٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: هەرێمی کوردستان بۆ پاراستن و سەربەخۆکردنی کوردستان کار دەکات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- سیمینارێكی سیاسی زانستی لەلایەن زانكۆی نەورۆز بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە ژێرناونیشانی (ڕەوشی ئێستای ناوچەكە و دەرفەت و هەڕەشەكانی) بۆ هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكان و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ڕێك خست؛ لەو سیمینارەدا هەورامی دوو ستراتیژیەی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردنەوە؛ پاراستنی کوردستان و سەربەخۆکردنی.

 

هەورامی بە شێوەیەكی زانستیانە ئەو ڕەوشەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە خستە ڕوو، جا بەسەر چەند تەوەرێكدا دابەشی كرد. ئەو بۆشاییە سیاسی و ئەمنییەی كەلە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتووەتە گۆڕێ، ئەم ڕەوشەی درووستكرد. هەروەها ڕەوشەكەش بەرژەوەندی وڵاتانی جیهان و ناوچەكەی خستە مەترسییەوە، هەر بۆیەش پرۆژەگەلێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بلۆكبەندییەكان ڕووی كردە ناوچەكە.

 

 مەبەستی هەورامی لەم ڕوونكردنەوەیەدا ئەوە بوو كە كورد وەك نەتەوە و كوردستان وەك نیشتمان چۆن ئەم پڕۆژانە لە بەرژەوەندیی كورددا بەكار بهێنێت و، لە هەڕەشەكان دوور بخرێتەوە. ئاماژەی بەوەیش كرد كە ئێستا هەرێمی كوردستان لەسەر دوو ستراتیژییەت كار دەكات؛ یەكێكیان پاراستنی كوردستانە و دووەمیشیان سەربەخۆکردنیەتی. بۆ جێبەجێكردنی ئەم دوو ئاراستەیەش ئەقڵێکی مەزنی سیاسی پێویستە و دەبێت یەكگوتاریی ماڵی كوردان و پاراستنی هاوسەنگیی پەیوەندییەكان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەوەی مەبەستە لە ڕێگای سیاسییەوە بێتە دی و كوردستانیش بە تواناكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بپارێزرێت. هەورامی 'سەرۆك بارزانی'ـی وەك پێشەوای ئەم دوو ستراتیژییەتە زانی و بەردەوامیش دەبن تا وەدەستهێنانی.

 

لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە وردی تیشكی خستە سەر ئایندەی عێراق و ئازادكردنەوەی مووسڵ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا.

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار