٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

نوێنەرى یوئێن: هەرێمی کوردستان بە ئاشتیانە کار بۆ ئامانجەکانی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هێمنی هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە (ڕیکاردۆ ڕودرگیز) بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا نوێنەری یوئین رایگەیاند کە هەرێم بە ئاشتیانە کار بۆ ئامانجەکانی دەکات.

هەورامی بە وردی باسی سەردانەکەی بەغدای جەنابی سەرۆک بارزانی و شاندە پایەبەرزەکەی هەرێمی کوردستان کرد؛  هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی بە چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستانەوە. شاندی هەرێمی کوردستان چەندین دیداری و کۆبونەوەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومی و حیزبی عێراقدا دەبێت بە کوتلە پەرلەمانیەکانیشەوە.  تەوەری سەرەکی سەردانەکە گفتوگۆیە لەسەر شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ و ئەو کارەساتە مرۆییانەی کەلە ئەنجامی ئازاد کردنی مووسڵدا چاوەڕێ دەکرێت  و بەڕێوەبردنی مووسڵ دوای داعش.

لە درێژە دیدارەکەدا هەورامی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی جەنابی سەرۆک و شاندی یاوەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەمەولای هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەی داوە کە عێراقی دوای داعش دەبێت جیاواز بێت و گەلی کوردستان بڕیاری چارەنوسی خوی بدات، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ دەستی پێکردوە و لێکتێگەیشتنی باشیش هەیە و هیواخوازین بتوانین بە دیالۆگ و ئاشتیانە بگەینە ئەنجام کە لە بەرژەوەندی سەقامگیری  و ئاشتی ناوجەکە بێت. لە 100 ساڵی ڕابردودا گەلی کوردستان نەهامەتییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و هەموو سیستەمەکانی حوکمڕانی عێراق شکستیان هێنا و ئێستا عێراق پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلیەت هەیە، لەو پرۆسەیەشدا گەلی کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراقدا هەبێت. 

 ڕیکاردۆ ڕودرگیز خۆشحاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی خستە ڕوو بۆ سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا؛ ئاماژەی بەوەیش دا ئەم سەردانە ئەوە دەسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان ڕێگای ئاشتی دەگرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی و ئێمەش هەموو پشتیوانی و پاڵپشتییەک لەو هەنگاوانەیان دەکەین؛ هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

ڕودرگیز دووپاتی کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ ئاسانکارییەکی زیاتر و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان و، هەر ئەرکێکی تریشیان پێ بسپێردرێت، ئامادەنە.

هەواڵی پەیوەندیدار