٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامى: ویستى مردنى داعشییەكان كەم بووەتەوە، ئەمە ئاسانكارییە بۆ شەڕەكەى مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info-  لە هەمبەر ئەو پرسیارانەى كەناڵى ئەلجەزیرەی توركیا، هەورامى ڕایگەیاند: ئەگەر لەناوبردنى داعش لە مووسڵ بابەتێكی زۆر گرنگ بێت، ئەوا بێگومان لەو گرنگتریش لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای داعشە. هەروەها ئەوەشى وت: ئەو شەڕە پێویستە بە ڕەچاو كردنی واقیعی ناوچەكە دەست پێبكات و ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ تەنیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نییە.

لەبەر گرنگى و پێگەى هەرێمى كوردستان لە هاوكێشە ناوچەییەكان و شەڕى مووسڵ، كەناڵى ئەلجەزیرە تورك. چاوپێكەوتنێك لەگەڵ (هێمن هەورامى) ئەندامى ئەنجوومەنى سەركردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیومەكراتى كوردستان ساز دەكات كە تێیدا دیدگاى هەرێمى كوردستان و سیاسەتەكەى بۆ پرسەكان و بەتایبەتى شەڕى مووسڵ دەخرێتە ڕوو.

 

جەزیرە تورك: چۆن دەڕواننە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ؟

هێمن هەورامى: ئۆپەراسیۆنی مووسڵ سەرەتایەكە بۆ ئەوەی وەك دەوڵەتێك كۆتایی بە داعش بهێنێت، بەڵام وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بەردەوامییان دەبێت. بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرەتایەكە بۆ كۆتایی هێنان بە داعش. بەڵام لە هەمان كاتدا مەترسی سەرهەڵدانی داعشی نوێتریش لە ئارادایە. بۆیەش هاوكات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو خاڵی زۆر گرنگ هەن دەبێت ڕەچاو بكرێن. ئەوانیش دەركردنی داعش لە مووسڵ بەتەواوەتی و لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای داعشە. ئەگەر لەناوبردنى داعش لە مووسڵ بابەتێكی زۆر گرنگ بێت، ئەوا بێگومان لەو گرنگتریش لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای داعشە. ئەو شەڕە پێویستە و گرنگە كە بە ڕەچاو كردنی واقیعی ناوچەكە دەست پێبكات، واتە ئەوانەی پێویستە مووسڵ ڕزگار بكەن سوننەكان بن. سەبارەت بە ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەواش پێویستە خەڵكی ئەو ناوچانە ڕۆڵیان هەبێت لە ئازاد كردنی ناوچەكانی خۆیان. واتە ناوچەكانی شنگال و دەوروبەری لە لایەن كوردەكان و ناوچەكانی تەلەعفەر توركمانەكان و ناوچە مەسیحی نشینەكانیش لەلایەن مەسیحییەكانەوە ئازاد بكرێت و ئەوان خاوەنی بڕیار بن.

شەڕی مووسڵ بە تەنیا شەڕێكی سەربازی نییە، بەڵكو لە هەمانكاتدا ڕەهەندی مرۆیی و ئەمنی و سیاسیشی هەیە، بۆیە گەر پلانێكی گشتگیر بە پێی ڕەچاوكردنی تەواوی ئەو ڕەهەندانەی باسمان كرد دانەنرێت، ئەوا ناكرێت چاوەڕوانی سەقامگیری بین لە ناوچەكەدا.

لە ڕاستیدا ئەو شەڕە پێویست دەكات ئۆپەراسیۆنێكی عیراقی بێت، ڕاستە پێشمەرگە بەشداری تێدا دەكات، بەڵام پێویستە شەڕێك بێت لە ژێر سەركردایەتی سوپای عێراقدا بە ئەنجام بگەیەنرێت. بۆیە بە مانا سەربازییەكەی  پێویست بە بەشداری هێزی تر ناكات. بەڵام بە مانا سیاسییەكەی پێویستی بە بەشداری و هەماهەنگی گشت لایەكە بۆ كۆتایی هێنان بە و مشتومڕانەی لەسەر بارودۆخی مووسڵ لە دوای داعش و چۆنییەتی ئیدارەكردنی ئەو ناوچانە لە ئارادان. سەبارەت بە ڕەهەندی یارمەتی مرۆیی پێویستی بە پاڵپشتییەكی بەهێز و گەورە هەیە، بۆ نموونە ئێمە پێشبینی هاتنی نزیكە (١) ملیۆن ئاوارە بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەش پێویستیمان بە نزیكەی (٣٠٠) ملیۆن دۆلار هەیە، بە مەبەستی داڵدەدانی ئەو ئاوارانە تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

بۆیە لەبەر هەموو ئەو هۆكارانەی كەلە سەرەوە باسمان كردن، شەڕی مووسڵ شەڕیكە، كە لایەنەكان وەك هەڵێك بیقۆزنەوە بەمەبەستی بەدەست هێنانی دەسكەوتی زیاتر، بەڵكو پێویست دەكات وەك شەڕی لە ناوبردنی داعش سەیر بكرێت.

 

ـ بە بڕوای ئێوە هێزەكانی پێشمەرگە پێویست دەكات بەشدار بن؟

هێمن هەورامى: جارێ بەپێى بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە شتێك نییە، بە ناوی شەڕی مووسڵ. بەڵام پێشمەرگە ناچێتە ناو مەركەزی شاری مووسڵ. ئێمە بەتەنیا هاوكاری سوپای عێراق دەكەین بە مەبەستی سەرخستنی شەڕەكە. چونكە هەروەك ئاشكرایە كە باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری مووسڵ لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە و لە هەمو ئەم بەرانەی شەڕ ئێمە نزیكەی  ٢٠-٢٥ كم لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دورین. بۆیە سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵ كردنەوەی شاری مووسڵ ناتوانێت بە تەنیا لە لای باشورەوە هێرش بەرێت و هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە دەڵێم بێ پیشمەرگە مەحاڵە ئەم شەڕە ئەنجام بدرێت.

 

 ـ باشە ئێوە دەڵێن كە پێشمەرگە ناچێتە ناو شاری مووسڵەوە، ئەی لە دەروەی مووسڵ لە كوێ دەمێننەوە؟

هێمن هەورامى: هەروەك ئاماژەم پێدا ئەو شەڕە بە یارمەتی هێزی هاوپەیمانەكان و بە پێشڕەوی سوپای عێراق دەکرێت و پێشمەرگەش لەم ڕووەوە یارمەتیدەر دەبێت. وە پێویست دەكات واقیعی ناوچەكە بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت و ئەم شەڕە نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بارودۆخی نەخوازراوی نوێتر. با نموونەیەكت بۆ بهێنمەوە لە ناوچەی (كۆل خەلیل) كە نزیكەی ٥كم لە مووسڵەوە دورە ئێمە و سوپای عێراق خاڵی كۆنتڕۆڵی هاوبەشمان بە یەكەوە هەیە. هیچ شوێنێك نییە، كە شایەنی باس بێت و پێشمەرگە بوونی تێدا نەبێت وە ناچێتە هیچ شوێنێكیش كە لە پێشتردا بوونی لەوێدا نەبووبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بڕوامان وایە كە پێویست دەكات هێزە سوننەكانی ناو سوپای عێراق بچنە ناو جەرگەی شاری مووسڵ،  بۆیە ئێمە ناچینە ناو سەنتەری ئەو شارە  و پێویستە مووسڵ لە  دوای داعش لە لایەن خەڵكی خۆی و پۆلیسی خۆی و سوپای خۆیەوە پارێزگاری لێبكرێت.

 

 ـ ئەو پۆلیسانەی باسیان دەكەیت، ئێستا لە كوێن؟

هێمن هەورامى: لە ئێستادا ٤ هێزی سوننی مەزهەب هەن، یەكەمیان بریتیە لە حەشدی‌وەتەنی، ئەوانە ئەو هێزانەن  كە بە ڕەزامەندی وەزارەتی بەرگری عێراق و  لە لایەن سوپای توركیاوە مەشقی سەربازییان پێ كراوە، هەروەك دەزانن ئەو یەكە سەربازیانەی توركیا كە لە باشیك جێگیر كراون ئەوا بە ڕەزامەندی حکوومەتی بەغدا هاتوون. هەروەها دوو گروپی تر هەن بە ناوەكانی نەوادر نەینەوا و شێرەكانی نەینەوا كە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پاڵپشتی دەكرێن. ئەوانیتر بریتین لە حەشدی‌عەشایر، ئەوانە هەمویان هێزی سوننە مەزهەبن كە پێویستە لەسەریان بۆ سەقامگیری مووسڵ و پارێزگاریكرن لێی هەڵسن بە دامەزراندنی پۆلیس و هەوڵبدەن بۆ دەوڵەمەند كردنی سەرچاوە مرۆییەكانیان.

 

ـ ئەو حەشدی‌عەشایرەی كە باستان كردن، ئایا لە خەڵكی مووسڵ پێكدێن؟ 

هێمن هەورامى: ئەوانە زۆربەیان لە خەڵكی ناوچەكانی باشوری مووسڵ  بە تایبەت ناوچەكانی گەیارە و حەردان پێكدێن. بەڵام ژمارەیان زۆر نییە، و توانا سەربازییەكانیان لەو ئاستە نییە كە بەشدار بن لە شەڕێكی گەورەی سەربازی هاوشێوەی شەڕى  مووسڵ. هەربۆیەش بەشداری پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو شەڕە زۆر گرنگە، بەڵام لە ڕوانگەی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا  لە دوای شەڕەكە، لەو گرنگتر ئەو هێزە سوننە مەزهەبانەن.

 

ـ ئەو پێش مەرجانە چین، كە حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی لە بەرامبەر بەشداری كردن لە شەڕی مووسڵ؟

هێمن هەورامى: مووسڵ چەندە بۆ ئاسایشی ناوچەكە و ئاسایشی جیهان گرنگە ئەوەندەش بۆ ئاسایشی ئێمە گرنگی هەیە. لە ڕاستیدا حکوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەڕی دژی داعش هیچ مەرجێكی ئەوتۆی نییە. بەڵام بە مەبەستی سەرخستنی شەڕەكە مەرجی ئەوەمان هەبوو كە زەمینەی لەبار ساز بكرێت، بۆ نموونە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و ئەو هێزانەی كە بەشدار دەبن لە شەڕەكە كۆبونەوەمان ئەنجامداوە، سەبارەت بەوەی ئاخۆ كێن ئەو هێزانەی لە ئازاد كردنی شاری مووسڵدا ڕۆڵ دەگێرن؟ ئاخۆ لە دوای ئۆپەراسیۆنەكە دەبن بە سەرچاوەی كێشەكان؟ بە بڕوای ئێمە بە تەنیا سوپای عێراق پێویستە شەڕەكە بەڕێوەبەرێت و نامانەوێت میلیشیاكانی حەشدی‌شەعبی بەشدار بن.

 

ـ باشە ئاخۆ تا ئێستا ڕوون بۆتەوە كە حەشدی‌شەعبی بەشدار دەبن یاخود نا؟

هێمن هەورامى: تاكو ئێستاش لێدوانە  فەرمییەكانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بەو ئاڕاستەیە كە شەڕەكە بە تەنیا لەلایەن سوپای عێراقەوە بەرێوە دەبرێت. هیچ لێدوانێكی فەرمیشمان نەبیستووە كە باس لە بەشداری حەشدی‌شەعبی بكات. ئێمەش بڕوامان وایە كە پێویست بە بەشداری ئەوان ناكات.

 

ــ بەڵام سەركردەكانی حەشدی‌شەعبی قسەیتر لەم بارەیەوە دەكەن؟

هێمن هەورامى: وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بدرێتەوە، بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەك ناتوانن بە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕن، چونكە لەو ناوچانە بونیان نییە. وەك باسیشم لێوەكرد ئێمە هیچ پێشمەرجێكمان نییە و ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەوەیە كە شەڕەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت و لە ئۆكتۆبەری (٢٠١٥)ـەوەش ئامادەگی خۆمان دەربڕیووە بۆ ئەم مەبەستە.

