وەزیری ڕۆشنبیریی میسر: بە بایەخەوە لە پێوەندیی ڕۆشنبیری و کەلتووریی نێوانمان لەگەڵ هەرێم دەڕوانین

قاهیرە-KDP.info- وەزیری ڕۆشنبیریی میسر لە دیداری لەگەڵ نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە قاهیرە دووپاتی کردەوە، بە بایەخەوە لە پێوەندیی ڕۆشنبیریی نێوان میسر و هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە تەلاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، (حلمی نمنم)، ڕۆژنامەنووس و وەزیری ڕۆشنبیریی میسر، پێشوازیی لە (شێرکۆ حەبیب)، بەرپرسی نووسینگەی پارتیی لە وڵاتی میسر کرد.
(نمنم) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و هیوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لای خواست و بە بایەخەوە ئاماژەی بە کەلتوور و ڕۆشنبیریی کوردستان کرد، هەروەها باسی لە سەردانی کوردستان کرد لە ساڵی ٢٠١٤دا و سەرسامیی خۆی بۆ جوانیی سروشت و ڕۆشنبیریی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، بە بایەخەوە کار دەکەن بۆ پتەوکردن و پێشڤەچوونی پەیوەندییە ڕۆشنبیری و کەلتورییەکانی نێوان هەردوو لا.
لە لای خۆیەوە، نوێنەری پارتی لە قاهیرە سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد و هیوای خواست، هەردوو لا بتوانن زیاتر بایەخ بە پەیوەندییەکان بدەن، هەروەها ئاڵوگۆڕی شاندنی هونەریی نێوان هەردوو لا ئەنجام بدرێت، لەم بارەیەوە نوێنەری پارتی داوای لە وەزیری ڕۆشنبیریی میسر کرد، ڕەزامەندی نیشان بدات بە سازکردنی هەفتەی ڕۆشنبیریی نێوان میسر و کوردستان، کە لە وڵاتی میسر ئەنجام بدرێت. کە ئەویش بە خۆشحاڵییەوە پێشنیارەکەی پەسند کرد.
لە تەوەرێکی دیکەدا نوێنەری پارتی لە قاهیرە ئاماژەی بە فرەکەلتووری و کەلتوورە جیاوازەکانی کوردستان و تەبایی و پێکەوەژیانی کەلتوورەکان کرد.
هەر لەو دیدارەدا نوێنەری پارتی ئاماژەی بە خۆئامادەکردنی گەلی کوردستان کرد بۆ گشتپرسی و بریاردان لە ئایندەی خۆی و، تیشکی خستە سەر بەرگریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئازادی و دیموکراسی و ئاماژەی بە قارەمانەتی و قوربانیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
