٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

تەیار نەهزەی عەرەبی: ڕێز لە بڕیاری گەلی کوردستان دەگرین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریاندا لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی کوردستانی و عێراقیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەیار نەهزەى عەرەبى لە بەغد ڕایانگەیاند، ڕێز لە بیر و بۆچوون و مافى بڕیاردانى گەلى کوردستان بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و سەربەخۆییى کوردستان دەگرین.

بە مەبەستى گرینگیدان بە پەیوەندى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، ئەمڕۆ (عەلى حوسێن)، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقیى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ئامادەبوونى (لوقمان ئەترووشى)، بەرپرسى دیسکى عەرەبى و ئەندامانى دیسک پێشوازیی کرد لە شاندێکى تەیار نەهزەى عەرەبى لە بەغدا، کە پێکهاتبوون لە (د. زیاد ناسر سۆدانى)، سەرۆکى تەیار نەهزە و جێگر و ئەندامانى سەرکردایەتیى تەیار نەهزەى عەرەبی.

لە دیدارێکدا دوای باسکردن لە ڕەوشى سیاسى و سەربازیى عێراق  و هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بەسەر تیرۆریستانى داعشدا و هاوکارى و هەماهەنگییەکانى نێوان هەردوولا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى باسى چەند وێستگەیەکى ڕابردووى خەباتى پڕسەروەریى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستانى لە تەواوى قۆناغەکانى ژیانى شۆرشگێڕى و سیاسیدا کرد و قوربانیدانەکانى گەلى کوردستان بە دەستى ڕژێمەکانى پێشووى عێراقی خستەڕوو، هاوکات (عەلى حوسێن) تیشکى خستە سەر قۆناغى دواى 2003ی عێراق و ڕۆڵى سەرکردایەتیى گەلى کوردستان و (سەرۆک بارزانى) لە بنیاتنانەوەى عێراقێکى نوێ و دانانى دەستوورێکى تازە بۆ هەموو گەلانى عێراق، بە کورد و عەرب و تەواوى پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکانەوە.

لە دیدارەکەدا ئەوەیش خرایەڕوو، بەداخەوە حکوومەتى عێراق نەیتوانى حوکمڕانییەکى تەندروست، بە پێى دەستوورى نووسراو پەیڕەو بکات و چەندین کێشەى سیاسى و ئابووریى بۆ هەرێمى کوردستان دروست کرد، تا گەییشتە ئەو ڕاددەیەى مووچە و قووتى خەڵکى کوردستانی بڕى، هەمووی ئەم هۆکارانەش واى لە خەڵکى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کرد، لە دوا هەنگاوەکانیاندا بیر لە ڕیفراندۆم و گەیشتن بە مافى سەربەخۆیى بە شێوەى گفتوگۆ و هێمنانە بکەنەوە و ئاشتى تەنیا چارە بێت بۆ ئەوەى گەلى کوردستان لە هەموو ئەو قەیران و ئێش و ئازارانە دەرباز بێت.

لای خۆیشیانەوە شاندى تەیار نەهزەى عەرەبى تەئکیدیان کردەوە، کە ڕێز لە بیر و بۆچوون و مافى بڕیاردانى گەلى کوردستان بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و سەربەخۆییى کوردستان دەگرن، هاوکات ئاماژەیان بە پاڵپشتىی ژمارەیەکى زۆر خەلکى عەرەب و حزب و لایەن لە عێراق کرد، کە پاڵپشتى لە سەرۆک (مەسعوود بارزانى) دەکەن و هەڵوێستەکانى (بارزانى) لە وێستەگە جیاجیانى قۆناغى ڕابردووا بەرز هەڵدەسەنگێنن، پاشان پرس و ڕاگۆڕینەوە لەسەر پرسێکى دیکەى سیاسى و پەیوەندى و هەماهەنگیى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و تەیار نەهزەى عەرەبى لە بەغدا جەختى لەسەر کرایەوە، لە بەرامبەردا بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى ستایشى شاندى میوانی کرد و تەئکیدى کردەوە، ئەمڕرۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە هاوکاریی نێوخۆ و وڵاتانى عەرەبى و نێودەوڵەتى هەیە بۆ ئەنجامدانى پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى و کۆتاییهاتنى شەڕى تیرۆریستانى داعش لە ناوچەکەدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار