٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

سیوەیلی و قەهوەچی و پیرخدر لە پانێڵکدا لە ئیستانبوڵ پرسی ڕیفراندۆمیان خستە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP,info- لە ڕێکەوتی ٩-٩-٢٠١٧دا شاندێکی  پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیمان بە سەرۆکایەتیی (ھۆشیار سیوەیلی)، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی و (لاتاو بارزان مەلاخالید)، ئەندامی مەکتەب بو بەشداری لە كونفرانسێك گەیشتنە ئیستەنبوڵ، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پانێڵێکدا سەبارەت بە پشتگیری لە پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، کە بڕیار وایە لە ڕێکەوتی ٢٥-٩-٢٠١٧دا ئەنجام بدرێت.

کۆنفرانسەکە لە لایەن پێنج حزبی سەرەکیی باکووری کوردستانەوە، کە بریتی بوون لە پارتی ئازادیی کوردستان، کە لە لایەن  (مستەفا ئۆزچەلیک)ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و، پارتی دیموکراتی کوردستانی باکوور، کە لە لایەن (سەرتاج بوچاک)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە لە لایەن (مەسعوود تەک)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و، بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، کە لە لایەن (سدقی زیلان)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ھەروەھا بە بەشداریی (محەمەد بایکاڵ)، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئیستانبوڵی ئەو ئینسیاتیڤەی بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەبەخۆیی دروست کراوە. جگە لەم ئینسیاتیڤە، چەندین کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانسی تریان لە شارەکانی تری تورکیا، وەک دیاربەکر و ئەزمیر ئەنجام داوە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەوانە ئاک پارتی و پارتی کۆماری تورکیا ئەنجام داوە، بۆ شیکردنەوەی ئامانجەکانی ڕیفراندۆم.
کۆنفرانسەکە، کە ڕۆژێکی خایاند، لە دوو پانێڵی سەرەکی پێک ھاتبوو، کە لە پانێڵی یەکەمیاندا، (ھۆشیار سیوەیلی) نوێنەری پارتیمان و، (مونا قەھوەچی)، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانەکان، کە نوێنەرایەتیی برا تورکمانەکانی دەکرد و، (پیر خدر) ئەکادیمسیەن و نوێنەری برا ئێزدییەکانمان و (وەھاب جۆشکون)، مامۆستای زانکۆی دیجلە، لە دیاربەکر پانێڵەکانیان پێشکەش کرد و لە لایەن پرۆفیسۆر دکتۆر (یاشار)ەوە بەڕێوە چوو. بەشی دووەمی دانیشتنەکەش تایبەت بوو بە پرسیاری ئامادەبوان لە پانێڵیستەکان.

(ھۆشیار سیوەیلی) لە پانێڵەکەی خۆیدا زۆر بە وردی لە سێ تەوەردا باسی لە مەبەست و ھۆکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان کرد. لە تەوەری یەکەمی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستە سەر کورتەباسێکی مێژووی سەرھەڵدانی کێشەی نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، ھەر لە سەردەمی عوسمانییەکان و ویلایەتی مووسڵەوە تا کۆتاییی جەنگی جیھانیی یەکەم و دروستبوونی عێراق و دواجار ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا.

لە تەوەری دووەمیشدا (سیوەیلی) تیشکی خستە سەر کێشە دەستوورییەکانی نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی کە حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق دەرھەق بە ماف و ویستەکانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق بە ئەنجامیان گەیاندووە و، بە وردی پەنجەی خستە سەر ئەو ھۆکارانەی کە بوونەتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و دواجار بووە ھۆی جاڕدانی بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کە لە لایەن جەنابی (سەرۆک بارزانی) و بە بەشداریی زۆربەی حزبە کوردستانییەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ دیاری کرا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم.

ھەر لە تەوەری دوووەمی قسەکانیدا (سیوەیلی) بە وردی باسی لە پێشێلکردنی ئەو ماددە دەستوورییانە کرد، کە حکوومەتی ئێستای عێراق بەرانبەر بە مافەکانی گەلی کوردستان کردوونی و یەکە بە یەکە ماددە دەستوورییە پێشێلکراوەکانی بۆ ئامادەبوان شی کردەوە و، باسی لەوەش کرد، کە ھەموو ئەو پێشێلکارییانە ھۆکاری سەرەکین بۆ بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. لە تەوەری سێیەم و کۆتاییشدا، (سیوەیلی) تیشکی خستە سەر گرینگیی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ھەرورھا گرینگیی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت تورکیا و لە ناوچەکەشدا. پاشان بە وردی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان کرد لەسەر ئاستەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ئاماژەیشی بەوە دا، کە ھەرێمی کوردستان گەشبینە بە ڕۆڵ و ھەڵوێستی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان.

دواتر (مونا قەھوەچی)، کە وەک نوێنەری برا تورکمانەکانی ھەرێم بەشداریی کردبوو باسێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە بارودۆخی پێکھاتەی تورکمان لە ھەرێم و جەختی لەوە کردەوە، کە دەنگی زۆرینەی برا تورکمانەکان بە بەڵێیە لە ڕیفراندۆم و باسی بێھیواییی پێکھاتەی تورکمانی کرد لە حکوومەتی عێراق و، تیشکی خستە سەر ئەو پێشێلکارییانەی لە لایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە بەرانبەر بە پێکھاتەی تورکمان کراوە و، دواجار باسی لەوەش کرد، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتیی پێکھاتەی تورکمانی کردووە و، ئاماژەیشی بەوەدا، کە ئەو بەیاننامەیەی کە لە کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆک لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەرکرا، وەک میساقێکی شەرەف دەبینن و وەک دەستوورێکی کاتی وایە، کە تێیدا مافەکانی گەلی تورکمانی پارێزراو دەبێت.

دواتر (پیر خدر) ئەکادیمیسیەن و کەسایەتیی دیاری ئێزدی، باسێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە بارودۆخی ئێزدییەکان و پارێزراویی مافەکانیان لە چوارچێوەی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستاندا و، ئەو پێشێلکارییانەی لە مێژوودا دەرھەقیان کراوە، کە دوایینیان جینۆساید و بەدیلگرتن و بردنیان بوو لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە و، باسی ئەو یارمەتییانەشی کرد، کە حکوومەتی ھەرێم لەو سەروبەندەدا پێشکەشی کردن و ئاوارەکانیانی لە باوەش گرت.

لە کۆتاییدا مامۆستای زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر دکتۆر (وەھاب جۆشکون) بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە باسی دەرفەتەکان و ھەڕەشەکان و ئەو تەحەدییانەی کرد کە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەرێمی کوردستاندان.

هەواڵی پەیوەندیدار