کونسووڵی ژاپۆن: ژاپۆن ڕێز لە داخوازایی گەلی كوردستان و مافە ڕاوەكانیان دەگرێت

هەولێر-KDP.info- كونسووڵی ژاپۆن لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ژاپۆن ڕێز لە داخوازایی گەلی كوردستان و مافە ڕاوەكانیان دەگرێت.
ڕێکەوتی ٩-٧-٢٠١٧ شاندی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر سەردانی كونسووڵخانەی گشتیی ژاپۆنی كرد. (كاتسومی مۆریانسۆ) سوپاسی (هۆشیار سیوەیلی)، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوە و شاندی یاوەری كرد و, بە گرینگییەوە باسی لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوانیان كرد و گوتی، بەردەوامبوونی ئەم سەردانانە گرینگن بۆ گەیاندنی پەیام و بۆچوونەكان بە یەكتر.
(سیوەیلی)ش سوپاسی گەل و حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانەی پێشكەش بە ئاوارەكان و ڕیكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كردووە، ئەو هاوكارییانە ئەركی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی سووك كردووە لە خزمەتكردنی لیقەوماوانی دەستی تیرۆر. لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، حكومەتی ژاپۆن كاری باشی لەم وڵاتەدا ئەنجام داوە و ئیستاش بەردەوامن لە جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی گرینگ و ستراتیژی. لە میانەی ئەو سەردانەدا (سیوەیلی) باسی لە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان و ناوچەكە بۆ كونسووڵی گشتی كرد, داوای پشتگیری لە حكوومەتی ئەو وڵاتە كرد بۆ داخوازییەكانی گەلی كوردستان.
(مۆریانسۆ) ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ڕێز لە داخوازایی گەلی كوردستان و مافە ڕاوەكانیان دەگرێت و داوا دەكات ئەو پرسە بە دانوستان و لیكتیگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت, ئەوی گرینگە بە لای حكوومەت و وڵاتی ژاپۆنەوە هەماهەنگی و ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی سیاسی, كومەڵایەتی و ئابووریی ناوچەكەیە, هەر ناسەقامگیرییەك لەم ناوچەیەدا كاریگەریی نەرێنی لە سەر جیهان دەبێت.
(سیوەیلی) ئەوەی ڕوون كردوە، کە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری داوە، ئەو پرسە بخاتە بەردەمی گەلی كوردستان، تاكو لە ڕێی گشتپرسییەوە بڕیاری لێ بدات, ئەنجامەكەیشی بە دانوستان و ئاشتییایە دێتە دی, گفتوگۆی نێوخۆییش بەردەوامە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی بەهێزتر و یەكدەنگی بۆ ئەم پرسە گرینگە چارەنوسسازە. شەڕ و ئاڵۆزی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە, دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی دادەمەزرێت و هیوادارین دراوسێكانمان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێز لە بڕیاری چارەنووسی گەلی كوردستان بگرن و هاوكار بن لە دانوستانەكان بە مەبەستی هاتنەدیی ئاواتی ئازادیخوازانەی گەلی كوردستان و شادبوونمان بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
