هێمن هەورامی: بۆ پرسی سەربەخۆیی، پارتی لەسەر هیچ حزبێک ناوەستێ

شیلادزێ-KDP.info- (هێمن هەورامی) بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان، پارتی لەسەر هیچ حزبێک ناوەستێ، چونکە پرسی سەربەخۆیی پێوەستە بە نەتەوەی کورد نەک حزبەکان. گوتیشی ''ئێمە لە عێراقدا جودا نابینەوە بەڵکو مافی چارەنووسی خۆمان دەستنیشان دەکەین.''
سیمینارێكى سیاسیى كراوە لەلایەن ناوەندى باڵاى یەكێتیى لاوانى كوردستان-ئامێدی- بۆ (هێمن هەورامى) ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى پێوەندییەكانى دەرەوەى پارتى لە ژێرناونیشانى (خوێندنەوەیەك بۆ سەربەخۆى كوردستان) لە ناحییەى شێلادزى ساز كرا.
تێیدا (هێمن هەورامی) رایگەیاند، ''ئێمە وەكو كورد نامانەوێت لە عێراق جودا بینەوە، بەڵكو دەمانەوێت مافى چارەنووسیى خۆمان دیارى بكەین.. لە سەردەمى دروستبوونى عێراقەوە هەركات حكوومەتى عێراق لاواز بووبێ، ددانى بە هەموو مافەكانى كورددا ناوە، بەڵام دواجار كە لە لاوازى دەپەڕێتەوە، پێچەوانەى بەڵێنەكانیان دژایەتیی کوردیان کردووە.''
ئاماژەیشی دا، ''حکوومەتی عێراق لە چەند روویێکەوە تووشی شکست بووە، لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێویستیان بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بوو، ههڵبهت نابێت بە ئومێدەوە بڕوانینە ئەو پێوەندییەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، چونکە هەرکات حکوومەتی عێراق لە قەیران دەرچێ، جارێکی دی دەچێتەوە رابردوو بۆ دژایەتیی کورد، بۆیە ئێمە دەبێ کار بۆ سەربەخۆیی بکەین و ئەو دەرفەتەی ئێستا هاتووەتە پێش بە بابشی بیقۆزینەوە.''
(هەورامی) ئاماژەی بە رۆڵی نەتەوە بێدەوڵەتەکان دا کە سەرۆکە کاریزماییەکانیان رۆڵیان هەبووە لە ناساندنی نەتەوەکەیاندا، نموونەی بە (گاندی) لە هیندستان و (ماندێلا) لە باشووری ئهفریكا و (یاسر عەرەفات) لە فەڵەستین هێنایهوه و، لە ئێستایشدا (سەرۆک بارزانی) وەک سەرکردەیەکی کاریزما توانیویەتی رۆڵی کورد لە پرسە نێودەوڵەتیی و سیاسییەکاندا وەها پیشان بدات وەک تابلۆیەک کە بووەتە دەرفەتێک بۆ سەربەخۆییی کوردستان.
جەختیشی کردهوه، پارتی بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان لەسەر هیچ حزبێک ناوەستێ، چونکە ئەمە پێوەستە بە نەتەوەی کورد نەوەک حزبەکانەوە.
سەنگەر هەورامى

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
