٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

شێرکۆ حەبیب: رەوشی ناوچەکەمان لەگەڵ راوێژکاری کۆمکاری عەرەبی خستە بەرباسەوە

سەرچاوە: KDP.info

 قاهیرە-KDP.info-  لە دیداری (جەمال ڕوشدی)، ڕاوێژکاری سیاسیی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ (شێرکۆ حەبیب)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، باس لە دواپێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و کوردستان کرا.

(جەمال ڕوشدی) خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و هیوای خواست پەیوەندیی نێوان هەردوولا زیاتر پێش بکەوێت و ئاماژەی بە قارەمانەتیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان کرد بۆ بەرگریکردن دژ بە تیرۆریستان. هەر لەو دیدارەدا، کە لە بارەگای سەرەکیی کۆمکاری عەرەبی بوو، نامەیەکی تایبەتی ئەمینداری گشتی، (ئەحمەد ئەبو غەیت)، بۆ جەنابی (سەرۆک بارزانی) ڕادەستی نوێنەری پارتی لە قاهیرە کرا.

لە لای خۆیەوە بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە قاهیرە سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد و هیوای خواست، کۆمکاری عەرەبی هاوکاری و پاڵپشتیی دۆزی کورد بکات و، سەبارەت بە گشتپرسیش ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوە مافێکی یاسایی و سروشتیی گەلی کوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆی، دوای ئەوەی کورد هەموو هەوڵێکی دا کە عێراق وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی بۆ ڕێزگرتن لە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی دامەزرێت و (سەرۆک بارزانی) لە دوای ڕزگارکردنی عێراق و دەنگدان لەسەر دەستوور هەموو هەوڵەکانی لە پێناو عێراقی دیموکراسیدا بوو، بەڵام جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی دەستوور و ڕێککەوتنەکان هۆکار بوون بۆ گەیشتنی عێراق بەم بارودۆخە و هێرشی داعش. هەروەها  نوێنەری پارتی ئەوەشی خستەڕوو، کە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاماژەی بە ڕۆڵی گەلی کوردستان کرد، کە سەرەڕای بارودۆخی ئابووری، پێشوازیی لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کرد و، ئاماژەیشی بە قوربانییەکانی هێزی پیشمەرگە کرد، بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و دیموکراسی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار