بارزانی: ئێمه و فه‌ڕه‌نسا به‌هاکانمان یه‌کن، ئاشتی، دیمۆکراتی و پێکه‌وه‌ژیان.. نیگه‌رانم بۆ پاشه‌ڕۆژی کوردانی ڕۆژئاوا

پاریس-KDP.info- سه‌رۆك بارزانی به ڕۆژنامه‌ی لۆمۆندی فه‌ڕه‌نسایی راگه‌یاندووه، كه هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌هاكانیان یه‌كن، كه ئاشتی و دیمۆكراتی پێكه‌وه‌ژیانه. دوژمنێكی هاوبه‌شیشیان هه‌یه كه وێكڕا دژی ده‌جه‌نگن كه تیرۆره. (سه‌رۆك بارزانی) ده‌رباره‌ی پرسی ڕۆژئاوای كوردستانیش نایشارێته‌وه كه، چونكه په‌یه‌ده نه‌یتوانی كۆی هێزه سیاسییه‌كان كۆ بكاته‌وه و پێكه‌وه ئیداره‌ی ڕۆژئاوا بده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی په‌كه‌كه پێڕۆ ده‌كات، ئه‌وا نیگه‌رانه له پاشه‌ڕۆژی کورده‌کان له سووریا.
سه‌رۆکی هه‌رێمی هه‌رێمی کوردستانی عێراق (مه‌سعوود بارزانی) له 8ی مانگی نۆ له سه‌ردانی فه‌ره‌نسای كرد. ئاماده‌کردنی شه‌ڕی رزگارکردنی مووسڵ، که له مانگی شه‌شی 2014 وه له‌ژێر ده‌ستی رێکخراوی داعشدایه، بابه‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه بوو که له‌گه‌ڵ (سه‌رۆک فرانسوا ئۆلاند) و وه‌زیری به‌رگری (ژان ئیڤ لودریان) و وه‌زیری ده‌ره‌وه (ژان مارک ئایرۆ)، به‌ڕێوه چوو. ڕۆژنامه‌ی لۆمۆندی فه‌ڕه‌نسایی 8ی ئه‌م مانگه دیدارێكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی هه‌رێمی کوردستانی عێراق (مه‌سعوود بارزانی)دا ساز داوه و ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
داواکارییه‌کانتان له فه‌ڕه‌نسا چیی بوون؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئـێمه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزمان هه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسادا. ئێمه له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسادا پێکه‌وه له یه‌ک جه‌نگداین به‌رانبه‌ر به هه‌مان دوژمن: تیرۆریزم. ئێمه هه‌ردوولامان به‌هاکانمان یه‌کن، ئاشتی، دیمۆکراتی و پێکه‌وه‌ژیان. پێشمه‌رگه‌کان (هێزی کورد) له هێڵی پێشه‌وه‌ن له جه‌نگدا دژی داعش، ئه‌مه‌ش خۆشبه‌ختانه به یارمه‌تیی هاوپه‌یمانانیی نێوده‌وڵه‌تی که فه‌ڕه‌نسایش یه‌کێکه له‌و هاوپه‌یمانانه. ئێمه ئه‌و پێکه‌وه کارکردنه به‌هێزتر ده‌که‌ین به مه به‌ستی رزگارکردنی مووسڵ. ئه‌مه خاڵی سه‌ره‌کییه. فه‌ڕه‌نسا پێشتریش زۆر یارمه‌تی داوین و به‌رده‌وامه به ناردنی ته‌قه‌مه‌نی و پسپۆڕ بۆ لای پیشمه‌رگه‌کان زیادکردنی لێدانی هێزه ئاسمانییه‌کانی.
ئێوه ده‌ستتان کردووه به گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌لاتدارانی به‌غدا به مه‌به‌ستی دانانی پلانێک بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ بجه‌نگێن، گوتووێژه‌کانتان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌کن؟
(سه‌رۆك بارزانی): نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێمه، به‌لای هه‌مووانه‌وه مووسڵ گرینگه. پێکه‌وه‌کارکردنمان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراقی باشه. ئه‌م گفتوگۆیانه دوو روواڵه‌تیان هه‌یه، لایه‌نێکی سه‌ربازییه و ئه‌وی تریان سیاسی. رێکكه‌وتنێک کرا له سه‌ر لایانه سه‌ربازییه‌که، به‌ڵام هێشتا رێکكه‌وتنی سیاسی وجودی نییه. بێ رێکكه‌وتنی سیاسییش، جه‌نگی مووسڵ وجودی نییه.
له ئاسته سه‌ربازییه‌که‌دا له‌سه‌ر چیی رێکكه‌وتن؟
پێشمه‌رگه و هێزه‌کانی عێراق له‌م جه‌نگه‌دا رۆڵی سه‌ره‌کییان ده‌بێت. به‌شداریکردنی چه‌کداره‌کانی ناوچه‌کان په‌یوه‌ندی هه‌یه به ره‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی عێراقه‌وه. مووسڵ ده‌که‌وێته ناوچه‌ی چه‌کداره سوننه‌کانه‌وه. ئه‌مه‌ش ئاساییه که ئه‌م چه‌کدارانه به‌شدار بن. هه‌رچیی پێوه‌ندی به چه‌کدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه هه‌یه (که به زۆری پێک هاتوون له چه‌کدارانی شیعه‌مه‌زه‌ب)، پێویسته ره‌زامه‌ندیی دانیشتووانی ناوچه‌که وه‌ربگیرێت بۆ به‌شداریكردن یان نه‌كردنیان. ئه‌گه‌ر ئه‌وان رازی بن ئێمه‌یش رازین، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگییه‌ک و پێکه‌وه کارکردنێک هه‌بێت له نێوان سوننه‌کان و شیعه‌کاندا، ئه‌گه‌رنا کۆتایی ئه‌م جه‌نگه دیمه‌نێکی جوان نابێت که شایانی ئه‌وه بێت ته‌ماشا بکرێت.
ئایا ئێوه رێگه ده‌ده‌ن که هێزه‌کانی عێراق له به‌ره‌ی باکوور و رۆژهه‌ڵات خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه؟
(سه‌رۆك بارزانی): پلانێکی سه‌ربازی هه‌یه که ئێمه رێزی لێده‌گرین. بۆ شه‌ڕکردن به‌رانبه‌ر به داعش، ئێمه ئه‌وه‌نده ده‌که‌ین که له تواناماندایه بۆ یارمه‌تیدانی هێزه‌کانی عێراق.
مه‌ترسیی ئه‌وه‌تان هه‌یه که هێزه‌کانی عێراق له "ناوچه دابڕاوه‌کان" له باکووری عێراق که ئێوه ئازادتان کردن، خۆیان جێگیر بكه‌ن؟
(سه‌رۆك بارزانی): پێویستمان به رێکكه‌وتنێک هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه. پێشمه‌رگه‌کان ئاماده‌ن له‌و ناوچانه بۆ پاراستنی دانیشتووانه‌کانیان، که‌واته پێویست ناکات که هێزه‌کانی عێراق له‌و ناوچانه‌دا خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه. بۆ ناوچه دابڕاوه‌کان ده‌بێ ریفراندۆمێک جێبه‌جی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی که دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه رای خۆیان بده‌ن ده‌رباره‌ی به‌ستنه‌وه‌یان به حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه. بڕیاردان به ده‌ست ئه‌وانه. کوردستانی عێراق هێڵێکی سووره پاش جه‌نگه‌که که‌س تیێدا نامێنێته‌وه چ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بێت یان هێزه‌کانی عێراق.
له‌م جه‌نگه‌دا بڕیاره که پێشمه‌رگه‌کان بچنه ناو مووسڵه‌وه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئێمه ئه‌و ئامانجه‌مان نییه، ئه‌مه له رێکكه‌وتنه‌که‌دا ره‌چاو نه‌کراوه. له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندی هه‌یه به بارودۆخی شه‌ڕه‌که‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێمه بچینه ناویشیه‌وه، تێیدا نامێنینه‌وه.
له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک لایانه سیاسییه‌که‌ی رێکكه‌وتنه‌که دامه‌زرێندراوه؟
(سه‌رۆك بارزانی): تا ئێستایش گفتوگۆکان هه‌ر له بواری سه‌ربازیدان، مانگی دابێ ئه‌م گوتووێژانه چڕوپڕتر ده‌بن له به‌شه سیاسییه‌که‌ی رێکكه‌وتنه‌که. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به باری به‌رێوه‌بردن (ئیداره‌دان)ی شاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو که‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌کان و ئایینه‌کان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که ئه‌و که‌مایه‌تیانه بتوانن ناوچه‌کانی خۆیان بپارێزن. ئێزدییه‌كان و مه‌سیحییه‌کان ئه‌و که‌مایه‌تیانه بوون که زۆرترین ئازاریان چه‌شت به ده‌ستی (داعش)ه‌وه. ده‌بێ یارمه‌تیی مه‌سیحییه‌کان بدرێت که بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌کانی خۆیان، بێ ئه‌وه‌ی بکه‌ونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه. ده‌بێ رێکكه‌وتنێک بکرێت له نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدادا، بۆ دابینکردنی ئه‌منیه‌تی ئه‌و مه‌سیحیانه له حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی. ئێمه گوتووێژ ده‌که‌ین له‌سه‌ر رۆڵی پێشمه‌رگه‌کان و هێزه ئاسایشییه‌کانی عێراق دوای داعش.
رێکكه‌وتنه‌که‌ی مووسڵ مه‌رجدار ده‌بێ، به‌و جیاوازیانه‌ی که هه‌ن ده‌رباره‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان، له هه‌مان کاتدا ناردنی پاره‌ی ده‌سکه‌وته‌ی نه‌وت له نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و حکوومه‌تی مه‌رکه‌زیدا؟
(سه‌رۆك بارزانی): ده‌ستووری عێراقی ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کردووه که چۆن ده‌بێ ئه‌مه به‌ڕێوه ببرێت؛ رێکكه‌وتنێک هه‌یه له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وتی نه‌وت و گازی سروشتی، هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ناوچه دابڕاوه‌کانه‌وه هه‌یه، ئێمه پابه‌ند ده‌بین به ده‌رئه‌نجامی (ریفێراندۆم)ێك.
ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ئاشکرا کراوه، که پێش کۆتاییی ئه‌مساڵ مووسڵ رزگار ده‌کرێت، به رای ئێوه ئه‌مه کارێکه ئه‌نجام ده‌درێت؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئه‌گه‌ر پێشتر رێکكه‌وتنێکی سیاسی هه‌بێت، به‌ڵێ. ئێمه گه‌شبینین، به‌و جۆره هه‌وڵ ده‌دین که ئه‌م حاڵه‌ته بێته دی.
تورکیا، که په‌یوه‌ندییه‌کی باشتان هه‌یه له‌گه‌ڵیدا، جێ پێی سه‌ربازیی خۆی به‌هێزتر کرد له‌و ناوچه‌یه‌دا که له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئێوه‌دایه، له هه‌مان کاتدا یارمه‌تیی چه‌کدارانی ناوچه‌که ده‌دا، ئایا به‌شدار ده‌بێت له شه‌ڕی مووسڵ؟
(سه‌رۆك بارزانی): له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که تورکیا به‌شدار بێت له شه‌ڕی مووسڵدا، به‌ڵام ده‌توانێت یارمه‌تیی ئه‌و هێزانه بدات که به‌شدارن. به‌شداریکردنێکی راسته‌وخۆ پێویست ناکات و حکوومه‌تی عێراق دژی ئه‌مه‌یه. له هه‌مان کاتدا تورکیا ناخوازێت بچێته ناو مووسڵه‌وه. له سه‌ره‌تای جه‌نگی دژ به داعشه‌وه، تورکیا دوو بنکه‌ی هه‌بوو بۆ راهێنان و فێرکردنی هێزی پۆلیس و ئه‌و سوپایه‌ی که له مووسڵ رایکردبوو، له هه‌مان کاتدا بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌و که‌سه خۆبه‌خشانه‌ی که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی (ئیداره‌دان)ی شاره‌که (له پاش رزگارکردنی). ئێستا تورکه‌کان یه‌ک بنکه‌یان هێشتووه‌ته‌وه ئه‌ویش به ره‌زامه‌ندیی به‌غدایه.
ڕای ئێوه چییه ده‌رباره‌ی چوونه ناوه‌وه‌ی تورک بۆ ناو باکووری سووریا که دژی دروستبوونی هه‌رێمکی سه‌ربه‌خۆ (ئۆتۆنۆم)یی کوردییه؟
(سه‌رۆك بارزانی): نیگه‌رانم بۆ پاشه‌ڕۆژی کورده‌کان له سووریا. پارتی یه‌کێتیی دیموکرات (په‌یه‌ده) ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا، له‌و ناوچه‌یه‌دا په‌یڕه‌وی هه‌مان سیاسه‌تی (په‌كه‌كه) ده‌کات، که تورکیا له شه‌ڕدایه له‌گه‌ڵیاندا. (په‌یه‌ده) سه‌رکه‌توو نه‌بوو له به‌ده‌ستهێنانی به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌کان له باکووری سووریادا. یارمه‌تیی حکوومه‌تی سووریای ده‌دا، بێئه‌وه‌ی که رێكکه‌وتنێک بگونجێنی بۆ پاشه‌ڕۆژی ناوچه کوردییه‌که. نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا رێک بکه‌وێت، ئه‌م بارودۆخه‌ش وا ده‌کات که کورده‌کانی (سووریا) دواڕۆژیان ڕۆشن نییه.
ئێوه بانگه‌شه‌ی رێکخستنی ڕیفرادۆمێک ده‌که‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆییی کوردستانی عێراق. ئایا ئه‌مه ڕه‌چاو ده‌کرێت له کاتێکدا که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی سیاسیی ئاڵۆزه؟
(سه‌رۆك بارزانی): ئه‌مه بابه‌تێکه که زۆر گرینگتره له پارته سیاسییه‌کان و سیاسه‌تمه‌داره‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین کێشه‌ی ناوخۆییش هه‌بن، به‌ڵام سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی نیشتیمانی هه‌موو میله‌ته‌که یه‌کگرتوون. ئێمه له هه‌وڵدانداین بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه ناوخۆییه‌کانی کورستانی عێراق. پێش ئه‌وه‌ی رۆژێک دیاری بکه‌ین، گفتوگۆ ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق بۆ به‌ده‌ستهێنانی تێڕوانینی ئه‌وان.
دیداری: هێڵێن سالۆن.
وه‌رگێڕانی له فه‌ره‌نساییه‌وه: دکتۆر شوان جافه‌ر.
رۆژنامه‌ی لیمۆند. رۆژی 8 ی مانگی نۆی 2016، لاپه‌ره 4.



