هێمن هەورامى: هیچ هێزێك جێگاى دەنگى خەڵك ناگرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكى سەركردایەتىی پارتى دەڵێ هیچ هێزێك ناتوانێت جێگاى دەنگى خەڵكى بگرێتەوە، با هەر هێزێکیش بێت؛ سەرەڕاى ئەوەى لە چەند خاڵێكدا جیاوازیمان هەیە لەگەڵ توركیادا، بەڵام مانەوەى ئەم توركیایەى ئێستا پێوەندییەكانمان بەرەو باشتر دەبات.
هێمن هەورامى ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان لە چوارچێوەى ئەو پەیوەندییە دیپلۆماتیکەى نێوان هەرێمى كوردستان و توركیا، بۆ قسەكردن لەسەر كودەتاكەى 15 تەمووزى توركیا لەگەڵ (جەلال ئەرسلان) جێگیرى كونسوڵى توركیادا كۆ دەبێتەوە.
هەورامى بە ناوى سەركردایەتى پارتییەوە كودەتاچییەکانی 15 تەمووزى توركیای شەرمەزار كرد؛ دیدگاى پارتىی لەو بارەیەوە خستە ڕوو كە نەك لە توركیا لە هەر شوێنێكدا كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دیموكراسىی تێدا بەڕێوە چووبێت، هیچ هێزێك نەیتوانیوە جێگاى دەنگى خەڵك بگرێتەوە، ئەوەى لە توركیاش گوزەشت بەڵگەیەكى باش بوو بۆ ڕەوایەتیى خەڵك لە بڕیارى سیاسیدا.
هەروەها هەورامى ئەوەشى پێ ڕاگەیاندن سەرەڕاى هەمدێك جیاوازى لەگەڵ توركیا، بەڵام توركیاى ئێستا بۆ مەسەلەى كورد و هاوسێیەتى هەرێمى كوردستان لە مێژوودا بە باشترین دەشوبهێنن، چونكە لە هەموو كودەتایەكدا كورد قوربانى یەكەم بووە. هەر لەم ڕوانگەشەوەیە رێڕەوى دیموكراسى لە توركیا نەك بۆ مانەوەى دیموكراسی بەڵكو دەبێت هەنگاوى زیاتر بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنى مەسەلەى كورد و پتەوتركردنى نێوانی هەرێمى كوردستان و توركیا. هەورامى هیواشى خواست هەر جیاوازییەك هەبێت لە توركیادا بە دیالۆگ و دەنگى خەڵك یەكلا بكرێتەوە.
(جەلال ئەرسلان) جێگرى كونسوڵى توركیایش سپاسى هەرێمى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستانى كرد كە بە سەرۆك بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و كاك نێچرڤان بارزانى سەرۆكوەزیرانى هەرێمى كوردستاندا ئەو كارە قێزەونەیان ئیدانە كرد، كە خەریك بوو ببێتە پەڵەیەك بە دیموكراسییەکەی توركیاوە. ئەرسلان پێیشی وایە كە ئاسایش و سەقامی هەرێمى كوردستان و توركیا كاریگەرییان لەسەر یەكتر دەبێت، بۆیە كار بۆ پتەوتركردنى پەیوەندییە ئەمنى و ئابوورى و سەربازییەكانمان دەكەین.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
