٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامى: ڕیفراندۆم تاکە دەرچەیە و، گەل دەبێ بڕیار بدات

سەرچاوە: KDP.info

ئیستانبوڵ-KDP.info-  هێمن هەورامى لە پانێڵێكى تایبەتى کۆڕبەندی 'شەرق'ـدا، ڕایگەیاند گەر بمانەوێت عێراقێكى ئارام لە دواى داعش ببینین، دەبێت لەسەر جۆرى پێكهاتە و خواستى عێراقییەكان بنیادى بنێینەوە. ئێمە لە هەرێمى كوردستاندا ڕیفراندۆم بە تاكە دەرچە دەزانین و گەل بە خۆی دەبێت بڕیار بدات. هەروەها ئەوەشى گوت نابێت دووبارە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بدرێتەوە دەست ئەو حوكمڕانانەى كە ناوچەكەیان گەیاندە ئەم تەنگەژەیە.

لە چوارچێوەى ئەو بانگهێشە فەرمییەى كەلە لایەن کۆڕبەندی شەرقەوە ئاراستەى پارتى دیموكراتى كوردستان كرابوو، بۆ مەبەستى ئەنجامدانى كۆنفرانسێك لە ژێرناونیشانى (ڕوانگەیەك بۆ سیستەمى نوێى ناوچەكە پاش تەنگەژەكانى ئێستا) لەسەر پرسى سووریا و عێراق و حوكمڕانىی ناوچەكە لە ئایندەدا. (هێمن هەورامى) ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان، بەنوێنەرایەتى پارتیەوە بەشدارى كرد لەو كۆنفرانسەدا.

لە چوارچێوەى ئەو كۆنفرانسەدا چەندین پانێڵى جوداجودا لەسەر پرسەكان بەستران، لە پانێڵى سێیەمدا كە تایبەت بوو بە هەوڵە هەرێمییەكان لە داڕشتنەوەى سیستەمى نوێى ناوچەكەدا، هەورامى لەگەڵ چەند سیاسیەك و ئەكادیمیەكى (سعودى ـ تورك ـ میسرى ـ عێراقى ـ نەمساوى) بابەتێكى پێشكەشى ئامادەبوان كرد. هێمن هەورامى ڕوانگەى كوردى لە هاتنە ئاراى سیستەمى پۆست سایكس‌پیكۆ و شكستى دەوڵەتانى ناوچەكە و تێكچوونى ڕیزبەندییەكان و شكستى هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، خستەڕوو وەك پڕ ناكۆكیترین ناوچەى جیهان و ململانێى پڕۆژەكانى شیكردەوە. دواتر هەورامى ڕۆڵى  سەرۆك بارزانى و هەرێمى كوردستانى لەو بارەوە بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و ڕایگەیاند: "لە سەرەتاى دروستبوونى ئەم ڕەوشەوە هەرێمى كوردستان ڕۆڵى چارەسەرى بینیوە و لەو بەینەدا قوربانییەكى زۆریشی داوە، بۆیە دەبێت پێگەى هەرێمى كوردستان لە داڕشتنەوەى سیستەمى نوێى ناوچەكە ڕۆڵێكى دیارى پێ بدرێت، چونكە نادروستیى سیستەمى حوكمڕانى هەندێك لە دەوڵەتانى ناوچەكە ئەم تەنگەژەیان خوڵقاندووە، نابێت دووبارە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ بدرێتەوە دەست ئەو جۆرە حوكمڕانانەوە. لە بەشێكى دیكەى قسەكانیدا هەورامى باسى لە ئایندەى هەرێمى كوردستان كرد كە تاكە دەرچەى بۆ ئارامى عێراقى نوێى بەندە بە بنیادنانەوەى  عێراقێك كە لەسەر بەنەماى پێكهاتە و خواستى عێراقكییەكان بێت، ئێمە لە هەرێمى كوردستان ڕیفراندۆم بە تاكە دەرچەى دەبینین و دەبێت گەل بە خۆی بڕیار بدات. 

چونكە ئەزموونى ١٠ ساڵەى ڕابردوو سەلماندى عێراقى فیدڕاڵ تەنها لەسەر پەڕە دەستوورییەكانە، بە کردەوە، عێراق عێراقى تاكڕەوییە، هەر ئەمەش وای كرد كە تەنگەژەیەكى وەها بكەوێتەوە كە ئێمە لێرەدا كۆ بكاتەوە بۆ چارەسەركردنى.

 

سەنگەر هەورامى

هەواڵی پەیوەندیدار