٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

گوتاری پارتی لە کۆنگرەی سۆشیال ئینتەرناشناڵدا؛ ددان بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورددا بنێن

سەرچاوە: KDP.info

نیویۆرک-KDP.info-  شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کرد لە کۆنگرەی ئەنجومەنی سۆشیال ئینتەرناشناڵ لە نیویۆررک و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی کرد و شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

جەنابی سەرۆك، ئەمینداری گشتی، ئەندامانی ئەنجومەن و هاوڕێیانی ئازیز
من، نوێنەرایەتیی پارتی دێموكراتی كوردستان دەكەم، كە پارتێكی سیاسیی سەرەكییە لە كوردستانی عێراق و بە یەكێك لە پارتە سەرەكییەكانی عێراق ئەژمار دەكرێت، ئەو پارتەیە كە لە سەرەتای دروست بوونییەوە لە ساڵی ١٩٤٦دا لە تێكۆشاندا بووە لە پێناو دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و بەرنگاربوونەوەی دیكتاتۆرییەت لە عێراق. پارتی دێموكراتی كوردستان لە ئێستادا گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمانی كوردستان، كە خاوەنی ٣٨ كورسییە و سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان دەكات و یەكێك بووە لە بەشدارە سەرەكییەكانی مەیدانی سیاسیی عێرق و دامەزراندنی دامەزراوەكانی عێراقی فیدراڵ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، لەوانە نووسینەوەی دەستوور و پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی عێراقی، پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تایبەتیش جەنابی (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی كاراو بەرچاوی هەبووە، لە تێكۆشان لە پێناوی بەدیهێنانی دادپەروەری و لێبوردەیی و دێموكراسی لە كوردستان و عێراق و جیهاندا.

بەڕێزان
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ئەنجامی جەنگی جیهانیی یەكەمەوە, گەلی كوردستان خەباتی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی دەكات, لە هەموو قوناغەكانیشدا بە هێز و ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی وەڵام دراوەتەوە. چەوساندنەوەی گەلی كوردستان بەرنامەداڕێژراو بووە, جیبەجێكردنەكەش گەیشتە ئەو ئاستەی كە ڕووبەڕووی جێنۆساید بیبێتەوە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا, كە زیاتر لە دوو سەد هەزار خەڵکی بێتاوانی سڤیل كوژران بە چەكی كیمیاوی و زیندەبەچاڵكردن لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا. لە ئەنجامی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا و دامەزراندی ناوچەی ئارام و كشانەوەی ڕژێمی دیكتاتۆری عێراق لە بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانییەكان ئەو دەرفەتە بۆ گەلی كوردستان ڕەخسا، كە حوكمی زوڵم و چەوساندنەوەی (سەددام حسێن) بگۆڕێ بە پەرلەمانی و حكوومەتێكی هەڵبژێردراوی دیموكراسی. لەگەڵ هەموو ئەو فشارە ئاسایش و ئابووری, سیاسیانەی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو توانی هەنگاو بەرەو پێشوە بنێت و ببێتە بەشێكی گاریگەر لە ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی كوردستان و عێراق لە ٢٠٠٣دا. گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی شانبەشانی سەركردەكانی تری عێراق و نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانان بەشداریی كارایان كرد لە نووسینەوە و تەبەنیكردنی دەستووری نوێی ٢٠٠٥ی عێراقدا. ئەو دەستوورەی كە مافە سەرەتایییەكانی گەلی كوردستانی تێدا دیاری كرابوو، كرایە بنەمای پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەكانی عێراق. لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا سەركردایەتیی سیاسی و سەرۆكی هەریم هەوڵێكی زۆریان داوە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەییی عێراق. هەوڵ و كارەكانی گەلی ئێمە بۆ ئەوە بوو كە جارێكی دیكە گەلی كوردستان نەبێتە قوربانی و ڕووبەڕووی جینۆساید و چەوساندنەوە نەبێت. زۆر بەداخەوە پێتان ڕادەگەیەنم كە هەوڵ و چاوەڕوانییەكانی ئێمە بۆ ئەو عێراقە دروست دەرنەچوو.

میوانانی ئازیز و ئەندامانی سوشیال ئەنتەرناشناڵ
حكوومەتی عێراقی نەیتوانی لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا پابەند بێت بە ناوەرۆكی دەستوور و ماددەكانی، لەوانە ماددەی ١٤٠ و پاڵپشتیی پێشمەرگە و دابەشكردنی داهاتی وڵات بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و وازیان لە پرنسیپی هاوبەشی هێنا و هەروەها نەبوونی هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، كە لەسەر بنەمای دەستوورێك دروست ببوو، كە لە لایەن گەلی كوردستان پەسند كرابوو و هەوڵیان دا تاكلایەنە دەسەڵاتی سەربازیی خۆیان لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بچەسپێنن. هەر ئەو كاتەی كە بوودجەی كوردستانیان بڕی لە ئابی ٢٠١٤دا بزماری كۆتاییان لە تابووتەكە دا، لە كاتێكدا كە داعش هێرشی دەكردە سەر ناوچەكانمان لە ساڵی ٢٠١٤، كە پێشمەرگە شەڕێكی مەزن و شێرئاسای دەكرد بە پشتیوانیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، حكوومەتی عێراق هیچ ئاوڕێكی لە هەرێمی كوردستان  نەدایەوە و هیچ پشتگیریەكیشی نەكرد. لە كاتێكدا  كە ١٨٠٠٠٠٠ یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار پەنابەر و ئاوارەی عێراق هاتنە ناو كوردستان، لە هەمان كاتدا هەڕەشەی لە كوردستان دەكرد، بە كەمكردنەوەی هاوكاریی پزیشكی، هاوكات نەخۆشخانەكانمان، مەڵبەندی چارەسەری هەزاران ئاوەری عێراق بوون.

ئەو ئەزموونە تاڵەی كە لەگەڵ حكوومەتە یەك بەدوایەكانی عێراق هەمانە لە بەغداد، وای لە گەلی كوردستان كردووە، كە یان دەبێ لەگەڵ ئەزموونێكی تاڵ و ژیانێكی فاشل بژی لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق، یان مۆدیلێكی تر هەڵبژێرێت كە بە تەواوەتی جیاوازە، ئەویش بڕیاری مافی چارەی خۆنووسینە. لە ڕێکەوتی ٧-٦-٢٠١٧ نوێنەرانی بەشی زۆری پارتە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژ و ڕەگەزە جیاوازەكانی ئایینی كوردستانیان دەكرد، بڕیارێكی مێژوویی بە كۆمەڵیان دا بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوول. دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆمەكەدا هێز بە سەركردایەتیی سیاسی دەدات، بۆ دانوسانی ڕاستەقینە و ئاشتیانە لەگەڵ بەغدا، دەربارەی كات و مەرجەكانی جیابوونەوە. لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵ و ئامرازەكانی دەخاتە گەڕ و دەیسەلمێنێت كە ئەو هەوڵانە لە دڵەوەیە، زۆر دوورە لە بانگەشەی یەك لایەنە بۆ سەربەخۆیی، مەرامەكەش ئەوەیە كە دەبێ خواستی گەل پشتگیری لێ بكرێت و جێبەجێ بكرێت. ئامانجی كۆتاییمان دامەزراندنی دەوڵەتە، لە پێناو دابینكردنی خزمەتگۆزاری بۆ گەلەكەمان و پاریزگاری لە پەیوەندییەكان بكات لە گەڵ عێراق و دراوسێكاندا.
ئامادەبووانی خۆشەویست!

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، لە ساڵی ١٩٩٢ هاوبەشێكی متمانەپێكراو بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهان. هێزی پێشمەرگەی ئێمە قوربانیی زۆری داوە بۆ قەلاچۆكردن و بنبڕكردنی تیرۆر و گەلی كوردستان لەگەڵ ئەو هەموو هەڕەشەی ئاسایش و ئابووری كە ڕووبەڕووی بووەتەوە، دەروازەی ئاوەڵا كردووە بۆ  پێشوازیكردن لە ١.٨٠٠.٠٠٠ پەنابەری عێراق و سووریا. گەل و هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیری بوون لە ناوچەكە و ئەو بەهایە وەك میرات بۆ دەوڵەتی كوردستانی داهاتوو دەمینێتەوە. گەلی كوردستان پارێزگاری لەو میراتە دەكات و جەخت لەسەر پەیڕەوكردنی دەكاتەوە. لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، پێكەوەژیانێكی زۆر سەختمان هەبووە، كە پڕی بووە لە ماڵوێرانی و وێرانكاری و هەمیشە هەڕەشەی بەدوای خۆیدا هێناوە، كە ئەمەش بووەتە هۆكاری ناسەقامگیری لە عێراقدا. سەربەخۆییی كوردستان كۆتایی بە ناخۆشی و ناسەقامگیری دەهێنێت، دەروازەیەك دەبێ بۆ بەرەوپێشچوون و ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و دیموكراسی بەهێز و بەرەوپێش دەبات. داوا لە كۆمەڵگای ئاشتیخوازی جیهان و هەموو هێزە دێموكراسییە پێشكەوتوخوازەكان دەكەین، كە یارمەتیی گەلی كوردستان بدەن، بۆ وەدەستهێنانی مافەكانیان و پیادەكردنیان و ددان بە مافی چارەی خۆنووسیندا بنێن، لەو باوەڕەشداین كە ڕێكخراوی سۆشیال ئینتەرناشناڵ و  سۆشیال دیموكرات و ئەندامان و پارتە سوسیالەكان پابەند دەبن بە پرەنسیپەكانیان و هاوكاری گەلی كوردستان دەبن لەم قوناغە ناسكە میژووییەدا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار