٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

فیلمی سڵاو پێشمەرگە خەڵاتێکی گرینگی لە ئیسپانیا وەرگرت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دەرهێنەری فیلمی سڵاو پێشمەرگە، (ئەحمەد ڕامبۆ) دەڵێت، بۆ یەکەم جارە فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵەکان خەڵاتی (سپێشەل ئیفێکت- Special Effect) بەدەست دەھێنێت.


فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، کە چیڕۆکەکەی، پاڵەوانی لەشجوانی، (ئەحمەد ڕامبۆ)، نووسیویەتی، سیناریۆکەیشی لە لایەن (سەعید مەحمود)ەوە نووسراوە، کاری دەرھێنانیشی دەرھێنەری بەئەزموون (حەسەن عەلی) بۆی کردووە، لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، بە نوێنەرایەتیی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ئەکشن)دا لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداریی کرد، کە لەگەڵ (٩) فیلمی وڵاتانی تر لە کێبرکێدا بوو، لە ئەنجامدا توانی خەڵاتی باشترین (سپێشەل ئیفێکت-Special Effect) وەرگرێت، کە فێستیڤاڵەکە لە ڕێکەوتی (٢٢ تا ٢٨/١٠/٢٠١٧) لە شاری (سیڤیلیا) بەڕێوە چوو.

لەم بارەیەوە، دەرهێنەر و پاڵەوانی فیلمەکە، (ئەحمەد ڕامبۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بۆ من و تەواوی ستافی فیلمەکە مایەی خۆشحاڵییە، فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆی لە ئاستی دنیادا، بە نوێنەرایەتیی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ئەکشن)دا لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداریی کرد و، توانیی خەڵاتی باشترین (سپێشەل ئیفێکت-Special Effect) وەرگرێت، بۆ من مایەی خۆشحاڵییە، کە توانیمان لە ناو (٩) فیلمی تردا ئەو خەڵاتە وەربگرین.''

(ڕامبۆ) گوتی: ''ھەستێکی زۆر خۆشە بۆ من، کە یەکەمین کارم لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا خەڵات بەدەست بھێنێت، کە بۆ یەکەم جارە فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵەکاندا خەڵاتی (سپێشەل ئیفێکت-Special Effect) بەدەست دەھێنێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سینەمای کوردی.''

(ڕامبۆ) پتر گوتی: ''(سپێشەل ئیفێکت-Special Effect)، واتە ئەو کارانەی کە لەسەر سێت ئامادە دەکرێن و ئەنجام دەدرێن لە لایەن کەسانی شارەزاوە، کە ئەمڕۆ لە زۆربەی فیلمەکانی دنیا لە ستۆدیۆ و لە ڕێگای (ڤیژوال ئیفیکت)ـەوە کاریان بۆ دەکرێت.''

(ڕامبۆ) ئاماژەی بەوەش دا: ''بەداخەوە لەبەر ئاڵۆزیی سیاسی و داخستنی فرۆکەخانەکانی ھەرێم نەمتوانی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، لە وڵاتی ئیسپانیا ئامادە بم، ئێستا خەڵاتەکە لە لایەن لیژنەی فێستیڤاڵەکەیە، لە داھاتوودا بۆمان پۆست دەکەن.''

(ڕامبۆ) لە کۆتاییدا گوتی: ''لێرەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ستافی فیلمەکە دەکەم، ھەمووان لەگەڵ ئەم کارە ماندووبوون، لە بچووکترین کارەکتەرەوە تا دەرھێنەر، جیگای دڵخۆشییە فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە) ئەمساڵ ئەوە دووەم خەڵاتە بەدەستی بھێنێت، ھەروەھا بۆ چەندین فێستیڤاڵی تریش ڕەوانە کراوە، ھیوادارین لە داھاتووشدا خەڵاتی باشتر بەدەست بھێنێت، لێرەوە زۆر سوپاسی ھاوڕێی خۆشەویستم، ھونەرمەندی سینەماکار، (ئاوات عوسمان) دەکەم، کە یارمەتیدەرمان بووە بۆ بڵاوکردنەوەی لە فێستیڤاڵەکاندا.''

چیرۆکی فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، باس لە داستانی مەفرەزەیەکی پێشمەرگە دەکات لە ھەلومەرجی زستانێکی سەختدا، لەگەڵ خانمە ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی، کە ھاتبووە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ھەواڵەکانی شۆڕشی کورد بگوێزێتەوە بۆ جیھان لە ڕێگەی کامێراکەیەوە، لەو دەمەی کە ھەموو دنیا لە بوونی کورد و ئازارەکانی بێئاگا بوو... کە ڕژێم پێی دەزانێ زۆر بۆی گرنگ دەبێت، کە ئەم ڤیدیۆ و دیکۆمێنتانە نەگاتە تیڤیەکانی جیھان، بە ھێزێکی سەربازی گەورە بە دوای دەکەون، بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام ئەم مەفرەزەیە گیانی ڕۆژنامەنووسەکە دەگرنە ئەستۆ، لە ململانێیەکی سەخت و دژواردا خۆیان گیانفیدا دەکەن تاکو لە سنووری تورکیا ڕەتی کەن، بۆ ئەوەی ھەواڵی شۆڕشی کورد بە جیھان بگات.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین، فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە) بە پاڵەوانێتیی قارەمانی لەشجوانی، (ئەحمەد ڕامبۆ) و خانمە ئەکتەری بەناوبانگی ئەڵمانی (لیۆنی زیومر) و ئەکتەری بەناوبانگی عەرەبی، (شمم ئەلحەسەن)ـە، کاری بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە لە ئەستۆی کۆمپانیای گۆڵدن سپۆرت-ی (ئەحمەد ڕامبۆ)یە، لە نواندنی ھەریەک لە ئەکتەران، (عادل عەبدولڕەحمان، کاوە قادر، عەبدولی حەمە جوان، نیگار عوسمان، عەبدولڕەحمان محەمەد، مازن محەمەد، کارزان سەلاح، ئەحمەد سەعد، عەبدوڵڵا محەمەد و ھەنار کامەران)ـە، بەڕێوەبەری وێنەگرتنەکەیشی، (پویان کەفیلی)یە، دەنگھەڵگرەکەی، (ئەرستۆ مەفاخیری)یە، بەرنامەڕێژی فیلمەکە (کەریمۆک)ـە، ڕاوێژکاری پێشمەرگە (لالۆ ڕەنجدەر)ە، کاری مکیاژەکەی، (عەلی ئەژدەری) کردوویەتی، جلوبەرگەکەی کاری (بەھار عوسمان)ـە، دیزاینەرەکەی، (ھەردی حەسەن)ـە، کلاکێت (تینا حسامی)یە، کاری مۆنتاژ (نەعمەت نارنجی) جێبەجێی کردووە، کاری سپێشەل ئیفێکت (حاجی تاژیک)ـە، بەڕێوەبەری بەرھەمەکەش، (نێچیرڤان ئەرگوشی)یە، فۆتۆگرافەر (وریا گوڵزاری)یە، دروستکردنی پۆستەر (ئارش)ـە. فیلمەکە لە ناوچەی سەفین و ھیزۆپ و دۆلی سماقولی بە کامێرای (کانوون دی حەوت سەد) وێنەی گیراوە، ماوەکەی (٨٩) خولەکە و بەرھەمی ساڵی (٢٠١٦)ـیە.
جێگەی باسە، پێشتریش فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتی لە ئاستی ناوخۆدا، لە ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کوردستان بۆ فیلم بەشداریی کرد و خەڵاتی (باشترین دەرھێنەر)ی وەرگرت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار