٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: ڕۆژهەڵاتی ناوینی کۆن كۆتایی هاتووه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (هێمن هەورامی) لە سه‌مینارێکدا له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ڵێ، بە گوێرەی چەندین تیۆری زانستی، رۆژهەڵاتی ناوینی کۆن لەنێو چووە.

لەژێر ناونیشانى (هەرێمى كوردستان لەبەردەم پڕۆسەى هاتنەئاراى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ) لە لایەن پەیمانگاى (ناوین) بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە هاوكاریى یەكێتیی پەرلەمانتارانى كوردستان، سه‌مینارێكی بۆ (هێمن هەورامى) ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى  پێوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان ساز كرد، كە ژمارەیەك لە بەرپرسانى لایەنە سیاسى و یەكە ئیدارى و سەربازییەكانى هەرێمى كوردستان تێیدا ئامادە بوون.

ڕۆژهەڵاتى ناوین لە چوارچێوەى چەمكدا وەك خۆى، بۆ یەكەمجار لە ساڵى ١٩٨٠ لە نێو حكوومەتى بەریتانیا  بەكار هێنراوە وەكو چەمك، ئەوكات بەریتانیا وەك یەكێك لە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا جیهانى ڕۆژهەڵاتی دابەش كردووە بەسەر سێ ڕۆژهەڵاتدا، ئەوەى كە ئێستا پێى دەگوترێت باكوورى ئەفریقا ناویان لێنابوو ڕۆژهەڵاتى نزیك، لە هندستانیشەوە تا یابان ناونرابوو ڕۆژهەڵاتى دوور، هەر جیۆگرافیایەكیش بكەوتبایە نێوان میسر و هیندستان پێیان دەگوت ڕۆژهەڵاتى ناوین.

(هێمن هەورامى) له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ناونانه‌، رۆشنایی خستە سەر پێكهاتە و خەسڵەتەكانى ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، دواتر پێگەى هەرێمى كوردستان و كاریگەریى ئەو پڕۆسەیەی لەسەر پێگەی هەرێمى كوردستان خستە ڕوو و، مەبەست چییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوین؟ گوتیشی، مەبەست لە ڕۆژهەڵاتى ناوینی كۆن لە دواى سایكس پیكۆوە و هەڵوەشاندنەوەى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى و شەڕى جیهانى یەكەمەوە كۆمەڵێك دەوڵەت لە ناوچەكەدا دروست بووین، ئیدی ئەو چەمكە جێگاى خۆى كردووەتەوە و بووەتە رۆژهەڵاتی ناوین.

(هێمن هەورامى) كۆى باسەكەى بە وردى و بە شێوەیەكى زانستى بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو. دواجاریش هەموو ئەو خەسڵەتانەى كە لەو سیمینارەدا باسی كردن، تێكهەڵكێشى سەر پێگە و كاریگەرییەكانى هەرێمى كوردستان كرد و، ئەو دەرفەت و هەڕەشانەى كە لەبەردەم هەرێمى كوردستاندا هەن بۆ بەرەو دەوڵەتبوون و سەركەوتنە نەتەوەییەكان كە بە هۆى ئەم لێكەوتە ناوچەیییانەوە دێنە پێشێ، بۆ ئامادەبووانی شیی کردەوە و ئاماژەیشی دا، کە بەگوێرەی چەندین تیۆری زانستی رۆژهەڵاتی ناوینی کۆن كۆتایی هاتووە.

سەنگەر هەورامى
 

هەواڵی پەیوەندیدار