 

ــ باشە گەر بێتو حەشدی‌شەعبی بەشدار بێت هیچ نیگەرانییەكتان دەبێت لەم بارەیەوە؟

هێمن هەورامى: وەك ئاماژەم پێدا تا ئێستا ئەوەی لە بەغدا بیستومانە ئەوەیە كە چەند یەكەیەك بەشدار دەبن، پێشمان وایە كە ئەو بابەتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهانیش نیگەرانی لێكەوتۆتەوە. هەروەك كەمێك بەر لە ئێستاش ئاماژەم پێدا ئەو شەڕە بە تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە، بەڵكو پێویستە بیر لە ڕەهەندەكانی تریش بكرێتەوە، چونكە پێمان وایە بەشداری هەر هێزێكیتر جگە لە سوپای عێراق یارمەتیدەر نابێت بۆ سەركەوتنی شەڕەكە.

 

ــ باشە چۆن دەڕواننە ڕۆڵی توركیا لە شەڕەكە و كەمپی باشیك؟

هێمن هەورامى: توركیا هێزێكی ئەوتۆی نییە لە كامپەکەی باشیكدا.

 

ــ ئەی ئەو هێزانەی كە توركیا مەشقی سەربازی پێداون؟ چۆن دەڕواننە بەشداری ئەوان؟

هێمن هەورامى: ئەو هێزانە گەر لە سەروبەندی شەڕەكەش لە هێڵی پێشەوە ڕۆڵ نەبینن دەتوانن دوای شەڕەكە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناو شاری مووسڵ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەو هێزانە لە خەڵكی شاری  مووسڵ  و ئەندامانی پێشووی هێزە ئەمنییەكانی مووسڵ پێكدێن كە وا پێویست دەكات شاری خۆیان بپارێزن. هیواخوازین كە هێزە سوننەكان بگەنە ئاستێك لە ڕووی مەشقی سەربازی و پڕچەك كردنەوە بتوانن خۆیان شەڕەكە بە ئەنجام بگەیەنن.

 

ــ بەغدا چی دەڵێت سەبارەت بە بەشداری ئەم هێزانە؟

هێمن هەورامى: تا ئێستا هیچ شتێكمان لە زاری حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران و بەرپرسی باڵای هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە نەبیستووە،  هیچ یاسایەكیش لە پەڕلەمانی عێراق دەرنەچووە بەوەی هەر ناوچەیەك پێویست بكات لە لایەن خەڵكی ناوچەكە خۆیەوە پارێزگاری لێ بكرێت، لە لایەن هێزی چەكداری سەر بە ئەنجومەنی لۆكاڵی ئەو ناوچەیەوە. بۆیەش پێمان وایە كە ئەو هێزانەی حەشدی‌وەتەنی كەلە لایەن توركیاوە مەشقیان پێ كراوە ئامادەگی تەواویان تێدا نییە لە بەشداریكرن لە شەڕەكە.

 

ــ دوای ئەم شەڕە چارەنووسی داعش بە كوێ دەگات؟

هێمن هەورامى: ئەوە پەیوەستە بە ڕوداوەكانی دوای شەڕەكە، پێمان وایە لە ئێستادا داعش ئەو هێزە كاریگەرەی دوو ساڵ لەمەبەری نەماوە، هەم ڕوبەڕ و هەم سەرچاوەی مرۆیی زۆری لەدەست داوە ویستی مردنیشیان كەم بۆتەوە. بەڵام هەروەك لە پێشدا ئاماژەم پێدا ئەم شەڕە كۆتایی بە دەوڵەتی داعش دەهێنێت نەك داعش وەك ڕێكخراوێكی توندرەو.  لە دوای ئەم شەڕە لەوانەیە چەندان گروپیتر سەرهەڵبدەن و لەوانەشە ڕووبەڕووی چەندان داعشی تر ببینەوە. جگە لە مووسڵ لەوانەیە لە چەندین شوێنیتر هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن بە بەكار هێنانی هەمان ئەو میتۆدانەی كە داعش گرتبونیە بەر. بۆیە پێویست دەكات ئامادە بین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی چەندان هێرشی تیرۆریستی كە خەڵكی سڤیل و دامو دەزگا حكومییەكان دەكاتە ئامانج.

