٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

شاندێکی چاودێریی بەریتانیا: پرۆسەی ڕیفراندۆم دیموکراسی و ئازادانە بوو؛ دەبێ ڕێز لە ئەنجامەکەیشی بگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- تیمی چاودیری بەریتانیایی، بە سەرۆكایەتیی (كریسپین بلۆنت)، ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، پرۆسەكەیان بە پرۆسەیەكی دیموكراسی و ئازادنە وەسف كرد، كە مافی هەموو گەلێكە لە پرسە چارەنووسسازەكاندا  پرسی پێ بكرێت و ڕێگای پێ بدرێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و دەبێ ڕێز لە ئەنجامەكەیشی بگیرێت.

(هۆشیار سیوەیلی)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەروەی پارتی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی كردن بۆ ئامادەبوونیان لە سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەریمی كوردستان. (سیوەیلی) باسی لە میژووی گەلی كوردستان كرد لە چوارچێوەی عێراقدا و شێوازی مامەڵەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لەگەڵ گەلی كوردستان دوای ڕێكکەوتننامەی سایكس-پیكۆ و دامەزراندنی عێراق لە دەرەوەی خواستی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، کە گەلی كوردستان بووە یەكەم و گەورەترین قوربانی و، پاش دامەزراندنی عێراق نەهەماتییەكانی گەلی كوردستان كۆتایییان پێ نەهات، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیادیان كرد و قۆناغ بە قۆناغ گەلی كوردستان ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و جینۆساید و كاولكاری و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیاباران و دەیان هیرشی تری نامرۆڤانە بووەوە. لە پاش پرۆسەی ئازادكردنی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣دا گەلی كوردستان بە هیوای عێراقێكی نۆێ و ئازاد و فیدراڵ بڕیارێكی ئارەزومەندانەی دا، كە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، كە جینۆسایدی كردووە و ژێرخان و خاكی وڵاتەكەی وێران كردووە. جێگای داخە ئەو ئومید و هیوایەی گەلی كوردستان بۆ عێراق خواستی و كاری بۆ كرد سەركەوتوو نەبوو, هۆكارەكەیشی بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداد دەگەڕێتەوە، كە باوەڕیان وایە دەبێ بە هێز لەگەڵ خواست و داواكارییەكانی ئەواندا بجووڵێتەوە.

  گەلی كوردستان زۆری قوربانی داوە لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە ژێردەستە بێت. حكوومەتی ئیستای عێراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی پێشوو دەستووری عێراقی پێشێل كرد و عێراقی كردە دەولەتێكی تائیفی و مەزهەبی, مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانی وەلاوە نا و بە ناردنی هێز بۆ سەر كوردستان هەوڵی تیكشكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستانی دا و كارێكی كرد، كە حكوومەتەكانی پێش ئەو هەرگیز بیریان لێ نەكردبووەوە, ئەویش بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان بوو.  پاش ئەم هەموو ئەزموونە تاڵە گەلی كوردستان بڕیاری داوە، كە چۆن بە ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی عێراقدا مایەوە، ئیستاش بە ئازادانە و بە پرۆسەیەكی دیموكراسییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و هەنگاو بەرەو  قوناغێكی نۆی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا بنێت، ئەویش بە بوون بە دوو دراوسێی باش و هاوكار و هەماهەنگ.

شاندی میوان بە سەرۆكایەتیی (كریسپین بلۆنت)، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و, (ڕۆز ماگوایەر)، ئەندامی پەرلەمانی سكۆتلەند و, (ڕۆجەر لاین)، سەرۆكی پێشووی سەندیكای كریكاران و, پرۆفیسۆر (ڕۆجەر مولین) و دەیان كەسایەتیی تری سیاسی و ئەكادیمی، سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانیان كرد بۆ ئەم پێشوازی و هەماهەنگییەی كردوویانە بۆ بانگهێشتكردنیان بۆ چاودیریی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەریمی كوردستان. بەرێزیان پرۆسەكەیان بە پرۆوسەیەكی دیموكراسی و ئازادنە وەسف كرد، كە مافی هەموو گەلێكە لە پرسە چارەنوس سازەكاندا پرسی پێ بكرێت و ڕێگای پێ بدرێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و دەبێ ڕێز لە ئەنجامەكەیشی بگیرێت. ئەوەی جێگای خۆشحاڵی بوو بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵانە بوو، بەشداربوانیش بە هەستێكی جوانی نیشتمانی و ئازادانەوە دەهاتنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدا، بەبێ ئەوی هیچ كاریگەری و  هەڕەشەیەك لەسەریان هەبێت, بەڕاستی جێگای شانازی و خۆشحاڵی بوو، كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شاهیدی ئەو پرۆسە دیموكراسییە بووین و ئومێدی بەردەوامی و بەرەوپێشەوەچوونی بۆ دەخوازین.

هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ كردەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا, گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی زۆر نەهامەتی بوون، بۆیە دەبێ ڕێز لە جیاوازییەكان بگیرێت و هەوڵی لێكتێگەیشتنی زیاتر بدرێت بۆ داخوازییەكانی یەكتر و بە ئاشتییانە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. بە بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و هێز تەنها ڕەوشەكە ئاڵوزتر و دژوارتر دەكات و لە كۆتاییشدا هەر دەبێ بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. شاندی میوان بەڵێنی ئەوەیان دا كە هەموو هاوكارییەك دەكەن بۆ بەرەوپێشەوەچوونی دیموكراسی لە ناوچەكەدا و هانی حكوومەتی وڵاتەكەیشیان دەدەن، كە هاوكار بێت لە دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدادا.  ئومێدی سەركەوتن و ئاشتیی زیاتریان بۆ گەلی كوردستان و بەرقەراربوونی سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەكە خواست.
 

هەواڵی پەیوەندیدار