٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
ديمانە و ووتارەکاني سەرۆک بارزاني

سه‌رۆك بارزانی: ھیوادارین سه‌رۆكی داھاتووی فه‌رەنسا ددان به‌ سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا بنێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیی (لۆ فیگاغۆ)دا، سه‌رۆكی ھه‌رێم، سه‌ربه‌خۆییی كوردستانی عێراقی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، كاتی دامه‌زراندنی دە‌وڵه‌تی كوردستان ھاتووە، (سه‌رۆك بارزانی) ھیوای خواست، جیابوونه‌وە‌ی کوردستان له‌ به‌غدا به‌ شێوازێكی دۆستانه‌ بێت.

ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن (ژۆغژ مالبغونۆ)وە 2-5-2017 له‌ ژماره‌ 22620ی ڕۆژنامه‌ی (لۆ فیگاغۆ)ی فه‌ڕه‌نساییدا بڵاو بووە‌ته‌وە، له‌ سه‌ڵاحه‌دین ئه‌نجام دراوە‌.

ئەوەی خوارەوە وەرگێڕانی دەقی چاپێکەوتنەکەی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ ڕۆژنامەی (لۆ فیگاغۆ)یە:

(ژۆغژ مالبغونۆ): شه‌ڕی مووسڵ له‌ كۆتاییه‌كه‌ی نیزیك بووە‌ته‌وە، پاش ئازادبوونی چ لایه‌نێك شاره‌كه‌ بەڕێوە دەبات؟
له‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ شانبه‌شانی ھێزه عێراقییه‌كان به‌شدارییان تێدا كرد، شه‌ڕێكی زۆر قورس بوو، ھه‌رچه‌ندە ئازادكردنی ناوچه‌ی ڕۆژئاوای مووسڵ زۆر گرانه‌، به‌ڵام ئێمه‌ توانیمان ئه‌نجامێكی زۆرباش تۆمار بكه‌ین. شكستی داعش لەم شه‌ڕه‌دا، واتای كۆتاییهاتنی دە‌وڵه‌تی ئیسلامی نییه‌، به‌ڵكو دواتر به‌ ناوێكی تره‌وە دەمێنێته‌وە، تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ ھۆكاره‌كانی مانه‌وە‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ناو نه‌چن، ھه‌ڕه‌شه‌كانی داعش به‌ردە‌وام دەبن. سه‌رجه‌م دانیشتوانی شاری مووسڵ به‌ چینه‌ جۆراوجۆره‌كانییه‌وە پێویسته‌ له‌ ناو سیسته‌مێكی حوكمڕانیی بنكه‌فراواندا به‌ڕێوە‌ ببرێن، به‌ كوردیشه‌وە، كه‌ ژماره‌یان پێش داگیركردنی له‌ لایه‌ن داعش له‌ ساڵی 2014دا زیاتر له‌ 250 ھه‌زار كه‌س بووە. ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ پێویسته‌ به‌رپرسی به‌ڕێوەبردنی شاری مووسڵ بێت، به‌ڵام ئاڵۆزیی بارودۆخی ئه‌م ناوچه‌یه‌ تا ڕادە‌یه‌ك زۆره و پێویستی به‌ لێھاتوویی و توانای باش هەیە‌، كه‌ حكوومه‌تی به‌غداد به‌ ته‌نیا خاوە‌نی ئه‌و توانای به‌ڕێوە‌بردنه‌ نییه‌. جگه‌ له‌ كورد، عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، ئێزدی و شه‌به‌كه‌كان و مه‌سیحییه‌كان له‌م شاره‌دا هەن، پێویسته‌ ڕێكکه‌وتنێكی جه‌ماوە‌ری ئه‌نجام بدە‌ین، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م توێژانه‌ بگرێته‌وە، بۆ ئه‌وە‌ی به‌ چه‌شنێك به‌ڕێوە ببرێت، كه‌ سه‌رجه‌م كه‌مینه‌كان جارێكی تر نه‌كه‌ونه‌ ژێر ئازار و مه‌ینه‌ته‌وە، وە‌ك چۆن له‌ژێر دەستی داعشدا ئازاریان چه‌شت.

هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ له‌ پاش ئازادبوونی مووسڵ لەچنگ داعش، پێویسته‌ ڕۆڵی پاراستنی ئاسایشیان ھه‌بێت؟
ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕۆڵی پۆلیسیان له‌ناو شاری مووسڵدا نابێت، به‌ڵام ده‌توانین له‌ كاتی پێویستدا ھاوكاریی ھێزه عێراقییه‌كان بكه‌ین، بۆ به‌شداریكردن لە ھاوكاریكردنی یەكیەتییە ناوچەییەكان تاکو لە كاتی پێویستدا بەدەم پۆلیسی ناوخۆیی و دانیشتوانی مووسڵەوە بڕۆین. ئەگەر ئێمە ھێزی پێشمەرگەمان نەنارد بۆ مووسڵ، کەواتە پێویست ناكات ھێزی عێراقیش لە بەغدادەوە بێن، پێویستە ئێمە بتوانین ھێزێكی ناوخۆیی تایبەت لە ناو مووسڵدا دروست بکەین، کە چیتر پێویستی بە ھێزی دەرەكی نەبێت و بە شێوازێكی ناوخۆیی ئاسایشی شار بپارێزرێت. ئێمە چۆن دەتوانین هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری نوێی مووسڵ بپارێزین؟ ئەم هەلومەرجە نوێیە ڕێگر دەبێت لەوەی کە داعش جارێكی تر لە مووسڵ لەدایك ببێتەوە.

ئایا بەغدا پلانی بۆ بنیاتنانەوەی شاری مووسڵ هەیە؟ ئایا ئێوە داوا لە ھاوپەیمانە بیانییەكان دەکەن، تاکو لە پاش ئازادبوونی مووسڵ لە ناو شاردا بمێننەوە؟
حکوومەتی عێراقی توانای بنیاتنانەوەی شاری مووسڵی نییە، ئەم بنیاتنانەوەیە پێویستی بە ھاوكارییەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە هەڵمەتەكانی دژەتیرۆر لە شاری مووسڵ و پاش ئازادبوونی ڕاناوەستن و بەردەوام دەبن، بۆیە داوا دەکەم، کە سەرجەم ھێزه بیانییەكان لە ناو شار و دەوروبەری شاری مووسڵ بمێننەوە و كاتێك داعش ڕووخا، بەشدار بن لە نوێكردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەکە، هەروەھا بۆ دەستەبەركردنی ئاشتەوایی نێوان توێژ و كۆمەڵەكان، ئەگەر وانەبێت، سەرلەنوێ ئەو هەڵەیە دووباره دەبێتەوە، كاتێك ئەمریكییەكان لەساڵی 2011دا عێراقیان لە دۆخێكی زۆر لاوازدا بەجێھێشت.


ئێوە داوا دەکەن کە هێزەکانی فەرەنسا بمێننەوە؟
من باوەڕم وایە کە مانەوەیان بە سوودی هەمووانە. ئێمە لەگەڵ فەرەنسادا هاوپەیمانییەكی سەربازیی زۆرباش و ھۆشمەندمان پێکەوە هەیە و ئەمانەوێت ئەم هاوپەیمانەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم بپارێزین.

میلیشیا شیعەكان لە دەوروبەری مووسڵ چیان لێ دێت؟
پێویستە پاش ئازادبوونی مووسڵ، ناوچەکە چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، چیتر پێویستمان پێیان نابێت، پێویستە هەموویان بگەڕێنەوە دۆخی پێش هەڵمەتی ئازادكردنەوە، واتە دۆخی پێش 17ی مانگی ئۆكتۆبەری 2017.

پێشمەرگەكانیش؟
بە دڵنیایییەوە پێشمەرگە ئەچێتەوە دۆخی خۆی، وەك لە 16ی ئۆكتۆبەر هەیبووە. پاش ئەم ڕێکەوتە، ناوچەکە بە توانای هێزەکانی پێشمەرگە کوردەکان ئازاد كراون. خەڵکی ئەم ناوچەیە بڕیار دەدەن کە چ لایەن و کەسانێك بیانپارێزن، ئەوان پێویستیان بە زامنبوونی ئاسایشە، ھیوادارین کە لەگەڵ حکوومەتی بەغداد ڕێك بکەوین و، دوای ئەو ڕێککەوتنە بڕیار دەدەین کە هێزەکانی پێشمەرگە دەمێننەوە، یاخود ناوچەکە بەجێ دەھێڵن، بەڵام ئێمە بەڵێنمان بە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە داوە، تاکو بیانپارێزین و بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە، ئەگەر حکوومەتی عێراق گەرەنتی ئاسایش و پاراستنیان نەکات، ئەوە ئێمە ناتوانین دەستبەرداریان ببین. هەروەھا بە پێی ماددەی 140 و دانوستانەکانمان لەگەڵ بەغداد، ئەنجامدانی ڕێفراندۆمێك لە ئارادایە تاکو خەڵکی ناوچەکە بتوانن هەلی هەڵبژاردنیان بۆ داھاتووی خۆیان هەبێت. ئەمە یەكێكی تر لەو ھۆكارانەیە کە میلیشیا شیعەكان بە ھیچ شێوەیەك ناتوانن لە ناوچەکەدا بمێننەوە، ئەگەر بەغداد ڕێزی لەم ڕێکەوتنانە بگرتایە، ئەم گرفتانە دەمێك بوو چارە كرابوون. ماددەی 140ی دەستوور زۆر ڕوونە: هەژماركردنی دانیشتوانی ناوچەكان و ئەنجامدانی ڕێفراندۆم، پێویستە بەرەو ئاساییكردنەوەی دۆخەکەمان بەرێت.

