کونسووڵی بەریتانیا: بەریتانیا ڕێز لە مافی گەلی كوردستان دەگرێـت

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کونسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی ڕێز لە مافی گەلی کوردستان دەگرێت.
دووشەممە، ٥-٧-٢٠١٧، (هۆشیار سیوەیلی)، بەپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە (مارتن واڕ)، كونسووڵی گشتیی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری کرد.
(سیوەیلی) سوپاسی حكوومەت و گەلی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیای كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە شەڕی دژی تیرۆردا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردووە، كە تیرۆریستان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و ئاسایشی هەموان. بەریتانیا وەك وڵاتێكی گرینگ لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆردا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە و جێگەی پێزانینە. لە دریژەی ئەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ڕەوشی ئێستای ناوچەكەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە و ئاماژەی دا، گەلی كوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی عێراقدا جگە لە مەینەتی و ماڵویرانی و چەوسانەوە، هیچ شتیكی دی دەست نەكەوتووە، تاكو هەوڵ بدات پەیوەندییەكان بەو شیوەیەی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت. پاش ئەزموونێكی تاڵ و هەوڵێكی زۆر بۆ پەیوەندییەكی باش لەگەڵ بەغدا، گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێ لەو هەوڵ و ئەزموونە دوور بكەونەوە و شێوازێكی دیكەی پەیوەندی بگرنەبەر بۆ ئەوەی گەلی كوردستان چی دیكە نەبێتە قوربانی و, وەكو گەلانی دیكەی جیهان بە مافە ڕەواكانی خوی شاد بێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش گەلی كوردستان ڕێی دیموكراسییانە و گفتوگۆ دەگریتەبەر و داواكارین حكوومەت و گەلانی ناوچەكە و جیهان ڕێز لە بڕیاری گەلی كوردستان بگرن، كە لەسەر داهاتووی خویان دەیدەن. لە پایزی ئەمساڵدا گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراسییانەدا چارەنووسی خۆی دیاری دەكات, ئێمە ئومێدەوارین ئەو مافەی حكوومەت و گەلانی جیهان بۆ خویانی بەڕەوا دەبینین، بۆ گەلی ئاشتیخوازی كوردستانیشی بەڕەوا ببینن. دەربارەی بۆچوونە جیاوازەكانی نێوخۆی هەرێمی كوردستان, (سیوەیلی) ڕایگەیاند، لە پرۆسەی دیموكراسیدا، بیگومان جیاوازی هەر دەبێت و ئەوەی گرینگە ئەو جیاوازییانە بە گفتوگۆ چارە بكرێن و چارەیەكی مامناوەند كە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵاتدایە، بۆی بدۆزرێتەوە, ئێمە لە كوردستان ئیستا لەو قوناغەداین و هەنگاو بۆ لیكنزیكبوونەوەی جیاوازییەكان دەدەین.''
هاوکات (مارتن واڕ), سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و دووپاتی كردەوە، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا و, ڕێز و پێزانینان هەیە بۆ هەڵوێست و ئەو قوربانیانەی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە داویانە بۆ تیكشكاندنی تیرۆریستان و حەوانەوەی ئاوارە و لیقەوماوانی دەستی تیرۆر. حكوومەتی بەریتانیا ڕیز لە مافی گەلی كوردستان دەگرێـت و باوەڕی وایە هەموو گەلێك مافی بریاردانی لە داهاتووی خۆی هەیە, بۆ داهاتووی ناوچەكە و سەقامگیریی زیاتر پێویستە ئەو پرسە بە گفتوگۆ و لیكتێگەیشتن بێت. هەردوولا جەختیان كردەوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و هەماهەنگیی زیاتری نێوانیان.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
