کونسووڵی ڕووسیا هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بەرانبەر هەرێم دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.info- (ڤیکتۆر سیماكۆڤ)، کونسووڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە هەولێر هەڵوێستی نەگۆڕی ولاتەكەی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە، كە ڕێز لە ئیرادە و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەگرن و هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ پاراستن و بەرەوپێشەوەچوونی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیە.
ئەمڕۆ شاندیكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، (هوشیار سیوەیلی) لە هەولیر سەردانی كونسووڵخانەی گشتیی ڕووسیای فیدراڵیان كرد.
شاندەكە لە لایەن كونسووڵی گشتیی، (ڤیكتۆر سیماكۆڤ)ەوە پێشوازی كرا, سەرەتا (سیوەیلی) سوپاسی ئەو پیشوازییەی كرد و بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی حكوومەت و گەلی ڕووسیای فیدراڵی كرد بۆ هەڵوێستی ئەرێنیان سەبارەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی دۆستایەتیی مێژووییی گەلی كوردستان و ڕووسیا. گەلی كوردستان هەڵوێست و هاوكارییەكانی ڕووسیا بەرز دەنرخێنێت، كە لە قوناغە جیاواز و هەسیارەكاندا پێشكەشی كردوون, ئەم هەلۆێستەش وای كردوە كە پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و ڕووسیادا دروست ببێت. لە درێژەی ئەو دیدارەدا باس لە دواین پێشهات و ڕووداوەكانی ئیستای ناوچەكە و كوردستان كرا، كە بە قۆناغێكی هەستیاردا گورزە دەكات و پێویستی بە ئارامی و سیاسەتی حەكیمانە هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر و پارێزگاریكردن لە مافی گەلانی ناوچەكە.
بەرپرس پەیوەندییەكان ئەو هۆكارانەی خستە ڕوو كە وای كرد گەلی كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات و ڕێگاری سەربەخۆیی بگرێتەبەر. چونکە لە چوارچێوەی عێراقدا بە دەست و سیاسەتی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق گەلی كوردستان ڕووبەڕووی جێنۆساید و ویرانكاری بووەتەوە و لەگەڵ ئەو نەهامەتییەشدا گەلی كوردستان لە ٢٠٠٣دا بڕیاری دا بە هاوبەشی عێراقێكی نوێ دابمەزرێنێت لەسەر بنەمای شەراكەت و لێكتیگەیشتن و و ڕێزگرتن لە مافەكانی یەكتری, بەداخەوە هاوبەشەكانمان نەك نەیانتوانی هاوبەشێكی باش بن، بەڵكو سیاسەتێكی نۆیان پێڕەو كرد، كە درێژەپێدەری حكوومەتەكانی پێشووی عێراق بوو. گەلی كوردستان بڕیاری خۆی داوە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش داوا دەكات بە گفتوگۆ كێشەكان چارە بكەن و حكوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێز لە دەنگ و مافەكانی گەلی كوردستان بگرن. پەنابردن بۆ هەركارێك جگە لە گفتوگۆ ئاكامێكی باشی نابێت, گەل و حكوومەتی كوردستان هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەك ڕەت دەكەنەوە، كە ببێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لە بەرامبەردا (سیماكۆڤ) هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەكەی دووپات كردەوە كە ڕێز لە ئیرادە و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەگرن و هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ پاراستن و بەرەوپێشەوەچوونی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیە. (سیماكۆڤ) داوی كرد، هەموو لایەك زمانی توندوتیژی و هەڕەشە وەلا بنێن و بكەونە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بۆ دۆزینەوەی چارە بە مەبەستی بەرقەراركردنی ئاشتیی زیاتر لە ناوچەكەدا. ئەوەیشی خستە ڕوو. كە وڵاتەكەی ئامادەیە پەیوەندی و كاریگەرییەكانی بەكار بهێنێت بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان. بەڕێزیان, پیشوازیی لە هەڵوێستی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد، كە ئامادەییان نیشان داوە بۆ گفتوگۆی بێمەرج لە گەڵ بەغداد. لە كۆتاییدا هەردوو لا جەختیان كردەوە، كە پێویستە هەموو لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان هەست بە هەستیاری و بەرپرسیارەتیی ئەم قۆناغە بكەن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