بەڵێ، بەڵام ئێوە لەناو هەندێك ناوچە بەرەوپێشەوە ڕۆیشتوون، وەك کەركووك، ئێوە تا چ ڕادەیەك ئامادەن بۆ ئەوەی ئەم شاره نەوتییە بۆ خۆتان بپارێزن؟
ئەم ناوچانەی کە باسی دەکەن، سەرجەمیان ناوچەی كوردستانین، ئێمە ھیچ ناوچەیەكی ترمان جگە لە کوردستان وەرنەگرتووە، کەركووك کوردستانە. نە لە ڕووی مێژوویی و نە لە ڕووی جوگرافییەوە ئەمە ھیچ شك و گومانێكی تێدا نییە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە کەركووك تەنیا بۆ كوردانە، کەركووك بۆ سەرجەم دانیشتوانییەتی، مەسیحییەكان، عەرەبەكان، توركمان و کوردەکانیش. ئێمە نامانهەوێت مۆنۆپۆلیزەی بکەین. پێویستە سەرجەم پارتەكان ڕێز لە ئەنجامی ڕێفراندۆم بگرن. بەڵام ئەگەر هەر لایەنێكی سەربازی یان گرووپێك بیەوێت بەزۆر بێتە ناوچەکەوە، ئەوە ئێمە ناھێڵین و بە هەموو توانای خۆمانەوە بەرگری لە دەستکەوتەكانمان دەکەین.

ئێوە دەتانەوێت تاکو پێش كۆتایی ئەمساڵ ڕێفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن، (حەیدەر عەبادی) وا بیر دەکاتەوە کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕێفراندۆمە مۆڵەت لە حکوومەتی بەغدا وەربگرن، ئایا ئێوە ڕازین؟
ڕێفراندۆمەکەمان مافی ڕەھای کوردانە، ئێمە داوای مۆڵەت لە کەس ناکەین، ئێمە پێویستمان بە ئەنجامدانی ئەم ڕێفراندۆمەیە بۆ ڕێكخستنی دەستوورێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ جەماوەر و، ئەمە دەستپێكردنی گفتۆگۆیەكی دوورودرێژه لەگەڵ بەغداد. كاتی سەربەخۆییی كوردستان ھاتووە، بەڵام دەمانەوێت لە ڕێگەی گفتۆگۆ و ڕێککەوتنەوە بتوانین جیابوونەوەیەكی ئاشتیانەمان لەگەڵ عێراقدا هەبێت. ماوەی سەدەیەکە هەوڵ بۆ یەكگرتوویی عێراق دەدەین، ھاوكارێكی باشی عێراق بووین، چیمان دەست کەوت؟ 4500 گوندمان ڕووخا، بوردومانی كیمیایی، 10000 کەسی بنەماڵەکەم كوژران. پاش ساڵی 2003، ئێمە باوەڕمان بە لاپەڕەیەكی نوێی دەستووری عێراق كرد، کە مافەكانمان بپارێزێت، بەڵام بەغداد یارمەتییە ماددییەكانی لێمان بڕی، ڕێککەوتنەكانیان جێبەجێ نەكرد. ئەگەر بەغداد ھاوكاریی كوردان ڕەت بكاتەوە، ئێمە لە لایەنی خۆمانەوە دەمانەوێت تەنیا دراوسێیەكی باش بین. بۆ ئەو کەسانەی کە نیگەرانن، دەتوانم بڵێم کە بۆ ڕێگریكردن لە كێشەی نوێ، سەربەخۆییی کوردستان باشترین ڕێگایە. پرۆسەی بەرەوپێشچوونی سەربەخۆییمان دەستی پێ كردووە. ڕێفراندۆم یەکەمین قۆناغە، بەڵام لە چەند ڕۆژدا جێبەجێ ناكرێت و پێویستی بە كاتە.

ئایا ئێوە گەرەنتیی ددانپێدانانی نێودەوڵەتیتان پێ گەیشتووە؟
جەماوەری کوردستان بڕیاری خۆی داوە، ئەگەر ئێمە چاوەڕێ بین تاکو نێوەندە نێودەوڵەتییەكان سەربەخۆییمان بۆ بە دیاری بێنن، ئەوا ھیچ كاتێك دەوڵەتی کوردستان دروست نابێت.

بەبێ یارمەتیدانی بەغدا، ئێوە توانای سەربەخۆبوونتان هەیە؟
گرینگ نییە، بڕیاری نەتەوەی کورد لە پێش هەموو شتێکەوەیە. ئێمە بە دەست شەڕ و كوشتنەوە ماندووین. کورد، چیتر نایەوێت لەژێر دەستی ھیچ کەسێكدا بمێنێتەوە.

چ پەیامێكتان بۆ سەرۆكی داھاتووی فەرەنسا هەیە؟
داوای لێ دەکەم تاکو پشتگیرییەكانی فەرەنسا بۆ ئامانجەكانی کورد بپارێزێت. ئێمە بیرمان ناچێتەوە کە سەرۆكی فەرەنسا، (فرانسوا ئۆلاند)، دوو جار سەردانی كردین و ئەمە بە سەرکەوتنێكی گەورە دەبینین. داوا لە جێگرەوەکەی دەکەین کە دان بەم سەربەخۆیییەدا بنێت، یان لانی کەم ڕێگر نەبێت لە بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە، چونکە ئێستا كاتی سەربەخۆبوونی کوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە.


 

هەواڵی پەیوەندیدار