٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

جەخت لە پتەوکردنی پێوەندیی نێوان هەولێر و لەندەن کرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداری بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، جەخت لە پتەوکردنی پێوەندییەکانی هەولێر و لەندەن کرایەوە.

بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، (هوشیار سیوەیلی) پیشوازیی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی گشتیی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، بە سەرۆكایەتیی (جۆن شارپ) كرد.

(هۆشیار سیوەیلی) سەرەتا هاوخەمیی سەركردایەتیی پارتی و گەلی كوردستانی سەبارەت بەو ڕووداوە تیرۆریستییەی حەفتەی ڕابردووی لەندەن بە شاندی میوان گەیاند، كە بەهۆیەوە چەند كەس بوونە قوربانی و هیوای چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواست. (سیوەیلی) بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، ئێمەی گەلی كوردستان لە ئازار و خەمەكانی دەستی تیرۆر تێدەگەین، لەبەر ئەوەی خاك و میلەتەكەمان قوربانیی دەستی تیرۆرە و لە سەنگەری پێشەوەی جەنگی تیرۆردایە.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا باسی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا كرا.
(سیوەیلی) لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێوەندییەكانی هەردوو لای بە گرینگ وەسف كرد و, داوای كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەماهەنگییەکانی نێوانیان پەرەی پێ بدرێت، چونكە هەمووان ڕووبەڕووی دوژمنێكی هاوبەش بوینەتەوە، كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی هەردوو لا.

بەشێكی دیكەی دیدارەكە باسكردن بوو دەربارەی پێوەندیی نێوان هەریمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق. بەڕێز (سیوەیلی) جەختی كردوە، كە هەماهەنگیی بەهێزی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی سەربازیی عێراقدا هەیە و ئەمەش جێی دڵخۆشی و ڕێزە, بەڵام لە ڕووی سیاسی و بوارەكانی ترەوە، لە ئاستی پێویستدا نییە. ئیستا هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی فیدراڵ لێكتێگەیشتنێکی باشتر لە پێشتریان لەنێواندا هەیە و، ئێمە كار دەكەین، کە ئەم لێكتێگەیشتنە بەرەوو قۆناغێكی تر بەرین و بكەوینە گفتوگۆ بۆ قوناغی دوای داعش. گەلی كوردستان بڕیاری داوە، كە هەنگاو بۆ پاش نانێتەوە و دەبێ قوناغی پاش داعش جیاوازتر بێت و پێوەندییەكانیش بچنە ئاست و قوناغێكی ترەوە، ئەمەش بە گفتوگۆ و دەنگی گەل یەكلا دەكرێتەوە.  لەو دیدارەدا باس لە جیاوازیی بۆچوونە سیاسییەكانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان كرا, بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئەوەی دووپات كردەوە، كە ستراتیژیی پارتە سیاسییەكان بۆ هەنگاونان بەرەو قوناغێكی نوێ لەگەڵ بەغداد هاوڕایی تێدا هەیە و هەندێك خاڵی جیاواز هەن، کە ئەوانیش شیاوی چارکردنن و، گەلی كوردستان بە یەكگرتویی و یەكدەنگی بۆ داهاتوویەكی ئارام و سەقامگیر هەنگاو دەنێت، كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستانە. ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو. (سیوەیلی) لەو بارەیەوە گوتی، جەنابی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەریم زۆریان هەوڵ دا، پێش دەستپێكردنی پرۆسەكە ڕێكکەوتنێكی سیاسی بكرێت، بەداخەوە ئەوە نەكرا. ئەو ئەركەی لە ئەستۆی گەلی كوردستان بوو بە سەركەوتویی جێبەجێی كرد و ڕێکكەوتنێكی سەربازیش لەنێوانماندا هەیە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێزی پێشمەرگە لەو جێیانەدا دەمێنێتەوە، كە لە (١٧-١٠-٢٠١٦)ەوە تێیاندا بووە و، كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەو ڕێکكەوتنە بوارەكانی تریش بگرێتەوە و لەگەڵ بەغداد ببینە دوو دراوسێی باش و بەسوود بۆ یەكتر.

(شارپ) بە ناوی شاندی میوانەوە خوشحاڵیی دەربڕی و, دووپاتی كردەوە، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاری بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان و، پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و لەندەنی بە زەرور وەسف كرد و، داوای كرد بۆ سەقامگیریی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان هەولێر و بەغدا بە گفتۆگۆ جیاوازییەكانیان چارە بكەن. 
 

هەواڵی پەیوەندیدار