 

ــ ئایا هیچ ئامادەگییەك كراوە بۆ داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەسپێكی شەڕەكە ئاوارە بن؟

هێمن هەورامى: نەخێر، یەكێك لەو ڕەهەندانەی شەڕەكە كە باسم كرد، لە ڕاستیدا ئەو ڕەهەندە مرۆییەی بوو. لە ماوەی شەڕەكە نزیكەی ٧٠٠ بۆ ١ ملیۆن كەس چاوەڕوان دەكرێت ئاوارە بن. بە گوێرەی ئەو لێكۆڵینەوانەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەنجامی گەیاندون داڵدەدانی ئەو ژمارەیە لە خەڵك نزیكەی ٢٤٨ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەوشمان بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حکوومەتی بەغداش ڕاگەیاندووە،  كەچی تا ئێستا تێكڕای ئەو یارمەتییانەی گەیشتونەتە هەولێر و دهۆك تەنیا ١٠ ملیۆن دۆلار بووە. ڕێكخراوەكانی هاریكاری نێودەوڵەتیش باس لەوە دەكەن كە كامپی ئاوارەكان مانگی ئابی ٢٠١٧ تەواو دەبن كە ئەمەش ناتوانێت ئاوارەكان لە سەرمای زستان بپارێزێت.

ئەگەر لە ئایندەیەكی نزیكدا شەڕەكە دەست پێ بكات ئاخۆ كێن ئەوانەی خزمەتی ئاوارەكان دەكەن؟ بۆیە لەوانەیە ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی یەكجار گەورە ببینەوە، هەربۆیەش لەم ڕووەوە پێویستیمان بە یارمەتی توركیا و ئێران و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە، ئەوان  دەتوانن هاوكارمان بن. ئەگەر هەموو لایەنەكان بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرن ئەوا بۆ پڕكردنەوەی تەواوی پێداویستییەكانی ئاوارەكان، لە هەردوو دیوە مادیى و ئەزموونەوە هاوكارمان بن. چونكە ئەگەر نەتوانین تەواوی پێداویستییەكانی ئەو ئاوارانە دابین بكەین، ئەوا بێگومان بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا كارێكی ئەستەم دەبێت. وەك ئەوەی لە ڕەمادی ڕوویدا، لەوێ ٢٨٠ قوتابخانە وێران كراوە و بە گوێرەی ئامارەكان سەدا٥٤ـی منداڵی خەڵكی سوننەی عێراق دەستیان ناگات بە خوێندن و پەروەردە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك متمانەی بە حکوومەت نەمێنێت و ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ ئەو كەسانەی كە هەست و سۆزی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن. هەربۆیەش بە بڕوای من ڕەهەندە مرۆییەكانی شەڕی مووسڵ زۆر لە ڕەهەندە سەربازییكانی گرنگترە.

 

ــ ئایا هیچ پێشكەوتنێك هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە كێشەی كەركووك؟

هێمن هەورامى: سەبارەت بە كەركوك ئێمە هێشتا پابەندین بە مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە پێویست دەكات سێ هەنگاو بگیرێتە بەر لە ئاسایی كردنەوە و ئەنجامدانی ڕاپرسی. بەڵام بە داخەوە حکوومەتی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٧)ـەوە كار بەم مادەیە ناكات كە ئەمەش یەكێكە لە سەرچاوەی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا. بۆیە قۆناغی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركوك بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ئێمەش ئامادەسازی دەكەین بۆ ڕاپرسی، چونكە پێویستە خەڵكی كەركوك بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. هەروەك دەزانن لەڕووی جوگرافی و  میژوییەشەوە كەركووك بەشێكە لە كوردستان. كەركوك شارێكی مۆزاییكیە و نامانەوێت بە هۆی ئەو هێزەی كە ئێمە لە كەركوك هەمانە بە هیچ شێوەیەك ئەو مۆزاییكە تێك بدەین. كەركووك شارێكی كوردی نییە، بەڵكو شارێكی كوردستانییە و شارێكی عێراقییە. لە شارەكەدا شان بە شانی كوردەكان عەرەب و توركمانیش ژیان بەسەر دەبەن. وە بەشێكی زۆری ئەو پێكهاتانە لەگەڵ ئەوەن كە كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كەركووك ئایا كێ ئەو شارەی پاراست؟ سوپای عێراق لە پڕ توایەوە، گەورەترین فیرقەی سەربازی عێراق بە ناوی فیرقەی ١٢ لەوێ بوون كە هەر هەمویان ڕایان كرد. ئەوە پێشمەرگە بوو كە لەوێ كوردەكان  و عەرەب و توركمانەكانیشی پاراست لە دەستی داعش. هەر سیناریۆیەك لە ئارادابێت، پێویست دەكات بە ڕەچاو كردنى تایبەتمەندییەكانی ئەو شارە، كەركوك ستاتۆیەكی تایبەتی هەبێت.

 

ــ گەر حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا  ئەو ڕاپرسیە ئەنجام بدات، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەری كێشەكان؟ 

هێمن هەورامى: سەبارەت بەمە ئێمە داوامان لە بەغدا كردوەە ئەم ڕاپرسییە بە ئەنجام بگەیەنرێت و ئێمە ئامادەگی خۆمان دەربڕیووە. هەروەها ڕامانگەیاندووە كە پێویستە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت. ئێمە نامانەوێت تاك لایەنە بە ئەنجامی بگەیەنین، بەڵام پێویستە بەغدا لە زەروڕەتی ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییە تێبگات. هەروەها پێویستە كە چارەنوسی كەركوك لە لایەن كەركوكیییەكان خۆیانەوە دیاری بكرێت. بۆ ئەمەش پێویستە هەلێكی دیموكراسییانە بۆ كەركوكییەكان بڕەخسێنین.

 

ــ سەبارەت بە نەوت، ئایا گەیشتونەتە هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا؟ بابەتی پەنجابەپەنجاکەی نێوانتان چی بەسەرا هات؟

هێمن هەورامى: ئەو ڕێككەوتننامەیە تەواو بووە و ئێستا  لە ئەرزی واقیعدا كاری پێدەكرێت. نەوتی كەركوك لە ژێر چاودێری كۆمپانیای نەوتی باكور لە ڕێگەی بۆڕییەوە هەناردەی توركیا دەكرێت. پێم وایە ڕێژەی بەرهەم هێنان لە ئێستادا گەیشتۆتە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا. داهاتەكەشی دوای ئەوەی بەشی ئیدارەی كەركوكی لێ دەردەهێنرێت،  بە ڕێژەی ٥٠بە٥٠ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دابەش دەكرێت. 

 

ــ باس لەوە دەكرێت كە نەوتی كەركووك نەك لە ڕێگای بۆرییەوە بۆ توركیا، بەڵكو لە ڕێگای تانكەرەوە  بۆ ئێران ڕەوان دەكرێت، ئەمە تاچەند ڕاستە؟

هێمن هەورامى: بەڵێ هەوڵێكی لەم جۆرە هەبوو، بەڵام ئێمە لە دژی وەستاینەوە، چونكە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگای تانكەرەوە ڕێگەیەكی شەفاف نییە.

 

 

ــ ئاخۆ بەغدا ئەم داواكارییەی پێشكەش كرد؟

هێمن هەورامى: نەخێر لە لایەن بەغداوە نەبوو، بەڵكو لە لایەن بەشێك لە حیزبە كوردییەكانەوە پێشكەش كرابوو. بە تایبەت لە لایەن حیزبەكانی سلێمانییەوە. بەڵام ئێمە لە دژی ئەوە وەستاینەوە، چونكە وەك باسم كرد ئەمە ڕێوشوێنێكی شەفاف و گونجاو نییە. هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە باشترین و تەندروستترین ڕێوشوینی هەناردەكردنە. هەروەها لە ڕوانگەی تێچوشەوە، هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تانكەرەوە ڕێگەیەكی مەنتیقی نییە.

 

ــ باست لە سلێمانی كرد، لەم دواییانەدا لە لایەن بەشێك لە حیزبەكانی ئەوێ داواكارییەك پێشكەش كرا بۆ لامەركەزییەت لە حوكمڕانی ئیداری، بە بڕوای ئێوە ئەمە چۆن لێك دەدرێتەوە؟

هێمن هەورامى: ئێمەش یاسای لامەركەزییەتمان هەیە، بە گوێرەی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان بە ڕەچاو كردنی تایبەتمەندییكانیەوە هەرێمێكی فیدراڵە لە چوارچێوەی عێراقدا. سنوورەكانی ئەم هەرێمەش زۆر ڕوون و ئاشكران و لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی پێكدێت. لە چوارچێوەی ئەم سنورە  بە گوێرەی یاسا ڕێگە دراوە بە ئەنجومەنە لۆكاڵەكان پەیڕەوی لامەركەزییت بكەن لە ئیدارەدا. ئەمەش مانای ئەو نییە كە ئەمە ڕێگە خۆشكەر بێت بۆ چونە دەرەوە لە سنورەكانی هەرێم.

 

ــ كەواتە هەولێر ئەم مافە بە سلێمانی دەدات؟

هێمن هەرامى: ئەمە مافی خۆیانە و لە لایەن یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە پێیان دراوە. بەڵام كێشەی سلێمانی ئەمە نییە، بەڵكو كیشەیەكی ترە، ئەویش بریتیە لەو ململانێیەی كە لە نێوان گۆڕان و یەكێتیەوە لە ئارادایە و لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی ناگەن بە ڕێككەوتن، كە ئەمەش كێشەی نێوان دوو پارتی سیاسییە. 

ــ دوای ئەوەی ڕێگە نادرێت بە حەشدی‌شەعبی كە بڕۆنە  ناوەوەی مووسڵ، لە ئێستادا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە بچنە ناو شاری تەلەعفەری توركمان نشینەوە. بە بڕوای ئێوە ئەمە مەترسییەك نییە لەسەر چارەنوسی ئەم شارە و دانیشتوانەكەی؟

هێمن هەورامى: مەترسی تۆڵەسەندنەوە مەترسییەك نییە كە بە تەنها پەیوەست بێت بە حەشدی‌شەعبییەوە، بەڵكو مەترسییەكە بەشێك لە خەڵكی ناو سوپای عێراقیش دەگرێتەوە. لە ماوەی سەرهەڵدانی داعشدا خەڵكێكی زۆر تیاچوو. بۆیەش مەترسی تۆڵەسەندنەوە ئەگەرێكە و هەمیشە چاوەڕوانی ڕوودانی دەكرێت. نموونەی ئەمەشمان لە كاتی ئازادكرنی فەللوجە و ڕومادی و تكریت بینی. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە بە دوور بخەینەوە پێویستیمان بە پلانێكی تۆكمە هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی واقیعی بین پێویستە هەمیشە باس لە بونی ئەم جۆرە مەترسییە بكەین. تەلەعفەر ناوچەیەكە كە زۆرینەی دانیشتوانی بریتین لە توركمانەكان بەڵام بەشێك لەوانە بریتین لە توركمانی شیعە مەزهەب كە لە ئێستادا خۆیان لەناو حەشدی‌شەعبیدا دەبیننەوە. بەشێكی تریان لە توركمانە سونەنە مەزهەبەكان پێكدێن كە زۆربەیان خۆیان لە ناو داعشدا بینییەوە. واتە ئەمە كێشەیەكە لە ناو كۆمەڵگەی توركمانی و پەیوەستە بەوەی ئاخۆ دەتوانن جارێكیتر بەیەكەوە لەژێر یەك چەتر ژیان بەسەر ببەن یاخود نا. لە لایەكیتر توركمانە شیعەكانی تەلەعفەر دوچاری پاكتاوی مەزهەبی بونەوە لە لایەن داعشەوە، بۆیە دەكرێت چاوەڕوانی ئەوە بین كە ئەوانە لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ تەلەعفەر بە هەمان شێوە ڕەفتار بكەنەوە. بۆیەش وا پێویست دەكات كە زۆر بە وردییەوە هەڵسوكەوت بكەین و گشت لایەكمان بە هەست كردن بە بەرپرسیارەتەوە ڕەفتار بكەین.

 

ــ  ئایا بەغدا هیچ جۆرە كاردانەوەیەكی هەبووە لە ڕوداوەكانی هاوشێوەی ئەوە لە پێشوتر؟

هێمن هەورامى: نەخێر، ئەمە شتێكی شاراوە نییە كە دەزگا فەرمییەكانی بەغدا لاوازن بۆیەش شتێكی لەم بابەتە ڕوینەداوە. ئایا حەشدی‌شەعبی بۆ دروست بوو؟ چونكە دەزگای سوپا هەرەسی هێنا، هەربۆیەش حەشدی‌شەعبی لە زۆربەی شەڕەكان لە سوپای عێراقی زۆر كاریگەرتر بووە.

 

ــ  سەركردەكانی حەشدی‌شەعبی چەندین جار وەك بەهێزترین هێزی چەكداری عێراق ڕێزیان لێنراوە، ئێوەش هاوڕان لەگەڵ ئەمە ؟

هێمن هەورامى: لێرەدا پێویستە جیاوازییەك هەیە ڕەچاو بكرێت، لە نێو حەشدی‌شەعبیشدا سێ گروپی جیاواز هەن. یەكەمیان ئەوانەن كە زۆر ڕاستگۆن و ئەو ئەركەی كە پێیان ڕادەسپێردرێت زۆر بە جوانی جێبەجێی دەكەن. بەڵام لە هەمان كاتدا هەر لە ناو حەشدی‌شەعبی چەندان چەتەی تێدایە كە ناوی حەشدی‌شەعبی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار دەهێنن.  لاوازی دەزگا دەوڵەتییەكانی عێراق وایكرد كە دادپەروەری جێبەجێ نەكرێت و ئەوانەی كە یاسایان پێشێڵ كردووە سزا نەدرێن.

ــ گوایە شنگال هێزی سەر بە پەكەكەی لێیە كە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پاڵپشتی مادی دەكرێن، ئاخۆ ئەمە تا چەند ڕاستە؟

هێمن هەورامى: پەكەكە پێویست ناكات نە لە شنگال نە لە ناو عێراقدا بونیان هەبێت و چەندین جاریش ئەمەمان دووپات كردۆتەوە. لەسەرەتادا هێزەكانی یەپەگە لە سوریا هاوكاری ئەو خەڵكەیان كرد كە لە شنگالەوە ڕاینكردبوو لە دەستی داعش، ئێمەش سوپاسگوزاری خۆمان بۆ ئەم هەڵوێستە دەربڕی. بەڵام لە ئێستادا بونی پەكەكە لە شنگال شتێكی پێویست نییە و ئەگەر بە دوای كێشەدا نەگەڕێن پێویستە لە شنگال بچنە دەرەوە. بابەتێكی تر كە نیگەرانی ئێمەی لێ كەوتووەتەوە ئەوەیە كە بەشێك لە پەكەكە بە ناوی حەشدی‌شەعبییەوە پارە و موچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، بۆیەش پێویستە پەكەكە بەبێ ئەوی هیچ كێشەیەك بنێتەوە لەو ناوچانە بچنە دەرەوە.

 

وەرگێڕان: لاتاو بارزان مەلا خالید

هەواڵی پەیوەندیدار