هەورامى: هەر هێزێک لە دەرەوەى وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە بێت، لە هەرێم رێگە نادرێت بەشداری شەڕی مووسڵ بکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ (هێمن هەورامى) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى لە پیرمامدا پێشوازیى لە باڵیۆزى بەریتانیا لە تورکیا (ڕیجارد مۆر) و (جۆن شارپ) کاربەڕێکەرى کونسووڵى بەریتانیا لە هەولێر و (جەیمس فۆرد) بەرپرسى بەشى سیاسیی باڵیۆزخانە دەکات.
هێمن هەورامى ڕەوشى سیاسیی هەرێمى کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداى بۆ شاندى میوان خستە ڕوو؛ "پارتى دیموکراتى کوردستان تەواوکەرى ئەو سیاسەتە دەبێت کە کار بۆ بنبڕکردنى تیرۆر لە ناوچەکە دەکات و، ڕەوشی سیاسیى هەرێمى کوردستانیشی بەستەوە بەو ڕێککەوتنەى کە لە سەرەتاى پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە لەسەرى ڕێک کەوتبوون لایەنە سیاسییەکان، ئەو لایەنە سیاسییانەى کە پەیوەست نەبوون بەو ڕێککەوتنەوەوە هەڵگرى وەڵامى پشێوییەکان دەبن."
سەبارەت بە هەولێر و بەغدایش هەورامى ڕایگەیاند کە تێگەیشتنێکى باش هەیە لە نێوان هەردوو لا بۆ شەڕی ئازادکردنەوەى مووسڵ و لە هەولێرى پایتەخت سەنتەرى هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان پێک هێنراوە و، لەو سەنتەرەوە شەڕەکە ئاراستە دەکرێت.
بەرپرسى پەیوەندییەکان ڕایشیگەیاند کە هەر هێزێک لە دەرەوەى وەزارەتى بەرگریی عێراقدا بێت ڕێگەى پێ نادرێت لە هەرێمى کوردستانەوە بەشدار بێت لەو شەڕەدا.
بەشێکى دیکەى دانیشتنەکە پێک هاتبوو لە مەسەلەى ئاشتى لە تورکیا و هێووربوونەوەى ڕەوشى نێوخۆى ئەو وڵاتە کە پارتى دیموکراتى کوردستان بە جدى کار بۆ ئەو مەسەلەیە دەکات.
(ڕیجارد مۆر) باڵیۆزی بەریتانیا لە تورکیا باسى لە ڕۆڵى هەرێمى کوردستان کرد لە ناوچەکەدا؛ ڕایشیگەیاند کە هەر ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەى هەرێمى کوردستانە کە وەهای کرد من بێمە هەرێمى کودرستان. بۆیە دەبێت هەرێمى کوردستان ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە پرۆسەى ئاشتى دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش پێویستى بە ڕۆڵى سەرۆک 'بارزانی'ـیە.
مۆر لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوە کرد کە بەریتانیا بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ هەموو هاوکارییەکى سەربازى و مرۆیى پێشکەش بە هەرێمى کوردستان دەکات.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
