هۆڵەندا: هەرێمى كوردستان نموونەیەكى جوانە لە فرەحزبى و دیموكراسیدا

هەولێر-KDP.info- ئەمرۆ لە پیرمام هێمن هەورامى ئەندامى ئەنجوومەنى سەركردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشوازیی لە كونسووڵى نوێى وڵاتى هۆڵەندا (جانێت ئەلبێردا) كرد.
لە سەرەتاى دانیشتنەكەدا هەورامى بە ناوى سەركردایەتیی پارتییەوە بەخێرهاتنى كونسوڵى نوێى هۆڵەندای كرد و ڕایگەیاند كە پارتى هەموو جۆرە پشتگیرییەكى كونسووڵ دەكات لە كارەكەیان لە هەرێمى كوردستان. بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى كورتەیەكى لە ڕەوشى سیاسى و شەڕى داعشى بۆ كونسووڵى نوێى هۆڵەندا خستە ڕوو كە دیدگاى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكانى هەرێمى كوردستان دیدگایەكى دیموكراسیانەیە و هەموو قوربانى و خەباتى پارتەكەمان بۆ هێنانەدى دیموكراسى بووە.
هەروەها بۆ سەقامگیرتركردنى ناوچەكە جەنابى سەرۆك بارزانى لە ئایندەیەكى نزیكدا سەردانى بەغدا دەكات بۆ چۆنیەتى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ و ئیدارەكردنى مووسڵ لە دواى ئازادكردنى.
سەبارەت بە پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدایش، هەورامى گوتى ئێمە تا ئێستاش پابەندى دەستورى عێراق بووین، بەڵام بەغدا هیچ مانایەكى بۆ دەستور نەهێشتووەتەوە، بۆیە ئیتر كاتى ئەوەیە گەل بڕیارى خۆى بدات. لە بەشێكى دیكەى قسەكانى هەورامیدا سپاسى وڵاتى هۆڵەنداى كرد بۆ ئەو هاوكارییە سەربازى و مرۆییانەى كە پێشكەشى هەرێمى كوردستانى كردووە و هیواى خواست بەردەوام بن لە هاوكارییەكانیان.
جانێت ئەلبێردا خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ ئەو پێشوازییەى پەیوەندییەكانى و سەرسامى خۆى بۆ ئاسایش و ئارامى و سیستەمى حوكمڕانى هەرێمى كوردستان خستە ڕوو و ڕایگەیاند هەرێمى كوردستان نموونەیەكى جوانە لە فرە حزبى و دیموكراسیدا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. دواجار هەردوو لا هیواى بەردەوامى دیدارى نێوانیان خواست.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
