٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: سەربەخۆیی، لەسیاسەتی پێشینەی كاری دیپلۆماسیی پارتی بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی لە پانێڵێکدا ڕایگەیاند کە سیاسەتی بەرەوسەربەخۆیبردنی هەرێمی كوردستان سیاسەتی لەپێشینەی كاری دیپلۆماسیمان بووە لە ناو پارتییدا.

لە ٤/٥/٢٠١٦ زانكۆی سەلاحەدین سیمینارێکی ڕێک خست لە ژێر ناونیشانی (خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ دۆزە سیاسی و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، زانكۆی سەلاحەدین/ هەولێر/ ٢٠١٦. لەو دیدارەدا پانێڵێكی تایبەت بە (ستراتیژی پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان) وەك یەكەم پانێڵی دیدارەكە پێشكەش كرا، كە لە نێویدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) بەشدار بوو تێیدا و، دیدگای پارتیی لەو بارەیەوە گەیاندە ئامادەبووانی دیدارەكە.

هەورامی گوتی لە سەرەتای بەهارە پڕ خێرەكەی ١٩٩١ـی كوردانەوە تا دەگات بە ئێستا ڕێڕەوی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستانی لەسەر چەند تەوەرێك دابەش كرا؛ ئاماژەی بە ساڵانی پێش ٢٠٠٣ كرد كە پێگەی دیپلۆماسییەتمان لە ئاستێكدا نەبوو كە چووبێتە بابێك لە بابەكانی دیپلۆماسیەتەوە، بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ـوە هەرێمی كوردستان پێی نایە شێوازی پارادیپلۆماسییەوە.
هەورامی ئەوەشی دركاند كە ئەم ستراتیژییەتەی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەوە نەبووە كە تەواوكەری سیاسەتی دەرەوەی ناوەند بین، بەڵكو كارمان لەسەر كێبڕكێیەک كردووە لە دیپلۆماسییەتمان لەگەڵ بەغدادا؛ هەروەها هەندێك جار بۆ دژایەتیكردن و وەستاندنی ئەو بڕیارانەی دەستەڵاتی ناوەند كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نەبوون كارەكانمان خستووەتە گەڕ لە پەیوەندییە دەرەكییەكانماندا.

هەروەها ئەوەشی ڕوون كردەوە كە دەبێت سیاسەتی دەرەوە جودا بكەینەوە لە پەیوەندیی دەرەوە، بۆ ئەوەی سیاسەتمان ڕوونتر بێت و پەیوەندییەكانیشمان فراوانتر بن. بۆیە ستراتیژیییەتی سیاسەتی دەرەوەمان لەسەر سێ بنەما داڕشتووەتەوە؛ ئەویش بریتییە لە ستراتیژییەتی سیاسەتی بەرەوسەربەخۆییبردنە لەسەر فەراهەمكردنی ئاسایشی نەتەوەیی و گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

هەورامی ئەوەشی وەبیر ئامادەبوانی دیدارەكە هێنایەوە كە هەرێمی كوردستان لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئەو ڕۆژهەڵاتەی كە پرە لە ململانێی قووڵی سیاسی و هەرێمی و مەزهەبی و جیۆپۆلۆتیك؛ هەروەك چۆن ئەم ناوچەیە بە پشتوێنی ناسەقامگیری پێناسە كراوە. ئەمەش ئەركە دیپلۆماسییەكان قورستر دەكات لەسەر ئێمە.
لە دیوێكی دیكەی قسەكانیدا هەورامی بە وردی باسی لەو قۆناغانەی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كرد كە بتوانێت بەو سیاسەتە دەستكەوتەكان بپارێزێت و بەرەو ستراتیژییەتە قووڵەكەمان ببات كە سیاسەتی دەرەوەمان پێ دارشتووە. دواجار لەگەڵ پرسیارەكانی ئامادەبوواندا گفتوگۆكە گەرمتر بوو و زیاتر تیشك خرایە سەر ئەو خاڵە لاوازانەی كە ڕێڕەوی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان هێواش دەكەنەوە و بەهێزكردنی خاڵە ئەرێنییەكانیش پلانڕێژ بكرێن.

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار