، تا بتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین و دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین.''


ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار