نوێنەری یوئێن لە هەرێم: پاڵپشتی بڕیاری گەلی کوردستان دەکەین

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی نوێنەرایەتی یوئێن لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەوان وەک یوئێن پاڵپشتی هەر بڕیارێک دەکەن کە لە پاشەڕۆژدا گەلی کوردستان بیدات.
ئەمرۆ لە پیرمام (هێمن هەورامى) ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى پێوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشوازى لە (ریكاردو رودریكز)ـى بەرپرسى نوێنەرایەتى یوئێن لە هەرێمى كوردستان و (جۆرج یوستین)ـى جێگیرى نوێنەرى تایبەتى یوئێن لە بەغدا كرد.
(هەورامى) لەسەرەتاى دیدارەكەدا باسى لەسەردانەكەى (سەرۆك بارزانى) كرد بۆ داڤۆس و ئەو دیدار و گفتوگۆیانەى كە جەنابى سەرۆك لەگەڵ كەساییەتى سیاسى و ئابوورییەكانى بەشداربووى كۆنفرانسەكە ئەنجامى داون، لە لایەكى دیكەوە باسى لە مەسەلەى هەڵبژاردنى ئەمساڵى ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق كرد و سیاسەتى سەركردایەتى هەرێمى كوردستان لەوبارەیەوە ڕوونكردەوە، كە هەر بڕیارێكى تایبەتى و جودا لە پارێزگاكانى دیكەى عێراق بەسەر كەركووكدا بەسەپێنرێت ئەوا هەرێمى كوردستان لەگەڵ ئیدارەى كەركووك ئەو بڕیارە ڕاستەى كە كەركوكییەكان دەیخوازن دەیدات.
لای خۆیشیەوە (ریكاردو رودركز) سوپاسى (هەورامى) كرد بۆ خستنەڕووى ئەو بابەتانەو سوپاسى هێزى پێشمەرگەى كوردستان و گەلى كوردى كرد لە دوو ساڵى ڕابردوودا توانیان نەبەردى خۆیان بسەلمێنن. هەروەها هیواى زوو چارەكردنى كێشە سیاسییەكانى هەرێمى خواست، چونكە هەرێمى كوردستان تاكە هەرێمى ئارامە لە ناوچەكەدا و بۆیە پێویستە بێ كێشە بێت.
لە لایەكى دیكەشەوە سەبارەت بە پاشەڕۆژی هەرێمى كوردستان نوێنەرى یوئێن لە هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند كە هەموو پاڵپشتییەكى گەلى كوردستان دەكەین كە لە پاشەڕۆژدا چ بڕیارێك لەسەر جۆرى هەرێمەكەیان دەدەن، چونكە ئەمە پرسێكى نێوخۆییە و ئێمەش لەگەڵ گەلى كوردستان دەبین.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
