٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

باڵێۆزی هۆڵەندا: جیهانی ئازاد قەرزاری هەرێمی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، باڵیۆزی هۆڵەندا لە سووریا رایگەیاند کە جیهانی ئازاد قەرزاری هەرێمی کوردستانە.

(هێمن هەورامی) بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كورستان پێشوازی لە (خێرات ستێخ) باڵوێزی هۆڵەندا لە سووریا و (جانێت ئەلبێردا) کونسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەریمی كوردستان و شاندی یاوەریان کرد.

لە دیدارکەدا (هەورامی) رایگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی شەڕی بۆ پاراستنی نەتەوە و ئایینزاکان و پێکهاتەکان کردووە و ئەمەش ئەو بەها بەنرخەیە کە کوردستان لە لایەن هاوپەیمانانەوە زیاتر بایەخی پێدەدرێ و هەمیشە زیاتر پشتگریری لێ دەکرێ.

پێوەست بە سووریا (هێمن هەورامی) گوتی، پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە رۆژئاوای کوردستان گرینگە بۆ دەستبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی ئەو بەشەی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و (سەرۆک بارزانی) هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتووی و یەکگوتارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن، بۆ ئەوەی نەبنە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە و بەڵکو تێبکۆشن و خەبات بۆ ئەو مافانە بکەن کە لە گەلی کوردستان زەوت کراوە، بەڵام جێگەی داخە کە یەپەگە لە رێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک پاشگەزبوویەوە و دەستیان کرد بە دەستگیرکردن و وەدەرنانی ئەندام و لایەنگرانی پارتە سیاسییەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای دانیشتوانان لە رۆژئاوای کوردستان و نەشتوانرا بە یەکگرتووی دەرفەت لە گۆڕانکاری مێژووی ناوچەکە وەر بگرن.

گوتیشی، ئێستاش دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی چاو بە سیاسەتیان بخشێننەوە تا گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا سوود لە دەرفەتی مێژووی وەربگرێ.

لای خۆیشیەوە باڵیۆزی هۆڵەندا لە سووریا رایگەیاند کە جیهانی ئازاد قەرزاری هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو قوربانییەی کە داویەتی لە تێکشاندنی تیرۆریستانی داعش و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ.

گوتیشی، ئاگادارین لەوەی کە (سەرۆک بارزانی) لە کۆنگرەی داڤۆس دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەبێ و پێوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوو دەکەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار